کاریگەریی فەرامۆشکردنی زمان لەسەر فەرھەنگ و کولتوور بیروڕا

نوچە نێت

نووسینی: چرا یاسین

پەیوەندی زمان بە فەرھەنگ و کولتووری نەتەوەوە 

چەمکی زمان مانایەکی گەورە و قوڵ لەخۆی دەگرێت، و تاوەکو ئێستا بە دەیان پێناشی بۆ کراوە، بەڵام سادەترینیان، بریتییە لەوەی کە زمان ئسمرازێکە بۆ دەربڕینی بیروباوەڕی مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی دیکە، هەرکات باسی زمانی نەتەوەیەک دەکرێت، بێگومان لەبارەی فەرهەنگ و کولتووری میللەتێک دەدوێین، چونکە فەرهەنگی هەر نەتەوەیەک، زمان و زاراوەکان و جل و بەرگ، داب و نەریتەکانی ئەو میللەتە دەگرێتەوە.بەجۆرێک لە ڕێگای زمانەوە، کەلتوور و فەرهەنگ شووناسی نەتەوەکان لە جیهاندا لە یەکتری جیا دەکرێنەوە و دەناسرێتەوە.زمان وکەلتوور پەیوەندییەکی دوولایەنەی تۆکمەیان هەیە، و بوون و نەبوونیان  بە یەکترەوە بەندو بەستراوە. زمان بەشێکی دانەبڕاوە لەکەلتوورو کولتووریش لە زماندا دەردەکەوێت و هەیە. بەو پێیەی کە هەموو زمانێک بەرهەمی کەلتوورێکی تایبەتە، و هەموو کەلتوورێکیش زمانێك لەخۆ دەگرێت.  

هەروەها زمان ڕۆڵێکی ئێجگار کاریگەری لە گواستنەوەو بڵاوبوونەوەی کەلتووریدا هەیە، هەربۆیە ئەگەر سەیر بکەیین لەهەر کوێیەك گەشەی زمان وەستابێت، گەشەی کەلتووریش وەستاوە، بە پێچەوانەوەش لەهەرکوێیەك کەلتوور گەشەی کردبیت، ئەوا زمانیش لەگەشە کردندا بووە. ھەر بۆیە بە پاشکۆکردنی زمانی دایک، کاریگەری نەرێنی تەنیا لەسەر خوودی زمان ناھێڵێت، بەڵکو بەسە کەلتوور و فەرھەنگیش بەجێی دەھێڵێت، چونکە ھەر لێدان و پاشەکشەکردنێک بە زمان، لێدانە لە کلتوور و فەرھەنگی نەتەوەیەک. 

ئایا زمان بەرگری لە مانەوەی نەتەوە دەکات؟  

 زمان پێویستییەكی سەرەكییە بۆ بنیادنانی تاك و كۆمەڵگە، زمان بە پێناسە و بنەمای سەرەکی هەر نەتەوەیەک دادەنرێت و یەکێکە لە پایەکانی ناسینی نەتەوە، ھەر نەتەوەیەکیش زمان و فەرهەنگی نەتەوەیی خۆی نەپارێزێت، و هەوڵ بۆ گەشەسەندنی نەدات، ئەوا ھەم زمانەكە و ھەم نەتەوەكە، بەرەو لاوازبوون و پوكاندنەوە دەڕۆن. زمانناسی ئەمریکی، کارل دارلینگ دەڵێت: {خەڵکانێک کە زمانی تایبەتی خۆی نەبێت، نیو نەتەوەیە}، واتە تۆ بە نەتەوە ھەژمار بکرێیت، بێگومان دەبێت زمانێکی تایبەت بەخۆشت ھەبێت، کە جیات بکاتەوە لە نەتەوەیەکیتر. لەژێر سێبەری ئەم بنەمایانە، دەتوانین بڵێن: بەڵێ زمان بەرگری لە مانەوەی نەتەوە دەکات، لەبەر ئەوەی زمان هۆیەكە لە ئەو هۆیانەی، مرۆڤ بە كۆمەڵەوە دەبەستێت هەموو مرۆڤێک، تەنیا بەهۆی زمانە نەتەوەیییەكەوە، تێكەڵاویی لەگەڵ ئەندامانی كۆمەڵەكەیدا پەیدادەكات و لە یەکتری تێدەگەن. هەر بە هۆی ئەو زمانەی پێشی دەدوێت،بە ئەندامێكی ئەو نەتەوەیە دادەنرێت.  

 نەتەوەی کورد سەرەڕای ئەو هەموو داگیرکاری و ستەمکارییەی داگیرکەران، کە هەوڵی تووانەوەیان داوە، بەڵام خۆڕاگر بووەو کە لەناونەچووە یەکێک لە هۆکارەکان زمانەکەی بووە، کە زمانێکی دەوڵەمەند و زیندووە، و ئێمەی کورد کە گەورەترین ئاوات و ئامانج بەیەکترییەوە کۆمان دەکاتەوە بریتییە لە سەربەخۆ بوون، بێگومان زمان کە پێناسە و سەنگەری ھەرمانی نەتەوەیە، ڕۆڵ و کاریگەری گەورەی خۆی ھەیە، لە ھەنگاونان بەرەوە وەدیھێنانی ئەو خەونە، بەڵام ئەگەر چاوێک لە بارودۆخی زمانی کوردی بکەیین، و بە پێی ئەو ئەزموونانەی کە ڕۆژانە بەسەر ھەر یەکێک لە ئێمەدا دێت لە کۆمەڵگاکەماندا، ئەوا لەگەڵ بوونی چەندان ھەوڵی جوان بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی، بێ ئومێدیەکی گەورەشی تێدا بەدی دەکرێت. بە جۆرێک زمانی کوردی لەنێو جەرگەی پایتەختی کوردستان، ئەگەرچی زمانی فەرمی ڕۆژانەیە، بەڵام بەھۆی چەندین ھۆکار و پاڵنەرەوە، وەک بە زمانێکی لاوەکی و دووەم چاوی لێدەکرێت. و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ھەنگاو بەرەو بە پاشکۆکردن ھەنگاو دەنێت.  

لە دیارترین ئەو ھۆکار و پاڵنەرانەی لە ئێستادا کە وادەکات زمانی کوردی بەرەو پوکانەوە بچێت لەوانە:  

بە پلەی یەکەم بریتییە لەو خوێندنگایانەی کە خوێندن تێیدا تەنھا زمانی ئینگلیزییە، بەبێ ئەوەی ھیچ بایەخێکیان بۆ زمانی کوردی ھەبێت، کە زمانی یەکەم و زمانی دایکی تاکەکانی نێو نیشتیمانی کوردە، و مامۆستاکانیان بەشی پێویست بەو زمانە ئاخاوتنیان نییە لەگەڵ منداڵدا، ھەروەک ئەوەی زۆربەی جار دەیبیبین منداڵانی  ئەو خوێندنگایانە ناتوانن بە باشی چەند وشەیەکی کوردی  لە دوای یەکدا ڕیز بکەن و بڵێن، ڕاستەوخۆ دەیکەنەوە زمانی بە ئینگلیزی. کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا گەورەترین پاشەکشێیە بۆ زمانی کوردی، چونکە پەروەرد بناغەی ھەموو بەرەوپێشچوونەکانی کۆمەڵگایە، منداڵێك کە زمانی دایکی بە باشی نەزانێت واتە جیلێک پێ دەگات و دەچێتە ناو کۆمەڵگە، جیا لەوەی زمانەکەی پاراو نییە، ھاوکات ھیچ ھەست و سۆزێکی بۆ زمان و نەتەوەکەی نییە، کە لە داھاتوودا بۆ بەرەوپێشبردنی کاربکات و ھەوڵبدات.خاڵێکیتر بریتییە لە بواری ڕاگەیاندن، بە ھەمان شێوە، ڕاگەیاندنیش وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری بە جەماوەر و خزمەت و پەرە گرتنی فەرهەنگی نەتەوایەتی و پاراوی و پاراستنی زمان بە هەموو بەشەکانیەوە، بۆ دنیای ئەمرۆ ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەری هەیە لە کۆمەڵگا دا. 

* خاڵێکیتر کۆچکردنی بە لێشاوی خەڵکانی بیانی لە نێویشیاندا عەرەب بە پلەی یەکەم، و تێکەڵبوونیان بە دانیشتوانی شارەکانمان لە  ھەمان کاتدا ھاتنی کرێکار و خاوەنکاری بیانی و دانانی پڕۆژە کار لە شارەکان، و دەستگرتن بەسەر پڕۆژەکانی شارەکان، بە ھەمانشێوە، ئەگەر شسری ھەولێر وەك نموونە وەرگرین، کە زیندووترین نموونەیە، و ئەم دیاردانەی بە شێوەیەکی بەرچاو تیایدا ڕەنگی داوەتەوە 

* بۆ پێدانی ھەلی کار زمان مەرجی یەكەم بێت بێگانەکان، ئەمە دەکرێت ببێت بە تێکھەڵکێشی ھۆکارەکەی پێش خۆی، و بە یەکەوە تاکی کورد ناچار دەکەن بۆ بژێوی ژیانیان پەنا بۆ زمان بێگانەکان ببەن، ھەرچەندە من دژی فێربوونی زمانی جیاواز و نوێ نیم، بگرە بە پێویستیشی دەزانم، بەڵام لە کاتێکدا ئێمە وڵات و دەستەی فەرمانڕەواییمان و زمان و خوێندنمان بە شێوەی فەرمی کوردییە. ناکرێت مەرجی ھەموو کار و پیشەیەک بکرێت بە زمانی بیانی، چونکە ئەوەی لەم نیشتیمانەدا کەسی یەکەمە، تاکی کوردە، نەوەک بێگانە. 

‌‎ ھەموو ئەو ھۆکارانەی سەرەوە و چەندانی تریش دەرئەنجامی نەرێنیان بەسەر کۆمەڵگە و بەسەر زمانەکەشماندا بەجێھێشتووە، ڕۆڵیان ھەبووە لە گۆڕینی سیمای نیشتیمانەکەمان، لە ڕابردوو و لەوەی کە ئێستا ھەیە، بۆ نموونە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سەردانی چێشتخانەیەکی شاری ھەولێرم کرد، بینیم کە دەستەی خزمەتگوزاری چێشتخانەکە داوام لێدەکات بە زمانی عەرەبی داواکارییەکانم پێشکەش بکەم، لەبەر ئەوەی کارمەندەکان کەسیان زمانی کوردی نازانن.  

  ئەم بارودۆخە بۆ ھەموو ناوچەیەکی کوردستان ئاسایی بێت، ناکرێت بۆ شارێکی وەکوو ھەولێر کە پایتەختی ھەرێمی کوردستانە ئاسایی بێت، مێژووی ئەم شارە گەواھیدەری ئەم ڕاستییە کە ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە لە بەرەوپێشبردنی کولتوور و فەرھەنگی نەتەوەیی. بە شێوەیەک کە لە کۆمەڵگەیەکی فرە کولتوور و فرە زمانی وەک شاری هەولێر، فەرھەنگ و کولتووری خۆی پاراستووە. ناکرێت بەو ئاسانییە ڕێگە بە شێواندنی سیمای بدرێت، ھەوڵدان بۆ ئەم پاراستنەش بە تاکە لایەنێک ناکرێت، دەبێت ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو لایەنی دەسەڵاتدار و  ھاوڵاتیدا ھەبێت، کاتێک دەسەڵات  یاسایێک بۆ ئەم جۆرە چاکسازییانە دادەنێت، ئەرکی ھاوڵاتییە کە پێوەی پابەند بێت، بۆ نموونە لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و شاری ھەولێردا ھۆشیارکردنەوە بۆ نووسینی تابلۆی دووکانەکان دراوە، بەڵام خەڵک بەگشتی پابەند نابن و لە ڕێنماییەکان لادەدەن، لەگەڵ بوونی ئەم ھەموو ناوە کوردییە جوانە، ئەوان ناوی بیانییان بەلاوە سەرەنجڕاکێشترە. کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی ھۆشیاریی و ھەست نەکردن بە کاریگەریی نەرێنییەکانی پێشخستنی زمانی بیانی و گەورەکردنی بەسەر زمانی دایکدا. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین