جیاوازیی چینایەتی لەناو مردووەکان.. گۆڕى ٨٠٠ ملیۆن تمەنی لە ئێران ئێران

نوچه‌نێت

بە ناو ماڵی ئاخیرەت ناسراوە و کاتێ باسی لێوە دەکەن، دەڵێن جیاوازییه‌کی ناکات کێ بیت و لە کوێ بیت، ئەوەی گرنگە و لێپرسینەوەی لێ دەکرێ، کردەوەکانتە. بەڵام کە کاتی مردن هات و کەسوکار بۆ شوێنێک بۆ ناشتن دەگەڕێن، دەبینی هەمدیسان ئەوانە هەمووی قسە بوون و لێرەشدا جیاوازییەکی چینایەتی و چەوساندنەوە لە ئارادایە: جیاوازی چینایەتی لە نێوان مردووەکان.

لە ئێران  لە شارێکی وەک مەشهەد کە پێگەیەکی ئایینی هەیە، ڕەنگە مەودای چینایەتی لەناو مردووەکاندا لە هەموو شوێنێکی تری ئەو وڵاتە بەرچاوتر بێت. ئەگەر سەر بە زۆرینەی خەڵک بیت و لەو کەسانە نەبیت کە بە جۆرێ بەستراوەی حکومەت یان لە خزمەت دەسەڵاتدان و دۆخی ئابووریشت ئاسایی بێت، ماڵی ئاخیرەتت لە قەبرستانە ئاسایی و هەرزانەکان و لەوانە قەبرستانی "بەهەشت ڕەزا"دا دەبێت. بەڵام ئەگەر لەو کەسە تایبەتانە بیت و لە بنەماڵەی کەسێکی سەر بە دەسەڵات بیت، ئەوە جیاوازە.

دەکرێ ماڵی ئاخیرەتت لە قەبرستانە گرانەکان و لەوانە "باخی خاجە ڕەبێع" یان "بەهەشتی ثامن الائمە" لە نزیک قەبری ئیمام ڕەزا، واتە ئیمامی هەشتەمی شیعەکان بێت. 
سووچی لای ڕاستی گۆڕەپانی ئازادی، ڕێک ڕووبەڕووی هێوانی زێڕینی حەرەمی ئیمام ڕەزا، تابلۆیەک سەرنجت ڕادەکێشێ کە لەسەری نووسراوە: "بەهەشتی ثامن الائمە". کاتێ دەچیتە ژوورەوە، قەبرستانێکی گەورە بە چەند دیواری تا ڕادەیەک کورت و سپی، ئەستونی چوارلا و سەرمیچی کەوانەیی بەرچاو دەکەوێت. لێرەدا گوڵ و گیا و هەوای ئازاد بوونی نییە، لەژێر زەویدایە و ئەگەر زیاتر لە نیو کاتژمێر لەوێ بمێنیتەوە، هەست بە کەمبوونی ئوکسجێن و شێدارى دەکەیت. بەڵام بەو حاڵەش ئەوە قەبرستانی "کەسانی تایبەت و لە ئێمەومانان باشترە".

له‌ ئێران نرخى هه‌ندێك گۆڕ 
ده‌گاته‌ نزیك ملیار تمه‌ن

خاتوو "یەلدا" کە لەم دواییانەدا بابەگەورەیان لەو قەبرستانەدا ناشتووە و بۆ فاتیحەخوێنی هاتووە، دەڵێت: "بنەماڵەی بابم لە کەسانی ناسراوی شاری مەشهەدن، بابە گەورەم چەند ساڵ پێشت ئێستا ئەم قەبرەی بە نزیک ٢٠٠ ملیۆن تمەن بۆ خۆی کڕیبوو، بەڵام ئەگەر ئێستا بمانویستایەت ئەو قەبرە بکڕین بە کەمتر لە ٥٠٠ ملیۆن دەستمان نەدەکەوت. لەگەڵ ئەوەی بنەماڵەی ئێمە زۆر ئایینی نین و ڕاستیتان دەوێت ناشتن لە حەرەم و لە پاڵ قەبری ئیمام ڕەزادا، زۆر لای ئێمە گرنگ نییە، بەڵام بۆ بابەگەورەم کە کەسێکی زۆر ناسراو بوو، ئێجگار گرنگ بوو کە لێرەدا بنێژرێت. ئێرە زۆر لە قەبرستان ناچێت، زەوییەکی ساف و تەختە بە بەردە قەبری مەڕمەڕی یەکجۆر و بێ ڕۆحەوە، کە کاتێ دەتەوێت یادێک لە مردووەکانت بکەیتەوە و بێیتە سەر قەبریان، تەنانەت ناتوانی چەند پەلکە گوڵێک لەگەڵ خۆت بێنیت، هەست دەکەیت زۆر سڕکەرە و لەشگرانت دەکات. بەڵام ئیتر سەرچاوەیێکی باشی داهات بۆ ئاستانی قودسی ڕەزەوی [ئەو دامودەزگایە کە کاروباری قەبرستانی ئیمام ڕەزا ئەنجام دەدات و کۆنتڕۆڵی داهات و خەرجییەکانی دەکات] بە هەژمار دێت.

لە حەرەمی ئیمام ڕەزا، سێ قەبرستان بە ناوەکانی بەهەشتی ثامن الائمەی ١، ٢ و ٣ لە قاتی خوارەوەی گۆڕەپانەکەدا هەن. بەهەشتی پامن الائمەی ١ لە هەمووی کۆنتر و لە بەراورد لەگەڵ ئەو دووانەکەی تر تا ڕادەیەک بی خشروخاڵترە. لەو سێ قەبرستانەدا، مردووەکان لە سێ قاتی چیمەنتۆییدا دەنێژن و ئەوەی کە مردووەکە لە چ قاتێکدا دەنێژرێ، نرخەکەی دیاری دەکات.

نرخەکانی ئەمساڵ هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیێندراون و جارێ هەر بەو نرخانەی ساڵی پار جێگای قەبرەکان دەفرۆشرێن. کەمترین نرخیش ٣٠٠ ملیۆن تمەنە کە لە قاتەکانی خوارترەوە دەست پێدەکات و هەرچی قەبرەکە لە سەرترەوە بێت و لە شوێنی نوێتردا بێت، نرخەکەیشی بەرزتر دەبێتەوە و تا ٨٠٠ ملیۆن تمەنیش دەگات. خاتوو "حەمیدە" کە ئەو قەبرستانەی حەرەم سەرنجی ئەویشی ڕاکێشاوە و بۆ دیتنی هاتووە، دەڵێت: "لێرەشدا وەک هەموو شوێنێکی ئەم وڵاتە هەرچەندە پارە بدەی ئەوەندە شۆربا دەخۆی و دەوڵەمەندبوون و سەر بەدەسەڵاتبوون، قسەی یەکەم دەکات".

هەڵبەت هەموو ئەو کەسانەی لەوێ دەنێژرێن، ناچار نین وەک ئەوانی تر پارە بدەن. ئەگەر کەسی تایبەت بیت، لەوێشدا بەکارت دێت. بۆ نموونە، ئایەتۆڵا "عەلەمولهۆدا" نوێنەری ویلایەتی فەقێ و ئیمام جمعەی مەشهەد کە مجێوری فەرمی حەرەم بە هەژمار دێت، لێرەدا دوو قەبری بێ بەرانبەری هەیە. بە گشتیی، بە پێی یاسای حەرەم مجێورە فەرمییەکان دوو قات قەبر و ئەو کەسانەی کە خۆبەخشانە لە حەرەم خزمەت دەکەن، قاتێکی بێ بەرانبەریان پێ دەدرێ.

خاڵێکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە قەبرستانەکانی حەرەم، ئەوەیە کە بنەماڵەی مردووەکە لەسەریان ئەرکە، جگە لەو پارەیە بۆ کفن و ناشتن لە حەرەم دەیدەن، لانیکەم تێچووی قەبرێکی بەهەشتی ڕەزایش ( واتە قەبرستانی گشتیی شاری مەشەد کە لەژێر دەسەڵاتی شارەوانی ئەو شارەدایە) بدەن کە لە ئێستادا نزیکەی دوو ملیۆن تمەنە.

جگە لە یەکەمین قەبرستانی گرانی مەشهەد، قەبراستانی "خاجە ڕەبیع"یش هەیە. ئەو گۆڕستانە کە لە خاڵی کۆتایی شەقامێک هەر بەو ناوەوە و لە خوارەوەی شار و لە دەوروبەری مەزاری خاجە ڕەبیع  (یەکێک لە سیحابەکانی پێغەمبەری ئیسلام و لە یاران و فەرماندەکانی ئیمام عەلی) هەڵکەوتووە و نرخی قەبرەکانی زۆر گرانن و ئەوێش جێگای ناشتنی هەموو مردوویەک نییە. نرخەکان ئەوەندە گرانن کە بە گوتەی "حەسەن" یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە، دەتوانێ پارەی سپاردەی خانووی خێزانێک لە گەڕەکێکی ئەو ناوچە بێت.

حەسەن دەڵێت: "زۆر جار لە ڕووی مڕومووشکەری و لەبەر ئەوەی شوێنێکم بۆ گەشتوگوزار نییە، سەردانی ئەم قەبرستانە دەکەم و لەو کەسانەی بۆ ناشتنی مردووەکانیان هاتوون سەردانی ئەم قەبرستانەیان کردووە، پرسیار دەکەم چەندە پارەیان بۆ کڕینی ئەم قەبرە داوە. کاتێ باس لە ٥٠ و ٦٠ ملیۆن تمەن دەکەن، هەناسەیێک هەڵدەکێشم کە بۆچی ماڵی ئاخیرەتیش ئەوەندە بەستراوەی دەوڵەمەندیی و هەژارییە".

قەبرەکانی ئەم گۆڕستانەیش کە دوو باخ لە خۆ دەگرێ سێ قاتن و نرخی قاتەکانی باغی یەکەم تا نزیکەی ١٠٠ ملیۆن تمەن و بۆ قاتی دووەم تا ٥٠ ملیۆن تمەن دەگات و وەک قەبرستانەکەی حەرەم، بنەماڵەی مردووەکان ئەرکە لە سەریان جگە لەو پارەیە بۆ کفن و ناشتن لەوێ دەیدەن، لانیکەم پارەی قەبرێکی بەهەشت ڕەزایش، واتە دوو ملیۆن تمەنی تر بدەن.

وێستگەیەکی تر، قەبرستانی "بەهەشت ڕەزا"یە کە وەک "بەهەشت زارا"ی تاران و زۆر قەبرستانی تری ئێران، قەبرستانێکی گشتییە و لە هەموو چین و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی تێدا دەنێژرێن. هەرچەندە لێرەشدا بەشێک وەک قەبرە خێزانییەکان لەبەرچاو گیراون و وەک هۆدەیەک دەدرێن بە خێزانێکی تایبەت و نرخەکەی لە شوێنەکانی تر زیاترە، بەڵام ژمارەیان زۆر نییە و لەوانەیە تا بیست قەبریش نەگات. باقی مرووەکان بە بێ لەبەرچاوگرتنی چینی کۆمەڵایەتیی و پێگەی ئابووریی لە پاڵ یەکتریدا لەو قەبرانەدا کە لەم ڕۆژانەدا نرخیان لە نێوان ٢ تا ١٠ ملیۆن تمەنە و ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەوانیش وەک هەموو شتێکی تر گران ببنەوە، دەنێژرێن.

سەرچاوە:ئێران وایەر

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین