كازمى به‌ هه‌وڵى راگه‌یاندنى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

له‌گه‌ڵ زیادبوونى گرژییه‌كان به‌هۆى خۆپیشاندانه‌كان و گرتنى سه‌ركرده‌یه‌كى حه‌شدى شه‌عبى له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراقه‌وه‌، جارێكى تر مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت نیازى ئه‌وه‌ى هه‌بێت خۆپێشاندان دوا بخات و بارى "له‌ناكاو" رابگه‌ینێ.

شه‌وى رابردوو 26ى ئایار ماڵپه‌ڕى سۆمه‌ریه‌ نیوزى عێراقى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ مه‌ترسییه‌كانى راگه‌یاندنى "حكومه‌تى فریاكه‌وتن" و "بارى له‌ناكاو" ده‌كات، كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كان و میدیایه‌كانى عێراق باسى لێوه‌ ده‌گرێت.

له‌ راپۆرتێكدا چه‌ند په‌رله‌مانتارێك و چاودێرى سیاسى قسه‌یان كردووه‌ و باس له‌ مه‌ترسییه‌كانى راگه‌یاندنى ئه‌و جۆره‌ حكومه‌تانه‌ ده‌كه‌ن و دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ى عێراق تێیدا ده‌ژیت به‌ هۆى ئه‌و حكومه‌تانه‌یه‌ كه‌ له‌ رابردوودا به‌ ناوى فریاكه‌وتن و له‌ ناكاو و رزگارى نیشتمانى دانراون.

عێراق مێژوویه‌كى تاڵى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى بارى له‌ناكاو هه‌یه‌ 

 

بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و راپۆرته‌ى سۆمه‌رییه‌نیوز دواى ئه‌وه‌ دێت، چه‌ند لایه‌نێكى عێراقى دوێنێ مسته‌فا كازمیان به‌وه‌ تۆمه‌تباركردووه‌، گوایه‌ به‌ نیازه‌ جارێكى تر هه‌ڵبژاردن دوا بخات و بارى له‌ناكاو رابگه‌ینێ، بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ نه‌كرێت و به‌ شێوه‌یه‌كى ئاسایى چوار ساڵ ته‌واو بكرێت.

به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" كه‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت، دوێنێ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانى میلیشیاى سه‌ید شوهه‌دا باسى له‌وه‌ كردووه‌ گرتنى قاسم موسڵیح سه‌ركرده‌ى لیواى تفووفى حه‌شدى شه‌عبى بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، لایه‌نه‌كانى حه‌شد ته‌نگه‌تاو بكرێن، دواتریش هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ دوابخرێت و كازمى خۆى له‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى بارى له‌ناكاو بمێنێته‌وه‌.

هه‌مان راپۆرت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات قه‌یس خه‌زعه‌لى سه‌رۆكى میلیشیاكانى ئه‌هلى حه‌ق گوتوویه‌تى، "مه‌به‌ست له‌ گرتنى سه‌ركرده‌یه‌كى گرنگى حه‌شدى شه‌عبى ئه‌وه‌یه‌ كارته‌كان تێكه‌ڵ به‌ یه‌كتر بكرێن، چونكه‌ هه‌وڵێكى چه‌په‌ڵ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى بارودۆخى ئه‌منى بشێوێنرێت و تا به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانى حكومه‌تى بارى له‌ناكاو بچن".

میدیاكانى عێراق  و عه‌ره‌ب زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ باس له‌ بابه‌تى راگه‌یاندنى بارى له‌ناكاو ده‌كه‌ن، ماڵپه‌ڕى عه‌ره‌بى 21 ”رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات عالیه‌ نسێف په‌رله‌مانتارى ده‌وڵه‌تى یاساى له‌ لێدوانێكى ئاشكراى كردووه‌، چه‌ندان لایه‌ن له‌گه‌ڵ كازمى گفتوگۆ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بارى له‌ناكاو رابگه‌یێنرێت.

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت عالیه‌ تاكه‌ په‌رله‌مانتار نییه‌ ئه‌م لێدوانه‌ى داوه‌، به‌ڵكو ره‌حیم عه‌بوودى سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتى حیكمه‌ بۆ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز باسى له‌ هه‌مان بابه‌ت كردووه‌. عه‌بوودى باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن ده‌یانه‌وێ حكومه‌تى بارى له‌ ناكاو رابگه‌ینرێت و هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ نه‌كرێت.

ناوى ئه‌و حزبانه‌ ئاشكرا ناكرێت
كه‌ بۆ بارى له‌ناكاو هانى كازمى ده‌ده‌ن

 

دوایین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌ مانگى ئایارى 2018 به‌ڕێوه‌چوو، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ حكومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى هه‌مان ساڵ راگه‌یێندرا، دواتر له‌ تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2019 ناڕه‌زاییه‌كى سه‌رتاسه‌رى عێراقى گرته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا حكومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌ستى له‌كار كێشایه‌وه‌. یه‌كێك له‌ داواكارییه‌كانى خۆپیشانده‌ران هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بوو، دواى جارێك دواخستن ئێستا بڕیاره‌ له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

ئه‌و سه‌ركردانه‌ى كه‌ باس له‌ حكومه‌تى بارى له‌ناكاو ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن سیناریۆكه‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تى له‌ناكاو تا واده‌ى راسته‌قینه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وام بێت، واته‌ مانگى ئایارى 2022. تا ئێستا به‌رپرسانى عێراق به‌ فه‌رمى هیچ لێدوانێكیان نه‌داوه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌یش كه‌ تۆمه‌ته‌كان ئاراسته‌ى مسته‌فا كازمى ده‌كه‌ن، ناوى ئه‌و حزب و سه‌ركردانه‌ ئاشكرا ناكه‌ن كه‌ گوایه‌ پاڵپشتى بیرۆكه‌كه‌ى راگه‌یاندنى حكومه‌تى بارى له‌ناكاو ده‌كه‌ن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین