عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا ئه‌مڕۆ باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پێكهاته‌ى كورد و سوننه‌ له‌نێو خۆیاندا به‌ شێوه‌یه‌كى "رێژه‌یى" رێككه‌وتوون، به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ى ته‌نگژه‌كانى شیعه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌و رێككه‌وتنانه‌یش جێى متمانه‌ نیین.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ هه‌شتى كانوونى دووه‌م رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ دوایین پێشڤه‌چوونه‌كانى دانوستاندنى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ته‌نیا یه‌ك رۆژ بۆ یه‌كه‌م دانیشتنى خولی پینجه‌مى په‌رله‌مانى عێراق ماوه‌.

شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى كورد و سوننه‌ له‌ رێككه‌وتنێك ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شیعه‌، به‌ڵام هێشتا ورده‌كارییه‌كان ده‌توانن بۆ هه‌ر رێككه‌وتنێك دزه‌ بكه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ سوننه‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، هه‌ر چه‌نده‌ هاوپه‌یمانى عه‌زم به‌ سه‌رۆكایه‌تى خه‌میس خه‌نجه‌ر و هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم به‌ سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د حه‌لبووسى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون به‌ڵام هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتارانى غه‌زم ناڕازیین، له‌وه‌ى محه‌مه‌د حه‌لبووسى ببێته‌وه‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان، وه‌ك رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كوردیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون به‌ شاندێكى هاوبه‌ش بچنه‌ به‌غدا، به‌ڵام به‌ ته‌واوى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى یه‌كلایى نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتى ده‌ستبه‌ردارى نابێت و پارتیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ بۆ یه‌كێتى بێت.

جیا له‌و ناكۆكییانه‌، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ده‌ڵێ، "سه‌ره‌ڕاى نزیكبوونه‌وه‌ى سوننه‌- سوننه‌، كورد- كورد، به‌ڵام چاره‌نووسى رێككه‌وتنه‌كانیان و ناكۆكییه‌كانیان به‌نده‌ به‌ سروشتى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى كه‌ هێشتا له‌ناو ماڵى شیعه‌دا ئاڵۆزه‌".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین