نورى بێخاڵى:  له‌ دوایین كتێبم سوودم له‌ ته‌كنیكى رۆمان وه‌رگرتووه‌ کولتوور

لاڤین عومه‌ر تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

نورى بێخاڵى نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس دوایین كتێبى خۆ به‌ناوى "به‌هه‌ر دوو دیوى بۆسفۆر" بڵاوكرده‌وه‌ و ئه‌و كتێبه‌ شێوازێكه‌ له‌ گه‌شتنامه‌، نووسه‌ر له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت ده‌ڵێ، "له‌ نووسینى ئه‌م كتێبه‌م سوودم له‌ ته‌كنیكى رۆمان وره‌گرتووه‌".

"به‌ هه‌ر دوو دیوى بۆسفۆر" دوایین كتێبى نورى بێخاڵییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگاى فام چاپ ده‌كرێت و به‌م نزیكانه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، له‌ لێدوانێكى بۆ "نوچه‌نێت" نووسه‌رى ئه‌م كتێبه‌ باسى له‌ كتێبه‌كه‌ى كرد و گوتى، "نزیکەی ٢٥٠ لاپەڕەیە من هەوڵم نەدا قەبارەی کتێبەکە گەورەتر بێت و ببێتە نمایش من تەنیا ویستم نووسینەکە بگاتە خوێنەر، بە پێویستم نەزانی وێنە و شتی واى لەگەڵ دابنێم ببێتە جۆرێک لە خۆدەرخستن و نمایش بێت".

هه‌ر له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كتێبه‌كه‌ و شێوازى نووسینه‌كه‌ى نورى بێخاڵى نووسه‌ر گوتى، "کتێبەکە تێکەڵەیەکە لە بیرەوەری وگەشتنامە بەشێوەیەکی گشتی وئەدەبی دارێژراوەتەوە و نووسراوەتەوە کە نزیکە لە رۆمان".

نورى بێخاڵى: له‌ ئه‌ده‌بى كوردى زۆر كه‌م بایه‌خ به‌ گه‌شتنامه‌ دراوه‌
 

بێخاڵى له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت زیاتر له‌ سه‌ر شێوازى نووسینى كتێبه‌كه‌ دوا، دووپاتى له‌وه‌ كرده‌وه‌، كتێبه‌كه‌ى ته‌نیا وه‌ك ژانرێكى ئه‌ده‌بى نه‌نووسیوه‌ و به‌ڵكو ره‌هه‌ندێكى كه‌لتوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیشى هه‌یه‌، نورى بێخاڵى گوتى، "بەقەد ئەوەی رەهەندی سیاسی وکۆمەڵایەتی و کەلتوری و فەرهەنگییە، ئەدەبی نییە. بەڵام زمانی نووسینی و زمانی گێڕانەوەی دەچێتە خانەی ئەدەبی. هەوڵم داوە زیاتر سوود لە تەکنیکی نووسینى رۆمان ببینم بۆئەوەی گێڕانەوەی سادە وساکار نەبێت کە خوێنەر راپۆرتێک یا رۆژنامەیەک دەخوێنێتەوە،  زمانێکی رۆژنامەنووسی نەبێت لێی بێتاقەت بێت".

سه‌باره‌ت به‌ ژانرى گه‌شتنامه‌ له‌ ئه‌ده‌بى كوردیدا، نورى بێخاڵى نووسه‌ر هه‌ندێك تێبینى له‌سه‌ر بوونى ئه‌و ژانره‌ له‌ ئه‌ده‌بى كوردى هه‌بوو و گوتى، "ئەوەی من کەم و زۆر ئاگاداری بم ئەوەیە کە لە ئەدەبی کوردییدا، زۆر کەم بایەخ بە گەشتنامە دراوە، گه‌شتنامە وەکو ئەوەی کە کەسێک گەشتی کرد بێت، ئەزموونی هەبێت و بتوانێت هەموو ئەو ئەزموونانەی خۆی بگێرێتەوە و بنووسێتەوه‌. ئه‌وا له‌ناو كورد زۆر كه‌م بووه‌، وا هەست دەکەم دوای نەوەدەکان وردە وردە هەندێک نووسەر و هەندێک رۆژنامەنووس دەستیان دایە ئەو کارە"

نورى بێخاڵى له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى سه‌باره‌ت به‌ چاپكراوه‌كانى ترى گوتى، "ئەم کتێبەیان دووەمین کتێبە دەزگای فام بۆم چاپ دەکات لەسەر ئەرکی خۆی بڵاوی کردەوە، ساڵی پاریش کتێبێکی تریشیان لەسەر ئەرکی خۆیان چاپ کرد ئەم کتێبەیانم دەبێتە ١٣ کتێبم چاپ و بڵاو دەبێتەوە واتا تا ئێستا ١٣ کتێبم لە بواری ئەدەبی، فکری سیاسی، رۆژنامەوانی  چاپ و بڵاو کردۆتەوە وە ئەگەر تەمەن مەودا بدات هەوڵ دەدەین خەرمانی ئەو بەهەمانەش زیاتر بکەین". 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین