بریکس و ڕۆڵی ئەندامانی لە پێشهاتە سیاسیە جیهانیەکاندا بیروڕا

نوسینی: چنوور جەعفەر 

زانکۆی سۆران

گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو زلهێزانەی خۆیان وەک پارێزەری ووڵاتانی ئەم بەشەی جیهان نمایش دەکەن. ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لەهەڵکشانە لەرێگای کۆڕبەند و کۆبوونەوە جیهانیەکانیانەوە دەیانەوێت پەیامێک بدەن بە گوێی ووڵاتانی ڕۆژئاوادا، بەتایبەت ووڵاتانی بەرەی جەمسەری ڕووسیا لەڕێگای کۆڕبەندی لووتکەی بریکس( BRICS) کە ڕووسیا سەرۆکایەتی دەکات و کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان دەکات. سیناریۆکانی ئەمجارە لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەی لوتکەی بریکس کە لە (کازان)ی ووڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو بەم جۆرە خوێندنەوەی بۆکراوە. لەلایەن چاودێرانی سیاسی تایبەت بە جوڵەکانی بریکس و ووڵاتانی بەشداربووی کۆڕبەندە جیهانیەکە.

 لەکۆبوونەوەی ئەمجارەی بریکس دا، هەرچەندە کەرتی ئابوری هاوبەشی نێوان ووڵاتانی بەشداربوو، تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکانیان بوو، بەڵام وێنەی جیۆپۆلەتیکی نێودەوڵەتی هاوبەشی نێوان وووڵاتانی بەشداربوو لە پەرەسەندنەکان لەڕۆژهەلاتی ناوەراستدا رۆلێکی چارەنوسسازیان لە لوتکەکەدا بینی. هەربۆیە بەدوور نازانرێت کە کۆبوونەوەکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ململانێکان هەبێت وڕەنگدانەوەی هەستێکی جیهانی لەدژی شەڕی نێوان غەززەوە فەلەستینی لێ بەرهەم بێت.

 ڕێکخستنی کۆڕبەندی بریکس بەمیوانداری ووڵاتانی بەشداربوو لەلایەن ڕووسیاوە لە ٢٢ تا ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە شاری کازان لە ڕووسیا ڕێکخرابوو. بەبەشداری هەریەکە لە دامەزرێنەران وسەرکردەکانی ووڵاتانی لوتکەی وەک (بەڕازیل، ڕووسیا، چین، هیندستان وباشووری ئەفریقا)، لەگەڵ هاتنەناوەوەی ووڵاتانی نوێیی وەک ئێران، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات)، ئەسیوپیا ومیسر، کە یەکەم بەشداریکردنیان بوو لە دوای پەیوەندیکردنیان بەبریکس لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤. 

  ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکی سیاسی وئابوری بوو، بۆ ئەندامانی نوێی بریکس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆ هەریەکە لە ئیمارات وسعودیە، هەرچەندە (سعودیە) هێشتا بەفەرمی نەچۆتە نێوگروپەکەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پلاتفۆرمی کۆڕبەندە ئامرازێکی پێشکەشکرد کە دەبێتە هۆکاری بەرزکردنەوەی پێگەی دیپلۆماسی جیهانی سعودیە لەگەڵ هەمەچەشنکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکانیان.

هەرچی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، دووفاقیەک لە سیاسەتی ئەندام بوونی لە (بریکس)دا دەردەکەوێت. چونکە ئێران بریکس، وەک ئامرازێکە بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ڕۆژئاوا وبەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی بەکاردەهێنێت، بەتایبەتی لەگەڵ ووڵاتی ڕووسیادا. وە ئەم ئامانجەی ئێران لە ڕاگەیاندنەکانی ئێران ورووسیادا بەتەواوەتی ڕەنگیداوەتەوە. بەتایبەت کاتێک هەردوو ووڵات نیگەرانیەکانی خۆیانیان نەشاردۆتەوە لەئاست باڵادەستی ئەمریکا، بەسەر سیستەمی دارایی وبانکی نێودەوڵەتی، کە لەلایەن واشنتۆنەوە چەکدار دەکرێت بۆ سەپاندنی فشارە سیاسی وئابوورییەکان بەسەر هەردوو ووڵاتدا. 

 هەرچەندە رووسیاو ئێران هەوڵ دەدەن چەککردنی بریکس بۆ بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی خۆیان بەکاربهێنن.  بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەمەچەشنی گروپەکە، بە تایبەت لە نێوان ئەوانەی کە وەک دژە ڕۆژئاوایی سەیردەکرێن (لە سەرووی هەمووشیانەوە مۆسکۆ وتاران) ن، هەر لەنێوگروپەکەدا ئەو ووڵاتانەی کە تەنها وەک "غەیرە ڕۆژئاوایی" دەبینرێن نموونە هیندستان هەیە. بۆیە بەکارهێنانی بریکس بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەپاندنی فشاری ئابوری بەسەر ئەمریکادا لەلایەن ئێرانەوە جێگەی پرسیارە. لە لایەکی دیکەوە، چارەنووسی وورچە گەورەکە(ڕووسیا) کەمەبەستمان لێی ئەو ڕێککەوتنە درێژخایەنە ٢٠ ساڵەی نێوان ئێران وڕووسیایە، ناوەڕۆکەکەی تا ئێستا ناڕوونە وهێشتا نادیارە، کە ئێران تا ئێستا نزیکەی سێ ساڵە چاوەڕێی واژۆکردنیەتی. چونکە تەنها چەند ڕۆژێک پێش لوتکەکە ڕاگەیەندرا کە ئەو ئمیزا کردنە لە کازان ڕوونادات وەک ئەوەی تاران دەیویست. چونکە دواجار ئەوە مۆسکۆیە کە بڕیار لەسەر ئەو ئیمزاکردنە دەدات نەک ئێران. هەربۆیە ئەم دۆخە حاڵەتێکی ئیحراجی بۆ باڵیۆزی ئێران لە مۆسکۆ خوڵقاندووە کە پێ وابوو لە لوتکەی کازان "سێبەری شکۆمەندی مەراسیمی واژۆکردنێکی لەو شێوەیەی بەردەکەوێت''.

هەرچەندە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە بریکس دا ئارەزووی خۆیان بۆ ئەندام بوون لە بریکس دا لەماوەی ساڵانی ڕابردوو نەشاردۆتەوە. بەڵام سەبارەت بە تورکیا، کە دواین ووڵاتە چۆتە نێو ئەم گروپەو هاوکات یەکەم ووڵاتی ئەندامی ناتۆیە کە ئەندام بوونی خۆی لەبریکس ڕاگەیاند، هاوتەریبە لەگەڵ مانەوەی خواستەکانی بۆ سەربەخۆیی زیاتر لە زلهێزەکانی دیکەی جیهانی، بەتایبەت بەرامبەر ڕۆژئاوا. بەشداریکردنی ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە شانزەهەمین لوتکەی بریکس لە ڕووسیادا، ئاماژەیە بۆ نیازی تورکیا بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بلۆکەکەدا. بەتایبەت بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە بریکس لەگەڵ بەدواداچوونی سەربەخۆیی ستراتیژی لە سیاسەتی دەرەوەیدا هاوتەریبە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکی فراوانتروجیاوازە لە نێوان زلهێزە مامناوەندییەکاندا کە بەدوای هاوبەشی هەمەچەشندا دەگەڕێت لە جیهانێکدا کە تادێت فرە جەمسەری زیاتر دەبێت. پاڵنەرە ئابوورییەکان، بە تایبەتی قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین وڕووسیادا وگەڕان بەدوای دەرفەتەکاندا لە ڕێگەی بانکی گەشەپێدانی نوێی بریکسەوە، بزوێنەری سەرەکی بەرژەوەندییەکانی تورکیان. سەرەڕای ئەوەش، هەڵوێستە سیاسییە هاوبەشەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە جەنگی غەززە، وتوانای بەرزکردنەوەی هاوکاری بەرگری وەک یازدەهەمین گەورەترین هەناردەکاری چەک لە جیهاندا، وایکردووە بریکس سەرنجڕاکێش بێت بۆ ئەنقەرە. پێکهاتەی نەرمی نەزمی سیاسی ونایەکسانی بلۆکەکە ڕێگە بە تورکیا دەدات، هاوسەنگی لە نێوان پابەندبوونەکانی بە ناتۆ لەگەڵ بەشداریکردنی جیهانێکی فراوانتردا هەبێت.

سەبارەت بە ووڵاتانی کەنداو ئەندام لە بریکس دا، بریکس دەروازەیەکە بۆ داڕشتنی هاوپەیمانییە جیهانییەکانیان. چونکە وڵاتانی کەنداو لوتکەی بریکس وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییە دیپلۆماسی وئابوورییەکان لە ئاستی جیهانیدا دەبینن. ئامانجیان بەرزکردنەوەی هاوکاری وگەشەپێدانە ئابوورییەکانە لە چوارچێوەی ناوچەکەدا، هاوکات بریکس بەکاردەهێنن وەک پشتیوانیەک لە بەدەستهێنانی سەقامگیری جیهانیدا.

سعودیە لووتکەی بریکس، وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراوی وزە بۆ بەهێزترکردنی پێگەی خۆی بەکاردەهێنێت. کە گرنگە بۆ پاراستنی بازاڕەکانی وزەی سەقامگیر. جگە لەوەش، وڵاتانی کەنداو هەوڵدەدەن پلاتفۆرمی بریکس بەکاربهێنن بۆ پێشخستنی هاوکارییەکانی وڵاتانی باشور، کە بەشدارن لە باشترکردنی حوکمڕانی جیهانی. بەتایبەتی بۆ سعودیە، بەشداریکردنی بریکس ڕێگەی نوێی نیشان ئەدات بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێیدا، هاوکات یارمەتیدەرە بۆ چەسپاندنی ڕۆڵی گەشەپێدانی وفراوانکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ باشووری جیهانی.

 

ئەندامانی بریکس بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر شەڕی نێوان فەلەستین وئیسرائیل، فەلەستینیش، هەرچەندە دەیەوێت بچێتە ناو گروپەکەوە وبەشداری لە لوتکەکەدا بکات. بەو نیازو ئامانجەی پەیوەندییەکانی نێو گروپەکە کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەوململانێ وڕووداوانەی کەلە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ڕوودەدەن. ئەگەر تەماشای بەیاننامەی لوتکەی کازان بکەین، سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە وفراوانکردنی بۆ لوبنان ئەو خوێندنەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت کە لێدوانی گشتی نیگەرانی وبانگەوازی ئاشتی و داوای گفتوگۆ و چارەسەری دوو دەوڵەتی لێ بکەوێتەوە. ئێران کە ئەندامێکی نوێی بریکسەو لەڕێگای هەردوو بریکارەکانی حەماس وحزبوڵڵاوە لە شەڕەکەدا بەشدارن، پاڵ بە ئیدانەکردنی توندەوە دەنێت. هەروەها لەبەیاننامەکەدا هەریەکە لە ئەفریقای باشوور وبەرازیل ڕەخنەیان لە کردەوەکانی ئیسرائیل گرتووە و بە جینۆسایدیان ناوبردووە. بەڵام ڕەنگە ئەندامانی دیکەی بریکس وەک هیندستان، چین، ڕووسیا، ئیمارات ومیسر، بەهۆی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکان و پەیوەندییە تاکەکەسییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، لەگەڵ هەڵوێستێکی سنووردارتردان. لە کاتێکدا دژایەتی نێودەوڵەتی بۆ داگیرکاری ئیسرائیل بەربڵاوە، بەڵام پێدەچێت کاریگەرییەکانی بەیاننامەکە لەسەر واقیعی دۆخەکە سنوورداربن. سەرەڕای ئەوەش گرنگییەکی ڕەمزی دەبێت، کە ڕەنگدانەوەیەکی ڕای گشتی جیهانیی لە دژی شەڕی ئیسرائیل فەلەستین هێناوەتە ئاراوە.

 لەکۆتایی ئەم کۆبوونەوە لوتکەییەدا ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە،کە ڕووسیا هیوادارە لە ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوسەنگی دروست بکات. چونکە ڕووسیا پشکی گەورەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەمەش وایکردووە پێگەی خۆی بەرامبەر بە شەڕی ئێستا ئاڵۆز بێت. سیاسەتەکەی پەیوەستە بە پاراستنی ئەوەی کە دەتوانرێت بە ''بێلایەنی ستراتیژی'' وەسف بکرێت. دوورکەوتنەوە لە هەڵوێستێکی ڕوون سەبارەت بە ململانێ یان هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ هەر ئەکتەرێکدا لەکاتێکدا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەگەڕێت. ئەولەویەتی سەرەکی پاراستنی کاریگەرییەکانیەتی لە کەنداودا. مۆسکۆ بە وریاییەوە بە هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران ووڵاتانی کەنداوی عەرەبی، تا دێت ئەندامێتی لە بریکس دا گرنگتر دەبێت، وبە وردی ئەو بەرپرسیارێتیەی بەڕێوەدەبات.

چونکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دا ڕەگ وڕیشەی لە چەندین بەرژەوەندی هاوبەشدا هەیە، هەر لە هاوکاری لە سوریا تا هاوکاری بەرگری ودژایەتیکردنی نفوزی ئەمریکا. بەڵام مۆسکۆ بە هەمان شێوە گرنگی بە هاوبەشییە ئابووری وسیاسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی وەک سعودیە وئیمارات دەدات، کە لە ڕێگەی گرێبەستی وزە ولە ئێستاشدا لەڕێگەی بریکسەوە چەسپاوە. 

ئەم هەڵوێستە نوانسە ڕێگە بە ڕووسیا دەدات کاریگەرییە ناوچەییەکەی خۆی بپارێزێت. بەشداریکردنی ئێران و دەوڵەتانی کەنداو لە بریکس (هەروەها SCO) ڕەنگدانەوەی خواستی فراوانتری مۆسکۆ (و وڵاتانی بریکس) ە بۆ دەستەبەرکردنی ڕۆڵێکی ناوەندی لە نەزمێکی جیهانی فرە جەمسەریدا، کە بەدیلێک پێشکەش دەکات بۆ سیستەمی سەرکردایەتی ڕۆژئاوا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین