پارتى به‌ره‌و هاوپه‌یمانێتى  سه‌در و یه‌كێتى به‌ره‌و فه‌تح ده‌چێت کوردستانی

نوچه‌نێت

ئالا تاڵه‌بانى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق راگه‌یاند، هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ له‌لایه‌ن هادی عامرییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، نزیكترینه‌ له‌وه‌ى یه‌كێتى نیشتمانیى هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ بكات و ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ده‌نگۆى بوونى هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌ نێوان پارتى و ره‌وتى سه‌در هه‌یه‌.

ئێواره‌ى دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ شه‌شى حوزه‌یران ئاڵا تاڵه‌بانى دواى سه‌ردانى شاندێكى یه‌كێتى بۆ باره‌گاى هاوپه‌یمانى فه‌تح راگه‌یاند، هه‌ولێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى و فه‌تح هاوپه‌یمانى بكه‌ن.

به‌گوێره‌ى ئه‌و لێدوانه‌ى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى "ناس" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئاڵا تاڵه‌بانى ده‌ڵێ، "له‌گه‌ڵ فه‌تح تاوتوێى هه‌ڵبژاردنمان كردووه‌ و دووپاتمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ كاتى خۆى بكرێت".

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى ئاڵا تاڵه‌بانى باس له‌ هاوپه‌یمانێتى نێوان فه‌تح و یه‌كێتى ده‌كات و ده‌ڵێ، "هاوڕێیه‌ درێنیه‌كانمان له‌ یاد ناكه‌ین و هه‌میشه‌ هاوپه‌یمانن له‌ ئێستا و ته‌نانه‌ت دواى هه‌ڵبژاردنیش، نزیكترین هاوپه‌یمانى و حزب له‌ ئێمه‌ هاوپه‌یمانى فه‌تحه‌".

هاوپه‌یمانى فه‌تح له‌ میدیا عێراقى و عه‌ره‌بییه‌كان به‌ "باڵى سیاسى حه‌شدى شه‌عبى" وه‌سف ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هادى عامرییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت زۆرترین لایه‌نه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ خۆ ده‌گرێت.

تا ئێستا جیا له‌و لێدوانه‌ى ئاڵا تاڵه‌بانى هیچ هه‌نگاوێكى تر بۆ پێكهێنانى  هاوپه‌یمانى له‌ نێوان یه‌كێتى و فه‌تح نییه‌،. له‌به‌رانبه‌ردا چه‌ند رۆژێكه‌ دواى سه‌ردانه‌كه‌ى شاندێكى باڵاى سه‌در بۆ هه‌رێمى كوردستان و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى باسى له‌ هه‌وپه‌یمانى پارتى و ره‌وتى سه‌در ده‌كرێت كه‌ ئه‌و ره‌وته‌ له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ رێبه‌رایه‌تى ده‌كرێت.

به‌گوێره‌ى راپۆرتێك كه‌ ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، نزیكبوونه‌وه‌ى پارتى و سه‌در زۆر روونه‌ و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانى سه‌دریش له‌ لێدوانه‌كانیان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ كردووه‌ته‌وه‌. سه‌كرده‌یه‌كى سه‌در كه‌ ناوى ئاشكراى نه‌كراوه‌ به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ى گوتووه‌ چه‌ند خاڵێكى هاوبه‌ش له‌ نێوان پارتى و ره‌وتى سه‌در هه‌یه‌ له‌وانه‌ كورسییه‌كانیان له‌ په‌رله‌مان جێگیره‌ و قوڕساییه‌كى جه‌ماوه‌رى فراوانیان هه‌یه‌ و لایه‌نگرانیان جێگیرن، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات له‌ داهاتوودا به‌ڕێوه‌بردنى بارودۆخه‌كه‌ به‌ ئاسانى بڕوات ئه‌گه‌رهاتوو ئێمه‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و پارتى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى به‌ده‌ست هێنا".

كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق لێكنزیبوونه‌وه‌ و دروستكردنى هاوپه‌یمانێتى  به‌رده‌وامه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت چه‌ندان گۆڕانكارى له‌ نه‌خشه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كانى عێراق رووبدات. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین