ئێران و هەڕەشەی نوێی چەکی ئەتۆمی
نوچە نێت
نووسە: ئێریک بروەر
وەرگێڕان: سۆران جەلیل
لە مانگی ئەپریلی ڕابردوودا، جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵاو و نزیک بووە لە وەرچەرخانێکی ئەتۆمی، کاتێک تاران زیاتر لە 300 هاژەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی ئاراستەی ئیسرائیل کرد وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشەکەی بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سووریا. ئەمە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل و پشکێنەرە نێودەوڵەتییەکان لە ترسی وەڵامدانەوەی تۆڵەسەندنەوە لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دوور کەوتنەوە. لە کاتێکدا جیهان چاوەڕوان بوو، فەرماندەی سەربازی ئێران بەرپرسی بەرگریکردن لە شوێنە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئەو شوێنانە، تاران دەتوانێت پێداچوونەوە بە میتۆدی ئەتۆمی خۆیدا بکات. ئەمەش هەڕەشەیەکی پەردەپۆش بوو کە ڕەنگە ئێران لە وەڵامدا چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
تاران لەمێژە سوود لە هەڕەشەکانی پەرەپێدانی ئەتۆمی بۆ کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان وەردەگرێت، بەڵام بەیاننامەکەی ئەو فەرماندە سەربازییە پێشکەوتنێکی نوێ و مەترسیدار لە ستراتیجی ئێراندا نیشان دەدات، کە بریتییە لە بەکارهێنانی زیادبوونی توانای ئەو وڵاتە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی وەک ڕێگرییەک (بازدارندەگی - deterrent). زۆربەی بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی نادات و عەلی خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی تا ئێستە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دواخستووە [فەتوای حەرامبوونی داوە.]، چونکە مەترسییەکانی بە گەورەتر لە پاداشتەکانی دەزانێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئێران وردە وردە زۆرێک لە توانا سەرەکییەکانی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەدەست هێناوە و بووەتە دەوڵەتێکی گوایە نزیک لە گەیشتن بەم چەکە. ئێستە ئێران دەتوانێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئەوەندە یۆرانیۆمی پیتێنراو بەرهەم بهێنێت کە بتوانێت بۆمبێکی ئەتۆمی دروست بکات. بە تیشک خستنە سەر توانای دروستکردنی بۆمب و وەڵامدانەوەی دنەی تایبەت بە هەڕەشەکردن لە گرتنەبەری هەنگاوی کۆتایی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، تاران هیوادارە بتوانێت پێش بە سزا نێودەوڵەتییەکان و لێدان لە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بگرێت.
وەلێ ئەم ستراتیجە بێ مەترسی نییە و تاران هێشتا هەستیارە بەرانبەر بە ئەگەری تێچووی ئەمنیی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی. وەستاندنی ئێران لە بەرهەمهێنانی بۆمب ئاسان نابێت، بەڵام کەمکردنەوەی توانا ئەتۆمییەکانی تاران لەوە قورستر دەبێت. واشنتۆن دەبێت ئێران لە پێشینەی کارەکان دابنێت و دەسەڵاتی دیپلۆماسی و ئابووری ئەمریکا بەکار بهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی ئێران وەک دەوڵەتێکی نزیک لەبەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، یان دەوڵەتێکی چەکدار بە چەکی ئەتۆمی.
زیادکردنی هەڕەشە سەربازییەکان
یەکێک لە سەرەتاییترین ئاماژەکان کە ئێران هەوڵی بەکارهێنانی توانای نزیکبوونەوەی خۆی لە چەکی ئەتۆمی وەک ڕێگرییەک دەدات لە ساڵی 2023، دەرکەوت، دوای ئەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا هەڕەشەی ئەوەیان کرد ئەگەر ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ چەک ئامادە بکات یان هاژەکەکانی بگوازێتەوە بۆ ڕووسیا، ئەوە جارێکی دیکە سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێننەوە. لە بەرانبەردا تاران هەڕەشەی کشانەوەی لە پەیمانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)[1] کرد. ئەوەش گرینگترین بەربەستی قانوونی نێوان ئێران و دەستڕاگەیشتنی بە بۆمب لادەبات و پێدەچێت ڕێگە لە چاودێری نێودەوڵەتی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی بگرێت، واتە جیهان هیچ ڕێگەیەکی نەمابێت بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئێران چەک دروست دەکات یان نا. وا دیارە ئەم هەڕەشانە کاریگەری خوازراویان هەبووبێت. تا ئێستە، ئێران یۆرانیۆمی تا سەددا 90 نەپیتاندووە کە بە شێوەیەکی قانوونی بە یۆرانیۆمی پێویست بۆ چەک دادەنرێت و ئەورووپاش سزاکانی نەسەپاندووەتەوە، بەڵام لەگەڵ چارەسەرنەکردنی قەیرانەکە، ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەکان هەیە.
ستراتیجی ئێران بۆ هۆشداریدان لەوەی بۆمب دروست دەکات، لە دوای 7ی ئۆکتۆبەر و شەڕی دواتر لە غەززە زیاتر بەرچاو و ئاشکرا بووە. بەدرێژایی ململانێیەکان، ئێران لە ڕێگەی گرووپە جێگرەوەکانیەوە لە سەرانسەری ناوچەکەدا، بەردەوام هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل، هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییە نێودەوڵەتییەکان کردووە. بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیش ڕۆڵی لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ئێراندا هەبووە، چونکە تاران بۆ بەهێزکردنی متمانەی ڕێگری نزیکبوونەوە لە چەکی ئەتۆمی و بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی پەرەسەندنی قەیرانەکان، پشتی بە تێکەڵەیەک لە ئاماژەدانی تەکنیکی و ڕەوانبێژی بەستووە. ئەوەی کە سەرکردەکانی ئێران بەرنامەی ئەتۆمییان لە چاوی خەڵک دوور نەخستووەتەوە، نیشانەیە بۆ ئەوەی توانای نزیکی خۆیان لە چەکی ئەتۆمی زیاتر وەک سەرمایەیەک سەیر دەکەن نەک وەک لێپرسراویەتی. بۆ نموونە، ئێران لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابردوودا سەنتەرفیوژە پێشکەوتووەکانی گەڕاندەوە بۆ دۆخێک تا سەرەتای ساڵی 2023بڕێکی کەمی مادەی پیتێنراوی لەسەددا ٨٤ی بەرهەم هێنابوو، زۆر نزیکە لەو ڕێژەیەی لەسەددا 90 کە پێویستە بۆ چەکی ئەتۆمی. تاران دەیزانی پشکێنەرەکان گۆڕانکارییەکانی مانگی دیسەمبەر دەبینن و لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەی پێ دەدەن، ئەمەش ئەوە پێشان دەدات سەرکردەکان دەیانەوێت ئەوە بڵێن ئەگەری بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پێویست بۆ چەک جارێکی تر گەڕاوەتەوە سەر مێزی کارەکانیان.
هەروەها کاربەدەستانی ئێران بۆچوونەکانیان سەبارەت بە توانای ئەو وڵاتە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و ئەو هەلومەرجەی لەوانەیە لەژێر ناویدا ئەو کارە بکەن، زیاتر کردووە. لە مانگی جەنیوەری، محەممەد ئیسلامی، بەرپرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، هەڵوێستی لەمێژینەی ئێرانی دووپات کردەوە کە چەکی کۆمەڵکوژ "هەرگیز بەشێک نەبووە لە میتۆدی ئەمنی و بەرگری ئێران"، بەڵام ئەوەشی زیاد کرد ئێران توانای سروشتی خۆی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی وەک ڕێگرییەک دەدات. لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاندووە، "بابەتەکە پێوەندی بە نەبوونی تواناوە نییە." ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێم وایە ئێمە ڕێگرییەکی لەو شێوەیەمان بەدەست هێناوە… نابێت دەستکەوتەکانی ئێستەمان کەم بکەینەوە، وا بیر بکەینەوە کە هێشتا لە سەرەتاداین." پاشان حکوومەتی ئێران لێدوانەکەی محەممەد ئیسلامی لە سۆشیال میدیا بڵاو کردەوە. مانگێک دواتر، عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و یەکێک لە دانوستاندنکارە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، وردەکارییەکانی خاڵەکەی محەممەد ئیسلامی خستە ڕوو. کاتێک پرسیاری ئەوەی لێ کرا ئایا ئێران دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، ساڵحی لە وەڵامدا گوتی ئێران "هەموو ئاستەنگە زانستی و تەکنیکییە ئەتۆمییەکانی تێپەڕاندووە." بە کەڵکوەرگرتن لە نموونەی دروستکردنی ئۆتۆمۆبیل، درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: "دروستکردنی ئۆتۆمۆبیل چی پێویستە؟ پێویستت بە شاسی، بزوێنەر، ویل، گێڕە… ئەگەر لێم دەپرسن ئایا گێڕ و بزوێنەرەکەمان دروست کردووە، وەڵامەکەم بەڵێیە."
ڕۆژنامەکان، پەرلەمانتاران، زانایانی ئەتۆمی و بەرپرسانی دیکەی ئێرانیش بەشدارییان لەم بەرنامەیە کرد و زۆرێک ئاماژەیان بەوە کرد ئێران تەنانەت ڕەنگە بۆمبێکیش دروست بکات. جگە لەو هەڕەشانەی ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییە لە کاتی هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە مانگی ئەپریلدا خستیانییە ڕوو، کەمال خەرازی، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە سەرەتای مانگی مەیدا ڕایگەیاند "ئەگەر بوونی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوا مەترسی لەسەر دروست دەبێت، هیچ بژارەیەکمان نییە جگە لە گۆڕینی میتۆدی سەربازی (دکترین نظامی - Military Doctrine)مان[2]." دوای چەند ڕۆژێک ئەم هەڕەشانەیان دووبارە کردەوە و عەبباس عەراقچی، جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەش لە کۆتایی مانگدا لێدوانی هاوشێوەی دا. نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی ڕاگەیاند؛ میتۆدی ئەتۆمی ئێران نەگۆڕاوە، بەڵام ئاگادارکردنەوەیەکی زیاد کرد. دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، نوێنەرەکە هەڕەشەی ئەوەشی کرد، ڕەنگە ئێران کۆتایی بەو میکانیزمە یاسایییە پێبهێنێت کە پشکێنەرە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن بچنە ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی و بەمەش ئێران کۆتایی بەوە دەهێنێت بزانین چی لەناو ئەو بنکە ئەتۆمییانەدا دەگوزەرێت.
زەحمەتە بزانین ئایا ئەمە ستراتیجێکی هاوئاهەنگ و ناردنی پەیامە لە سەرەوە بۆ خوارەوەی ڕژێم یان دیاردەیەکە لە خوارەوە بۆ سەرەوە. بە لەبەرچاوگرتنی تواناکانی ئەمڕۆی تاران، تاران ناتوانێت دەستبەجێ قەرەبووی هەڕەشەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بکاتەوە. هەرچەندە دەتوانێت بەخێرایی کەرەستەی بۆمبێک دروست بکات، بەڵام دروستکردنی ئامێرێک چەند مانگی دەوێت. لەگەڵ ئەمەشدا، سەرکردە باڵاکان دەیانەوێت بەرنامەی ئەتۆمی ئێران وەک ڕێگرییەک بەکار بهێنن. ئەو ڕاستییەی کە عەلی خامەنەیی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی - مەرجەکانی مشتومڕی گشتی قەبووڵکراو لە ناوخۆی ئێراندا دادەنێت - ڕێگە بە دەرکردنی ئەم لێدوانانە دەدات، شتێکی ئاشکرایە. ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەو لە سۆنگەی سیاسەتی ناوخۆیی، یان ئامانجی سیاسەتی دەرەوە، یان بۆ هەردووکیان بەکاریان دەهێنێت.
جگە لەمەش، مەترسی ئەوە هەیە بەردەوامبوون لە قسەکردن لەسەر توانای ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ببێتە پێشبینییەکی بە ڕاستوەرگەڕاو. ڕەنگە کاربەدەستانی ئێران کە لەگەڵ دروستکردنی جبەخانەی ئەتۆمیدان، ئەم قسە و باسانە وەک دەرچەیەک بۆ فشارخستنە سەر دۆسیەکەیان بۆ دروستکردنی بۆمب یان نزیکبوونەوە لێی ببینن. ڕەنگە بتوانن بێدەنگی خامنەیی لە بەرانبەر ئەم لێدوانە گشتییانەدا وەک نیشانەی پشتیوانی ناڕاستەوخۆی ئەو لێک بدەنەوە. ئەمەش دەتوانێت مەترسیدار بێت، چونکە بازنەکانی بڕیاردانی ئێران تەسکتر و توندتر بوون و دەنگە میانڕۆکان کەمترن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەرگۆمێنتی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی. لایەنگرانی چەکی ئەتۆمی دەتوانن هەست بە بوێری بکەن بۆ بەرەوپێشبردنی دۆسیەکەیان.
ئەو کارە مەکە!
لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی بەردەوامن لە گەڕان بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ئاڵنگاری ئەتۆمی ئێران، پێویستە هەڕەشەکانی لەبەرچاو بگرن و ڕێگری لە بەزاندنی نزیکبوونەوەی لە چەکی ئەتۆمی بکەن. بوار بۆ پێشکەوتن هەیە، چونکە بۆ ئەوەی هۆشدارییەکانی ئێران کاریگەر بن، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی باوەڕیان بەوە هەبێت ئێران خۆی لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەپارێزێت ئەگەر ڕێز لە هێڵە سوورە دیاریکراوەکانی وڵاتەکە بگیرێت. وا دیارە ئەم هێڵە سوورانە "گەڕانەوەی دەستبەجێ"ی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بن، واتە سەپاندنەوەی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015دا لابراون، یان هێرشی سەربازی بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەڵام تا ئێران زیاتر ڕێگری لە چاودێریکردنی نێودەوڵەتی بۆ بەرنامەکەی بکات، گەرەنتی ئەوە قورسترە کە ڕێز لە هێڵە سوورەکانی بگیرێت و ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەسەر بنەمای گریمانە هەڵەکان زیاتر دەبێت.
ئەگەر تاران دەیەوێت خۆی لەو بەرەنجامە بەدوور بگرێت، ئەوا پێدانی دەستڕاگەیشتنێکی زیاتر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دابینکردنی ئەو دڵنیایییە، خاڵێک کە وڵاتانی وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە بۆ ئێران بەهێزی بکەن. بۆ نموونە، تاران دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ڕێگە بە پشکێنەران بدات بچنە ناو شوێنەکانی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوژەکانی و ڕێگە بە بەکارهێنانی کامێرا و ئامێرەکانی دیکە بدات بۆ چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەو کاتانەدا پشکێنەرەکان لەوێ نین. هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی دەتوانن تێچووی دیپلۆماسی لێدوانەکانی بۆمبسازی ئێران بەرز بکەنەوە. لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا (IAEA)[3]، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا هاوکات لەگەڵ درێژەدان بە پەرەسەندنی ئەتۆمی ئێران و نەبوونی بەرچاوڕوونی، ئەم هەڕەشانەیان وروژاند و ئەو ئیدانەکردنانەیان لە بڕیارنامەیەکدا جێگیر کرد. واشنتۆن پێویستە هەوڵی ئەوە بدات وڵاتانی زیاتر- لەوانەش چین و وڵاتانی دیکە کە کاریگەرییان لەسەر تاران هەیە - بەشدار پێ بکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تایبەت و ئاشکرا فشار بخەنە سەر ئەم نیگەرانیانە و بە ئاماژەدان بەوەی شانازییەکانی ئێران کە توانای دروستکردنی بۆمبی هەیە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەیە گوایە بەرنامەکەی بەتەواوی ئاشتییانەیە.
تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل و ئەمەریکا و هەروەها فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، هێڵە سوورەکانی ئێران نەبەزێنن، ڕەنگە تاران هێشتا وەسوەسەی ئەوە هەبێت هەوڵی دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی بدات. لەوانەیە بە کۆکردنەوەی مادەی پیتێنراو کەمێک لە خوار لەسەددا ٩٠ەوە ئەوە بکات بۆ ئەوەی وەڵامێکی نێودەوڵەتی دروست نەبێت، یان بەنهێنی بەڕێوەبردنی توێژینەوە و پەرەپێدانی پێویست بۆ دانانی ئەو مادەیە لەناو ئامێرێکی تەقینەوەدا. بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە کارانە، واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی دەبێت دڵنیا بن لەوەی کە ئەم جۆرە کارانە بەخێرایی دەستنیشان دەکرێن و لێکەوتەی بۆ ئێران هەبێت - و تارانیش هەست بەمە دەکات. ئەمەش پێویستی بە بەهێزکردنی توانا هەواڵگرییەکان و پشتیوانیکردن لە لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و هەبوونی پلانی هاوئاهەنگ هەیە بۆ وەڵامدانەوەیەکی گونجاو بۆ دنەدانە ئەتۆمییەکەی ئێران. بۆ پتەوکردنی ئەم ستراتیجە، واشنتۆن دەبێت بیر لە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەواڵگری بکاتەوە سەبارەت بە هەر چالاکیەکی ئەتۆمی ڕانەگەیەندراوی ئێستەی ئێران. دەرکردنی ئەم جۆرە چالاکییانە لە ڕابردوودا - بۆ نموونە لەسەر چالاکییە شاراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ساڵانی 2002 و 2009- یارمەتیدەر بوو لە بونیادنانی فشاری نێودەوڵەتی لەسەر ئێران. هەروەها ئەم ئاشکراکردنە دەتوانێت متمانەی تاران کە دەتوانێت بەدزییەوە بۆمبێک دروست بکات، لەبار ببات. جگە لەمەش پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ تارانی ڕوون بکاتەوە بەزاندنی خاڵی دەستپێکی ئەتۆمی دەبێتە هۆی ئامادەبوونی سەربازی زیاتری ئەمریکا لە ناوچەکە و ڕێکخستنی ئەمنی بەهێزتر لە نێوان واشنتۆن و وڵاتانی کەنداو، ئەمەش ڕێگری لە ئامانجی درێژخایەنی ئێران دەکات کە دەرکردنی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بتوانێت بە شێوەیەکی مانادار بەرنامەی ئێران دوا بخات، زەحمەت دەبێت. پێدەچێت ئامانجی تاران پاراستنی دۆخی نزیکی خۆی بێت لە چەکەکە و کاتیش تێدەپەڕێت. ئۆکتۆبەری 2025 دوا کاتە بۆ کۆتاییهێنان بە دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران، دوای ئەوە توانای لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە - چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا و بەریتانیا - بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 بەسەر دەچێت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش لە کارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لادەبرێت. بۆ تاران گەیشتن بەم وادەیە بەڵێنی بەدیهێنانی ئامانجە دووانەیییەکانیەتی کە بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پاراستنی توانای نزیکبوونەوە لە بۆمبی ئەتۆمی. سیناریۆیەک کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت خۆیان لێی بەدوور بگرن، لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕووسیا و چین هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی سزای نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆ دەکەن. هەرچەندە سزا تاکلایەنەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و ڕەنگە ڕووسیا و چین بڕیار بدەن ئەو سزایانە پشتگوێ بخەن کە لە ڕێگەی میکانیزمی گەڕانەوەی دەستبەجێ سەپێنراون، بەڵام تاران ناڕازییە لەو چەواشەکارییەی پێوەستە بە سەرزەنشتی نێودەوڵەتییەوە و دەزانێت هەرگیز بەتەواوی لە چوارچێوەی سزاکاندا نابێت تا ئەو کاتەی دۆسیە ئەتۆمییەکەی لە ئەنجومەنی ئاسایش بێت.
ئەمەش تۆوی قەیرانێکی ئەگەریی لە ساڵی 2025 دا دەچێنێت، کە دەتوانێت ببێتە هۆی جەنگی ئێرانێکی چەکدار بە ئەتۆم، یان ئێران وەک دەوڵەتێکی نزیک لە بوون بە خاوەن چەکی ئەتۆمی. بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنە تەکنیکییەکانی ئێران، ناتوانرێت بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015و ئەگەری ڕێککەوتنی نوێش زۆر کەمە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بەرەنجامە ئەگەرییەکانی شکست، ویلایەتە یەکگرتووەکان نابێت دەستبەردار بێت. بۆ باشترکردنی دەرفەتەکان، واشنتۆن بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، پێویستە بڕیار لەسەر تایبەتمەندییە دڵخوازەکانی خۆی بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ بدات و ئەمانە - هەروەها پەسەندکردنی بۆ چارەسەری دیپلۆماسی - بە زووترین کات بە ئێران بگەیەنێت. هاوکات ئەمریکا و ئەورووپا دەبێت، بەبێ ئەوەی هەنگاوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاسۆی دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەناو ببەن، پێکەوە پلە بە پلە فشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران لە نێوان ئێستە و ئۆکتۆبەری 2025 زیاد بکەن و ڕووبەڕووی ئەرکی هەستیاری بونیادنانەوەی کاریگەر ببنەوە. ئەوە ئاسان نابێت، هەروەها بێ مەترسیش نابێت، بەڵام بەدڵنیایییەوە لە ئەڵتێرنەتیڤەکانی دی باشترە.
--------------------------------------------------------------------
• ئەم بابەتە ئێریک بروەر نووسیویەتی و بە ناونیشانی (Iran’s New Nuclear Threat)، 25ی جوونی 2024، لە سایتی فۆڕن ئەفێرس بڵاو کراوەتەوە.
•• ئێریک بروەر (Eric Brewer)، یاریدەدەری جێگری سەرۆکە بۆ پێشدەستی هەڕەشەی ئەتۆمی بەرنامەی ئاسایشی کەرەستەی ئەتۆمی. لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و ئەنجومەنی هەواڵگری نیشتمانیدا کاری کردووە.
[1] پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (Treaty on the Non-Proliferation of Nuclear Weapons) یان (Non-Proliferation Treaty) ناسراو بە (NPT)، لە جەنیوەری ساڵی 1967، بە شێوەیەکی سنووردار لە نێوان چەند وڵاتێکدا، لە کاتی شەڕی سارددا بەسترا. ئەم ڕێککەوتنە وڵاتانی جیهان دابەش دەکات بۆ دوو بەش: ئەوانەی چەکی ئەتۆمییان هەیە و ئەوانەی کە چەکی ئەتۆمییان نییە. هەروەها ئێران دووەم وڵاتی ئاسیایی بوو لە دوای ژاپۆن کە بە فەرمانی محەمەد ڕەزا پەهلەوی شای ئەوکاتەی ئێران ئەم پەیماننامەیەی واژۆ کرد. تا ئێستە 189وڵات پەیماننامەکەیان واژۆ کردووە. هیندستان، پاکستان، باشووری سودان و ئیسرائیل ئەم پەیماننامەیەیان قەبووڵ نەکردووە. پاشان کۆریای باکووریش لە پەیماننامەکە کشایەوە. بەگوێرەی ئەم پەیماننامەیە، نابێت ئەو وڵاتانەی چەکی ئەتۆمییان هەیە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هاوکاری ئەو وڵاتانە بکەن کە ئەو چەکە ئەتۆمیان نییە، هەروەها ئەو وڵاتانەی کە چەکی ئەتۆمییان نییە، پابەندن بەوەی هەوڵی ئەوە نەدەن ببن بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و بەدواداچوونی دانوستاندنەکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمی یەکێکە لە ئامانجە گرینگەکانی پەیماننامەکە.
[2] میتۆدی سەربازی (دکترین نظامی - Military Doctrine)، میتۆدی سەربازی بەکورتی باس لە چۆنیەتی بەشداریکردنی هێزە سەربازییەکان دەکات لە هەڵمەتەکان، ئۆپەراسیۆنە گەورەکان، جەنگەکان و ململانێیەکان. لە واقعدا ئەم ڕێبازە ڕێنوێنییەکە بۆ کردەوە سەربازییەکان و ڕێسای خێرا و نەگۆڕ لەخۆ ناگرێت. دکترین چوارچێوەیەکی ئاماژەی هاوبەشە بۆ تەواوی هێزی سەربازی کە یارمەتی ستانداردکردنی ئۆپەراسیۆنەکان و ئاسانکاری بۆ ئامادەیی هێزەکان دەکات. عەقیدە، تیۆر، مێژوو، ئەزموون و پراکتیک تێکەڵ دەکات. مەبەست لێی بڵاوکردنەوەی دەستپێشخەری و بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە. ئەم میتۆدە بۆ سیستەم جەستەیەکی بەهێزی دەربڕینە کە شێوازی ئاراستەکردنی هێزە سەربازییەکان دیاری دەکات و ئەدەبیاتێکی تایبەت بۆ دیزاینەران و سەرکردە سەربازییەکان دابین دەکات. ئەو پێناسەیەی کە ناتۆ بۆ دەستەواژەی "دکتورینی سەربازی" پێشکەشی کردووە و لە لایەن چەند وڵاتێکی ئەندامەوە پەسەند کراوە، بەم شێوەیە: "ئەو بنەما بنەڕەتییانەی کە هێزە سەربازییەکان بە هۆیەوە کردەوەکانیان بەرەو ئامانجەکانیان ئاراستە دەکەن، پێیان دەوترێت دکتورینی سەربازی. ئەم عەقیدەیە ڕەوایە، بەڵام لە پراکتیکدا پێویستی بە لێکدانەوە هەیە."
[3] ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (International Atomic Energy Agency - IAEA)، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە لە ساڵی 1957، بۆ پەرەپێدانی بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی سەربازی وزەی ئەتۆمی دامەزراوە. ئەم دەزگایە وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ دامەزرا و بەشێک نییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان یان هیچ ڕێکخراوێکی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە بەبەردەوامی ڕاپۆرتەکانی پێشکەش بە کۆبوونەوەی گشتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. بارەگای سەرەکی لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسایە و تا ئێستە 175وڵات بوونەتە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە. پێشنیازی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە لە لایەن دوایت ئایزنهاوەر، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (كە بە وتاری ئەتۆمی ئاشتی ناسراوە) لە ساڵی 1953دا خرایە ڕوو.
ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:
Eric Brewer, ‘Iran’s New Nuclear Threat’, Foreign Affairs, 25 June 2024.
Iran's nuclear facilities. (Image by Tugce Atmaca/Türkiye Today)
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment