ژنێك بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەب کولتوور

نوچە نێت

هان کانگ، نووسەری کۆریای باشوور بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەب، کارەکانی هان کانگ بەدوای تراوما مێژووییەکان و لاوازی مرۆڤدا دەگەڕێت، خەڵاتەکە بە بڕی (1.1) ملیۆن دۆلارە.

ڕۆژی پێنجشەممە (10/تشرینی یەکەم/2024) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، ئەندرس ئۆڵسن سەرۆکی لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ لە بەیاننامەیەکدا گوتی "هان کانگ هۆشیارییەکی بێهاوتای هەیە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان جەستە و ڕۆح، زیندوو و مردوو، بە شێوازە شیعری و ئەزموونییەکەی بووە بە داهێنەرێک لە پەخشانی هاوچەرخدا."

هان کانگ لە (1970) لەدایک بووە، لە بنەماڵەیەکی خۆشەویستی ئەدەب لە دایک بووە، باوکی ڕۆماننووسێکی ناسراوە. یەکەم ئافرەتە لە کۆریای باشوور و هەژدەیەمین ئافرەتە کە خەڵاتی نۆبڵ بۆ بواری ئەدەب دەباتەوە، لە (1993) بە بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک شیعر لە گۆڤاری ئەدەب و کۆمەڵگا دەستی بە کارەکەی کرد، یەکەم پەخشانی لە (1995) بە کۆمەڵە کورتە چیرۆکێک بووە بە ناوی "خۆشەویستی یۆسو".

لە چاوپێکەوتنێکیدا کە ساڵی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، هان کانگ باسی لەوە کردووە، "کە چۆن نووسینی "ڕووەکخۆر"  کە یەکێک لە نووسینەکانیەتی باس لە چیرۆکی ئافرەتێک دەکاتسەردەمێکی سەختی تێپەڕاندووە لە ژیانیدا و پرسیاری کردووە ئایا دەبێت بتوانێت ڕۆمانەکە تەواو بکات یان تەنانەت وەک نووسەرێک بژیت، تا ئەمڕۆش هەست بە نامۆیی دەکات کاتێک هەواڵی سەرکەوتنی ڕۆمانەکەی دەبیستێت".

هان کانگ خاوەنی چەندین نووسینە، دوو لە کتێبەکانی کراونەتە فیلم، (The vegetarian) لە (2009)، (Scars) لە (2011). نوێترین ڕۆمانی هان بە ناوی "We Do Not Part"ە بڕیارە لە (2025) دا بە ئینگلیزی بڵاو بکرێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین