دەم پارتى داواى دەرکردنى چەند یاسایەک بۆ پڕۆسەى ئاشتى دەکات شیکاری

نوچە نێت

پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند، لەدوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەردۆغان پرۆسەکە پێیناوەتە قۆناغێکی نوێ. دەشڵێت، بەمەبەستی دەرچوونی هەندێک یاسا هەفتەی داهاتوو سەردانی وەزیری دادی تورکیا دەکەین.

شەممە (12/نيسان/2025)  ئاژانسی (T24) بڵاویکردەوە، پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری وان لە سەر لیستى دەم پارتى و ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەڵێت، لەدوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پرۆسەی چارەسەری ئاشتی چۆتە قۆناغێکی نوێ، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێشوەبچێت پێویستی بە دەرچوونی هەندێک یاسای نوێ هەیە.
بوڵدان لەبارەی پرۆسەری چارەسەری ئاشتی ئاماژە بەوە دەکات، "هەفتەی داهاتوو لەگەڵ یڵماز تونج وەزیری داد کۆدەبینەوە و بەدڵنیاییەوە کۆبوونەوەیەکی گرینگ دەبێت، پێداچوونەوە بەو یاسایانە دەکەین کە پەیوەست بە پرۆسەی چارەسەری ئاشتی دەردەچێت و گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوو دەکەین. جگە لەمەش تەنیا لەگەڵ وەزیری داد کۆنابینەوە بەڵکوو پەیوەندی بە پەرلەمانیش دەکەین بۆ دەرکردنی چەند یاسایەک." 
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان بوڵدان گوتی، "یەکەم جارە بەرێز سەرۆک کۆمار پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی دەکات لە کۆشکی سەرۆکایەتی نەک پارەگای ئەکپارتی ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەویش یەکێکە لە پرۆسەکە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "گوێی لە ئێمە گرت و لەوبارەیەوە بۆچوونی خۆی بە ئێمە ڕاگەیاند، گفتوگۆمان کرد لەبارەی هەنگاوەکانی بەهێزکردنی ئاشتی و دیموکراسی و سیاسی لە داهاتوودا، ئەردۆغانیش هیچ کاردانەوەیەکی نەرێنی نەبوو.  چاوەروانیەکانی خۆشمان لە کۆبوونەوکە دەربری لەبارەی دۆخی عەبدولڵا ئۆجەلان، ئایا هیچ پرۆسەیەک بۆ زیندانییەکان دەستپێدەکات یاخود نا؟ بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشن یان داوای لێبوردن نایانگرێتەوە. پێشموایە لەماوەیەکی نزیکدا هەموو خەڵک هەنگاوەکانی بەرەوپێشوەچوونی چارەسەری پرۆسەکە دەبینێت."
بوڵدان ڕاشیگەیاند، "بۆ بەرەوپێشوەچوونی پرۆسەکە سەرەتا پێویستە دڵنیابینەوە بەتایبەت لە مافی هیوا بۆ سوود گەیاندن بە ئۆجەلان و هەندێک هەنگاوی یاسایی هەیە، پێویستە پەرلەمان بەشداری بکات، چونکە شوێنی چارەسەری بنەرەتی پرۆسەکە لە پەرلەمانە، پێویستی بە میکانیزمێکە کە هەموو لایەنەکان و لایەنی ئۆپۆزسیۆنەکان تێیدا بەشداربن."
ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی جەختی لەوەشکردووە، "بەدڵنیاییەوە ئێمە چاوەروانییەکانمان ڕاگەیاند، بەڵام ناکرێ من بڵێم لەم بەروارەدا ئەمە و ئەمە دەکرێ، بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم لەداهاتوو هەنگاوەکان هەموو دەبینین و ڕوودەدات."
ڕۆژی پێنجشەممە (10)ـی نیسانی (2025) هەریەک لە سری سورەییا ئۆندەر بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی وەک شاندی ئیمراڵی لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین