ئه‌منیستى: 643 كه‌س له‌سه‌رده‌مى عه‌بادى رفێندراون و چاره‌نووسیان دیار نییه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى "ئه‌منیستى" ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، 643 كه‌سى سوننه‌ له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌ عێراق له‌ شارى فه‌لووجه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى رفێندراون و تا ئێستا چاره‌نووسیان دیار نییه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ سێى حوزه‌یران رێكخراوى ئه‌منیستى له‌ راپۆرتێكدا بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌ ، پێنج ساڵه به‌ سه‌دان سوننه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبى و میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێران رفێندراون كه‌چى تا ئێستا هیچ چاره‌نووسێكیان دیار نییه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌ له‌ شارى فه‌لووجه‌ له‌ سێى حوزه‌یرانى ساڵى 2016  كه‌ ئه‌و كاته‌ عێراق له‌ شه‌ڕى داعش بوو، حكومه‌تى عێراق له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرا، هه‌زار و 300 پیاو و گه‌نج له‌و ته‌مه‌نه‌ى كه‌ ده‌توانن چه‌ك هه‌ڵبگرن له‌لایه‌ن هێزێك كه‌ به‌ جلى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ بوون گیراون و دواتر 643 كه‌سیان جیاكراونه‌ته‌وه‌ و به‌ كاروانێك بردراون و تا ئێستا چاره‌نووسیان دیار نییه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، ئه‌و كاته‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى لیژنه‌یه‌كى پێكهێناوه‌ گوایه‌ بۆ دانانى سنوورێكه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ تۆڵه‌كردنه‌وانه‌ى كه‌ حه‌شدى شه‌عبى له‌ سوننه‌كانى ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌و لیژنه‌یه‌ بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه‌.

ئێستایش به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌ى ئه‌منیستى پێنج ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ تێده‌په‌ڕێت و كه‌سوكارى ئه‌و رفێندراوانه‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ن به‌ زیندوویى یان مردوویى چاره‌نووسى رۆڵه‌كانیان بزانرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین