لەمپەرەکانی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردی بیروڕا

نوچە نێت

ن: چرا یاسین  

ناسیۆنالیزم چەندین مانای گەورە و قوڵ لەخۆی دەگرێت، و تا ئێستا چەندین پێناسەی بۆ کراوە، لە سادەترین شێوەیدا بریتییە لە جۆرێک ھەستی وەفاداری بۆ نەتەوەیەکی تایبەت و جۆرێک لە نیشتیمان پەروەری، ناسیۆنالیزمی کوردی وەک ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و بزاڤێکی نەتەوەیی دیاردەیەکی نوێیە بۆ کورد، دەربڕینەکانی ناسیۆنالیزمی نوێی  کوردی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و بەرایی سەدەی بیستدا سەریھەڵدا، و تاوەکو ئێستاش بنەماکانی بە تەواوی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەگی دانەکوتیوە، ئەوانیش بە تێڕوانینی خۆم دەگەڕێنمەوە بۆ چەند ھۆکارێک لەوانە:  

1ــ جێگیرنەبوونی بیری نەیەوایەتی 

ھەستی نەتەوایەتی و بیری نەتەوایەتی دوو شتی زۆر لەیەکتر جیاوازن، ئەوەی لای ئێمەی کورد زۆرترە ھەست نەتەوایەتییە، نەوەک بیری نەتەوایەتی،  نەتەوەپەروەری ئێمەی کورد نەتەوەپەروەرییەکی لاواز و خاوە، بە زمان هەموومان کوردپەروەر و نیشتمانپەروەری نیشان دەدەیین بەڵام لە کرداردا هیچکەس ئەرکە نەتەوەییەکان جێبەجی ناکات.تەنانەت زۆرینەی ئەو کەسانەشی کە ناسیۆنالیستن. هەست و هزری ئێمەی کورد تەنیا لە زمان و قسەماندایە نەک لە دڵ و مێشکمان. هەموو ئەو میللەتە سەرکەوتوو و بەھێزانەی ھەن خزمەتی یەکیەتی خۆیان دەکەن و لە پێناو بەرژەوەندی و نیشتمانەکەیاندا تێدەکۆشن.کاتێک کە بابەتێک دەبێتە بەرژەوەندی میللەت، ئاڵا و وڵات، ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکان وەلا دەنرێن و یەکدەگرن و تێکڕا دەبنە یەک دەنگ و یەک هێز، و یەک ھەڵوێست. بێگومان ئەوەش لە بەهێز بوونی هەستی نەتەوەیی، خودئاگایی و هزری نیشتمانپەروەری ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێت. بە پێچەوانەوە ئێمەی کورد هیچ کاتێک نەمانتوانیوە ببینە خاوەن ئەو هەست و گیانە نەتەوەییە کە بتوانین بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆمان، پەراوێز بخەین و لە بەرژەوەندی نەتەوەیی کۆ ببینەوە. 

2ــ ئاگادارنەبوونمان لە مێژووی خۆمان و پەند لێوەرنەگرتنمان 

مێژوو مانایەکە بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو و ئێستامان، لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی ڕووداوە مێژوویەکانی ڕابردوو لە گۆشە نیگا جیاوازەکانەوە یارمەتیمان دەدات کە بە باشی لە ئێستامان تێبگەین و پێشبینیمان و کارکردنمان بۆ داهاتوو بە باشی پرۆسێس بکەین، وەهەروەها مێژوو یارمەتیمان دەدات لە ناساندنی ناسنامەی تاکی و نەتەوەیمان، بێگومان ئەمە یەکێکە لە گرنگترین ئەو خاڵانەی کە هانمان دەدات بە گرنگیەوە لە خوێندنی مێژوو بڕوانین.. لە ڕێگەی مێژووەوە دەتوانین لە گۆڕانکاریەکان تێبگەین و بکۆڵینەوە کە چۆن کۆمەڵگە و نەتەوە و جیهان گەشتووە بەم حاڵەی ئێستا و یارمەتیمان دەدات لە بنەڕەتی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان تێبگەین.

  مێژوو نووسی ئینگلیزی (جۆرج سێڵ) دەڵێت: (سیاسەتمەدارێک ناتوانێت گرفتێک چارەسەر بکات بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، ئەگەر هاتوو لەمێژوو هەڵوێستی گونجاو وەربگریت، هەروەها دەرکردنی بڕیارێکی گونجاو و پەسەند پێویستی بەگەڕانەوەیە بۆ مێژوو، چونکە مێژوو هەروەکو کۆگا وایە لەبەر ئەوەی تەمەنی مرۆڤ کەمەو ناتوانێت هەموو شتێک تاقی بکاتەوە لەبەر ئەوە پێویستی بەکەسانی تردەبێت). یەکێکی دیکە لە سوودەکانی بایەخدانی ئێمە بە مێژوو بریتییە لە پێناساندنی شوناسمان،لە ڕێی مێژووە و دەزانین چین و کێین و دۆستمان کێیە؟ دوژمنمان کێیە؟ ھیچ نەتەوەیەک به‌بێ بوونی مێژوویه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بوونی نییه، تا‌ بیره‌وه‌ری هاوبه‌شی ئازار و سه‌رفرازیه‌كانی، قاره‌مانان و خراپەکارانی، دوژمن و جه‌نگه‌كانی و شکست و سه‌ركه‌وتنه‌كانی له‌ هزرو بیری خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌چه‌سپا بێت، سەرکەوتوو نابێت. ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ به‌ هێز بوونی یه‌كگرتوویی ڕیزەکانی‌ نه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆتاییدا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یش به‌هێز ده‌كات. 

3ــ ڕۆڵی ئایین  

ئایین یەکێکە لە فاکتەرە ھەرە دیارەکانی بەردەم لاوازی ناسیۆنالیزمی کوردی، کە لەسەر دوو ئاستی ناوەخۆیی و دەرەکی بووەتە لەمپەر و کاریگەری خۆی ھەیە لەسەر لاوازی ناسیۆنالیزمی کوردیدا. لە ئاستی دەرەکیدا ئەگەر سەیر بکەیین عەرەبە ئیسلامییەکان خاوەن ٢٢ دەوڵەتن کەچی دژی نەتەوەکانی وەک کورد و ئاشووری..ھتد..کانن، کە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان ھەبێت، و ئایین دەکەنە بیانوو، ھەروەھا ئێران چەندین نەتەوە تێدا دەژی و لەژێر سێبەری فارسەکاندان و دەوڵەتی نەتەوەیی بە داھێنراو دەزانێت چونکە ئاینی ئیسلام وایگوتووە بە ھەمان شێوە وڵاتی تورکیای تۆرانی و نەتەوە پەرست کە دەیان نەتەوەی جیا جیای تێدای، لە دوای نەتەوە پەرستی خۆیان ئایین وەکو ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی گەل و نەتەوەکان دیکە بەکار دەھێنن و زمان و کلتووری نەتەوەکانی دیکە قەدەغە دەکەن، لەسەر ئاستی ناوەخۆییش لەمێژوودا تاکی کورد لە دێر زەمانەوە خاوەن ھەست و سۆزێکی لە ڕادەبەدەر بووە، بە تایبەت کە باسەکە دەکەوێتە سەر ئایین، ھەمیشە ئایین وەک ئامرازێکی بەستنەوەی کورد بەکارھاتووە لەلایەن دوژمنانیەوە بۆ نموونە دوڵەتی عوسمانی بە بیانووی شەڕی کافر و موسڵمان سوودی لە  ھاوکاری و توانای کورد وەرگرتووە، لە ھەمان کاتدا بوونی ھەستێکی ئایینی ڕەھا و نەکردنی ھاوسەنگی لە نێوان ھەستی ئایینی و ھەستی نەتەوایەتی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا، فاکتەرێکی دیکەی سەرەکییە لەبەردەم لاوازی ناسیۆنالیزمی کوردی، بۆ نموونە کوردێک ئەوەندەی خەون بە ڕزگارکردنی قودسەوە دەبینیت و ویستی بۆ ھەیە، ئەوەندە تامەزرۆ نییە بۆ ڕزگاری کورد لە ژێردەستەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی. ھەرچەندە گومان لەوەدا نییە «قودس» بۆ موسڵمانان پیرۆزی خۆی ھەیە بەو پێیەی یەکەم قیبلەی موسڵمانانە، بەڵام دەبێت ھێشتا خاک و نیشتیمانی خۆمان لە پێشینەتر دابنێین، لە کۆتاییدا خاکی خۆم شوناسی خۆمە و نوێنەرایەتیم دەکات، نەک خاکی نەتەوەیەکی تر. ئەم ھەستە وەھا تۆکمە ڕۆچووەتە نێومان بە جۆرێک زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی خۆیان دەخەنە نێو دوو ھەڵبژاردەوە، یان ئەوەتا دەبێت پابەندی ئایین و بنەما ئاینییەکان بێت و لە بەرامبەردا پشت بکاتە نیشتیمان و کۆپرسە نەتەوەییەکان، یان بە پێچەوانەوە، بەڵام ئەم لە بنەڕەتدا وانییە، پشت کردن لە نیشتیمان و کۆ پرسە نەتەوەییەکان لەئاییندا بوونی نییە، ھەموو موسڵمانێک مافی خۆیەتی بەرگری لە خاک و وڵاتی خۆی بکات و ئینتیمای ھەبێت بۆ ئەو زێدەی لێی ھاتۆتە بوون، ئەوەتا پەیامھێنی ئیسلام محمد(د.خ) کاتێک ناچار دەبێت بە جێھێشتنی شاری مەککە کە شوێمی لە دایکبوونی خۆی بوو، و کۆچکردنی بەرەوە شاری تائیف(مەدینە) ئاوڕێک لە شارەکەی دەداتەوە و چاوەکانی پڕ دەبن و ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەگەر ناچار نەبا جێی نەدەھێشت.  

4ــ جیا نەکردنەوەی نیشتیمان و دەسەڵات 

یەکێک لە کێشە ھەرە گەورەکانی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردی، نەبوونی ئینتیمایە بۆ خاک، نیشتیمان، ئاڵا، کە بۆ ئەمەش چەندین ھۆکار ھەن، وەک خراپی دۆخی سیاسی وڵات، خراپی باری گوزەران و ئابووری ھاوڵاتیان، وا دەکات خەڵکی ڕقیان لەکۆپرسە نەتەوەییەکانیان بێتەوە زۆر گرنگە پرسی ئاڵا، نەتەوە، خاک، نیشتیمان، کە بابەتی گشتی و پەیوەست بە کۆمەڵگەن بە تەواوی دایماڵێنین لەو جۆرە خاوەنداریەتی کردنە، دەبێت تێبگەیین لەوەی کە بوونی خۆشەویستی و ئینتیما بۆ ئاڵا، یەکسان نییە بە بەرگریکردن لەو سیستەمەی لەژێر ئەم ئاڵایە کار دەکات، وە دژایەتیکردنیشی بە ھەمان شێوە، چونکە دەسەڵات ھی بەشێک لە خەڵکییە، بەڵام (ئاڵا، خاک، نیشتیمان) ھی ھەمووانن و شتانێکن کە ئەگەر دەسەڵات و سیستەمی فەرمانڕەواییش بگۆڕێن ئەوانە ھەر وەک خۆیان دەمێننەوە و گۆڕانیان بەسەردا نایەت. تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک بێت بە یاسای فەرمی نێودەوڵەتی دان بە کوردستان دابنرێت و و ئاڵای کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ھەڵبکرێت، ئەو ئاڵایەی لە UN ھەڵدەکرێت، گوزارشت لە وڵاتی کوردان دەکات، نەک  دەستە و تاقمێکی دیاریکراو. 

5ــ بارودۆخی سیاسی کوردستان 

بارودۆخی ڕابردوو و ئێستای کوردستانیش ھۆکارێکی دیکەیە، دابەشبونی حزبایەتی لەسەر بنەمای لایەنی و، بوونی شۆڕشی جیاواز، لە بنەمادا گەورەترین زیانیان لە بیری ناسیۆنالیزمی کوردی داوە، هاوکات دروستبوونی شەڕی ناوخۆ، کە هەموو بنەماکانی ناسیۆنالیزمی شێواند و لێکەوتەکانی ئەم شەڕە نەگریسە هەر لە هەڵگیرسانییەوە گەلی کوردی کرد بە دوو بەرەی دژ بە یەک و تاوەکو ئێستاش کاریگەری نەرێنی بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا جێهێشتووە. لە ئێستاشدا نەبوونی دەسەڵاتی ناوەند و دابەشبونی ئیداری و حزبایەتی ئێستای هەرێمی کوردستانی بە یەکێک لە ئاڵنگاریەکانی دیکەی ناسیۆنالیزمی کوردی لەقەڵەم دەدرێت تا دەسەڵاتی ناوەندی لە هەرێمی کوردستاندا نەبێت مانایەک بۆ ناسیۆنالیزم نابێت. خراپی بارودۆخی سیایی کوردستان کە لەسەر ھەموو لایەنەکانی تری ژیان ڕەنگی داوەتەوە، خراپی گوزەران و  ھەستنەکردن بە یەکسانی لە کۆمەڵگەدا جۆرێک لە توڕەیی و بێ ھیوایی لەلای خەڵکی دروستکردەوە، بە جۆرێک پشت بکاتە ئامانجە گەورەکەی خۆی کە دەوڵەتی کوردییە، و یان ئەوەتا بڕیاری کۆچکردن بدات، یانیش حاشا کە نیشتیمان و ھەموو کۆپرسە نەتەوەییەکان بکات. ھەر لە بازنەی سیاسییەوە نەبوونی سەرکردەی کارێزما،  

لە ئێستادا ھۆکارێکی دیکەیە بۆ پاشەکشێکردنی بژاڤی ناسیۆنالیزمی کوردی، بە مانایەکیتر تێروانینی خەڵکی بەرامبەر بە سەرکردەکان ئەو جۆرە تێڕوانینە نییە کە وەک سەرکردەی کارێزما لە سەرکردە کوردەکانمان  بڕوانن. سەرکردەی کاریزما ئەو کەسەیە کە بەدیهێنەرو خوڵقێنەری ژیانێکی شایستەبێت بۆ گەلەکەی، و دیدێکی درێژخایەنیان هەیە و هەموو یەکەکانی لایەنەکان بۆ بەدیهێنانی ئەو دیدە گەورەیە کۆ دەکەنەوە. ھەروەھا تواناییەکی لە ڕادەبەدەریان هەیە بۆ گۆڕینی دیدگای لایەن یاخوود حزب بۆ ئامانجی گەورە و پاڵنەر، تا ئەو ڕادەیە کە هەموو ئەندامانی ژیانی خۆیان ببەخشن بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە.مرۆڤێکی چالاکن و بەردەوامن لە کارکردن و دەبنە ھاندەر بۆ ئەوانیتر، بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکەیان.  

6ــ نەتەوەییەکان:  

    خودی نەتەوەییەکانیش بەرپرسیارن لە ئاست لاوازکردنی نەتەوایەتی، نەتەوەییەکان لە سەدەی 21 وەکو مارکسییەکی سەدەی 20 خوێندەوار نین، لە چەمگەکان و بیر و باوەڕەکان تێناگەن، بۆیە کاتێک بانگەشە بۆ نەتەوایەتی دەکەن، زیان بە نەتەوایەتی دەگەیەنن. گروپ و دەستە نەتەوەییەکان زۆرن بە ڕێژە، بەڵام خاوەنی پەیڕەوێکی دیاریکراو و ڕوون نین، نەتەوەییەکانی ئەمڕۆ تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕێبازێک بۆ نەتەوایەتی دیاری بکەن، هەمیشە دەیلکێنن بە بیر و هزرێکی دیکە، هیچ نەتەوەییەک لەناو کورددا، درکی بەوە نەکردووە کە مەسەلەی نەتەوەیی، دژی هەردوو باڵی ڕاست و چەپی سیاسییە، هەتا لەوانەیە نەشزانێت ڕاست و چەپی سیاسی چییە؟لە کاتێکدا نەتەوەپەروەرەکانی تورک و فارس بە شێوەیەکی زۆر تۆکمانە خاوەن ڕێباز و پەیڕەوێکی دیاریکراون، بەڵام نەتەوەییەکانی کورد، لەم مافە خۆیان بێ بەشکردووە و سەر بە هیچ قوتابخانەیەکی فیکری نین. لە ناو نەتەوایەتیشدا چەندان قوتابخانەی گرینگ هەیە، نموونە (رۆمانتیک/ئەڵمانی) یان (فەڕەنسی)کە هەر یەکێکیان بیر و ئایدیای خۆی لەسەر چەند بنەمایەک داڕشتووە، بەڵام ئایە نەتەوایەتی کوردی لە ئێستادا توانیویەتی ئەمە بکات بەبێ تێکەڵکردنی لەگەڵ مارکسیزم یان دیموکراسی؟  نەتەوایەتی کوردی لەڕوویی زانیارییەوە زۆر لاوازە، ئەویش لەبەر سادەکردنەوەی نەتەوایەتی تەنها بۆ (خۆشویستنی وڵات، هەستکردنی بە خود، و پۆشینی جل و بەرگی نەتەوەیی..ھتد …) کە ئەمانە تەنها بەشی هۆشیاری پێکدەهێنن کە هەزاران ساڵە بە شێوەی جیاواز بوونی هەیە، بەڵام ئایە بیرۆکەی نەتەوەیی کوردی گەیشتووە بەو ئاستەی کە دەبێت بگات؟ نەخێر، ئەم جۆرە لە نەتەوایەتییە بووەتە هۆی لاوازکردنی هۆشیاری نەتەوەیی، بیرکردنەوە کڵۆڵی بۆ ڕێبازی ناسیۆنالیزمی دەهێنێت و لاوازتری دەکات. هەتاوەکو نەتەوایەتی بە ڕێبازێکی دیاریکراو نەڕوات بەڕێوە و کەسانی شارەزای بۆ دانەنرێت هەرگیز ناتوانێت ببێتە ڕێبازێک لەناو کورددا. 

7ــ تۆڕی کۆمەڵایەتی: 

    کاریگەری تۆڕی کۆمەڵاییەتی لەسەر کەمکردنەوەی ھەست و بیری نەتەوایەتی، بێگومان تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک چۆن کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر بەرزکردنەوەی ھەستی نەتەوایەتی بە ھەمان شێوەش کاریگەری ھەیە لەسەر لاوازکردنی بیری نەتەوایەتی لە نێو توێژی گەنجان بە تایبەت گەنج بەهێزترین هێزی گۆڕینی رەوتی کۆمەڵگەو چەقبەستوو و سووتەمەنی گشت شۆرش و راپەڕین و گۆڕانکاری گەورەیە هەر بۆیە لە هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوو بیریی گەنج دەرفەتی گەورەی پێ دراوە بگرە پێشەنگە، بەشێک لە گەنجانی کورد بە شێوازێکی نا تەندروست تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەھێنن سەرئەنجامی ئەمەش بەرھەمھێنانی گەنجی کەم ئەزموون و کەمتەرخەمە لەکۆمەڵگەدا، گەنجانێک کە ناتوانن کاتیان تەرخان بکەن بۆ خوێندنەوەی پەرتووک و پەیداکردنی شارەزایی دەربارەی مێژووی خۆی و نەتەوە و نیشتیمانەکەی، کەچی ئامادەیە بە چەندین کاتژمێر لە یاریەکی ئەلیکترۆنی و کۆی پلاتفۆڕمەکانی ترەوە، دابنیشێت.  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین