خولی شەشەمی پەرلەمان کەی دەست بەکار دەبێت؟ بیروڕا

 د. فوئاد ئەحمەد

لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان کە بۆ چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێت، بەپێی یاسا بەرکارەکان پێویستە هەڵبژاردنی خولێکی تری پەرلەمانی بەڕێوەبچێت. 

لە فه‌سڵی سێ یه‌م و مادده‌ى (12) یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا هاتووە؛ له‌ (15) ڕۆژ پاش ته‌واوبوونى ماوه‌ى په‌رله‌مان یان كاتێك پەرلەمان خۆى به‌ بڕیارێك هه‌ڵدەوە‌شێنێته‌وه‌، واده‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ بڕیارى سه‌رۆكى هه‌رێم دیارده‌كرێت و به‌ر له‌و واده‌ دیاركراوه‌ له‌ ڕێگاى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ هاووڵاتییانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە، به‌ ماوه‌یه‌ك له‌ مانگێک كه‌متر نه‌بێت.

دوای دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنیش لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە  بەفەرمانێکی هەرێمی، لەو ڕۆژەدا هەڵبژاردنی خولێکی تازەی پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت.

بۆ ئەوەی خولێکی تری پەرلەمانی دوای هەڵبژاردن دەستبەکار بێت، چەندە کاتی پێویستە؟

ئەمەش بەشێکی پەیوەستە بەوەی کە پەرلەمان چەند زوو دوای هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە، هەروەها ئەڕێکارانەی پێش دەستبەکاربوونی پەرلەمان پێویستن چەند دەخایەنێت. لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق، کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەو ماوانە دیاریکراون کە کۆمسیۆن پێویستی پێیەتی تا دەگاتە راستاندنی کۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردن.

بەپێی ماددەی (20)ی یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کە لە (3) بڕگە پێکهاتووە، لە بڕگەی یەکەمیدا ماوی (3) ڕۆژی دیاری کردووە تا بەربژێر و حزبە سیاسیەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن، تانە لەبڕیاری کۆمسیۆن بدەن، کە بەپێ ئەو بڕیارە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنیان ڕاگەیاندووە. لە بڕگەی دووەمدا، ئەوەی دیاریکردووە کە ئەنجومەنی کۆمسیاران، وەڵامی داواکاری و پرسیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان سەبارەت بەتانەکان دەداتەوە لە ماوەیەیەک کەحەوت ڕۆژی کارکردن تێپەڕ نەکات لە بەرواری وەرگرتنیانەوە. لەبڕگەی سێهەمیشدا ئەوە دیاریکراوە، کە دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان بڕیار لەسەر تانە پێشکەشکراوەکە دەدات بەمەرجێک نابێت لەماوەی (10) دە ڕۆژی کارکردن تێپەڕبکات لە بەرواری وەڵامی دەستەی کۆمیسیارانەوە بۆ تانەکان. 

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 20/10/2024، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە ماوەی (10) ڕۆژداو لەڕۆژی چوارشەممە 30/10/2024 ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردی خولی شەشەمی ڕاگەیاند و لە ڕۆژی 3/11/2024 دەرگای وەرگرتنی تانەکانی کردەوە، چونکە جگە لە ڕۆژی پێنجشەممە 31 /10 رۆژانی 1، 2/11/2024 پشووی رەسمی بوو. لەو کاتەوە ئەگەر بەپێی ئەو ماوانە بێت کە لە یاسای کۆمسیۆندا هاتووە، ڕۆژی 22/11/2024  دوا وادەیە بۆ ئەوەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان بڕیار لەسەر تانە پێشکەشکراوەکە بدات و وەڵامی دەستەی کۆمسیاران بداتەوە. بەڵام لێرەدا بۆشاییەکی یاسایی هەیە کە هیچ کاتێکی دیاری نەکردووە کە دەستەی کۆمسیاران راستاندنی کۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕابگەیەنێت.

ئەو ماوانەی لە خولەکانی پێشوتردا پەرلەمانی تیادا دەستبەکار بووە:

هه‌ڵبژاردن خولى یەکەم 1992

‌ڕۆژی 19\5\1992 هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕۆژی 4/6/1992 دانیشتنی دەسپێکی خول بەڕێوەچوو، واتا (15) رۆژی خایاند تا دانیشتنی دەسپێک بەڕێوەچوو. لەهەمان دانیشتن سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا بەتەزکیە، چونکە یەک پالێوراو بۆ هەر پۆستێک هەبوو. دانیشتنەکە یاسایی و بوو جگە لەڕەچاونەکردنی مادده‌ی چل و شه‌شه‌م لەیاسای ژمارە (1) ساڵی 1991 یاسای هەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستان، کە تیادا هاتووە" ئه‌نجومه‌ن یه‌كه‌م دانیشتنی له‌ سه‌عات ده‌ی سه‌ر له‌ به‌یانی ده‌یه‌مین رۆژی دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌به‌ستێ". واتا دانیشتنەکە (5) ڕۆژ لەوادەی خۆی دواکەوتووە.

هه‌ڵبژاردنی خولى دووەم 2005

ڕۆژی 30/1/2005 هەڵبژاردن ئەنجامدرا، رۆژی 4/6/2005 دانیشتنی دەسپێکی خولی دووەم بەڕێوەچوو واتا (4) مانگی خایاند تا دانیشتنی دەسپێک بەڕێوەچوو. لە هەمان دانیشتن سەرۆکایەتی پەرلەمان بەتەزکیە هەڵبژێردرا، چونکە یەک پالێوراو بۆ هەر پۆستێک هەبوو. دانیشتنەکە یاسایی و بوو جگە لەڕەچاونەکردنی مادده‌ی چل و شه‌شه‌م لەیاسای ژمارە (1) ساڵی 1991 یاسای هەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستان، کە تیادا هاتوو" ئه‌نجومه‌ن یه‌كه‌م دانیشتنی له‌ سه‌عات ده‌ی سه‌ر له‌ به‌یانی ده‌یه‌مین رۆژی دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌به‌ستێ". واتا دانیشتنەکە (3) مانگ و (20) ڕۆژ لەوادەی یاسایی دواکەوتوو.

هه‌ڵبژاردنی خولى سێیه‌م 2009

ڕۆژی25/7/2009 هەڵبژاردن ئەنجامدرا، رۆژی 20/8/2009 دانیشتنی دەسپێکی خولی سێیەم بەڕێوەچوو، واتا (25) ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەسپێک ئەنجام درا. لەهەمان دانیشتن سەرۆکایەتی پەرلەمان بەتەزکیە هەڵبژێردرا، چونکە یەک پالێوراو بۆ هەر پۆستێک هەبوو. دانیشتنەکە یاسایی و بوو جگە لە ڕەچاونەکردنی مادده‌ی (10) بڕگەی سێیەم لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی2005 ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی هەموارکراو کە تیادا هاتووە " لەماوه‌ی (10)ده‌ رۆژدا له‌ رۆژی راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌، فه‌رمانی بانگهێشت كردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی هه‌رێم بۆ خولی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌چوێنێ و، ئه‌گه‌ر بانگهێشتی بۆ ده‌رنه‌كرا، ئه‌وا ئه‌نجومه‌ن، له‌ خۆیه‌وه‌، له‌ رۆژی دوای كۆتایی ماوه‌كه‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌‌". واتا دانیشتنەکە (15) ڕۆژ لەوادەی یاسایی خۆی دواکەوتووە. 

هه‌ڵبژاردنی خولى چوارەم 2013

ڕۆژی21/9/2013 هەڵبژاردن ئەنجامدرا، رۆژی 6/11/2013 دانیشتنی دەسپێکی خولی چوارەم بەڕێوەچوو، واتا (45) ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەسپێک بەڕێوەچوو. لەدانیشتنی ڕۆژی 29/4/2014 بەدەنگدانی نهێنی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا. واتا (5) مانگ و(23) رۆژ دانیشتنی دەسپێک بەکراوەیی مایەوە. دانیشتنەکە بێ ڕەچاوکردنی مادده‌ی (10) بڕگەی سێیەم لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی2005 ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی هەموارکراو بەڕێوەچوو، کە تیادا هاتووە "لەماوه‌ی (10)ده‌ رۆژدا له‌ رۆژی راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌، فه‌رمانی بانگهێشت كردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی هه‌رێم بۆ خولی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌چوێنێ و، ئه‌گه‌ر بانگهێشتی بۆ ده‌رنه‌كرا، ئه‌وا ئه‌نجومه‌ن، له‌ خۆیه‌وه‌، له‌ رۆژی دوای كۆتایی ماوه‌كه‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌‌". 

واتا دانیشتنەکە (35) رۆژ  لەوادەی یاسایی دواکەوتووە. جگە لەوەش دانیشتنی دەسپێک بۆ ماوەی (5) مانگ و 23 رۆژ بەکراوەیی مایەوە، کە ئەمە لە هیچ دەقێکی یاسای باس نەکراوە. پێچەوانەی خولەکانی تریش کە سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمان دانیشتنەکەی دەکردەوەو بانگی سەرۆکی تەمەنی دەکرد سوێندی یاسایی بخوات، لەم خولەداو لەدانیشتنی دەسپێکدا سەرۆکی دیوان بانگی سەرۆکی تەمەنی کرد سوێندی یاسایی بخوات، کە ئەمەش لەهیچ دەقێکی یاسایی و پەیڕەوی ناوخۆدا لەوکات ئاماژەی پێ نەدرابوو. سەبارەت بە سوێندەکەش لەیاسای هەڵبژاردن جۆرێکەو لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان جۆرێکی ترە، هەرچەندە بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی شوراو لەبابەتێکی تردا ئەوە یەکلابۆتەوە کە یاسا لەسەرووی پەیڕەوە، بۆیە بەدەقی ئەو سوێندەی لەیاسای هەڵبژاردن هاتووە سوێند دەخورێت. لەگەڵ ئەوەش پێویستە سوێندەکە یەکبخرێت.

هەڵبژاردنی خولی پێنجەم 2018

ڕۆژی30/9/2018 هەڵبژاردن ئەنجامدرا، رۆژی 6/11/2018 دانیشتنی دەسپێکی خولی پێنجەم بەڕێوەچوو، واتا (36) ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەسپێک بەڕێوەچوو. لەدانیشتنی ڕۆژی 18/2/2019 بەدەنگدانی نهێنی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا، واتا (3) مانگ و (12) رۆژ دانیشتنی دەسپێک بەکراوەیی مایەوە. لەم خولەشدا دانیشتنەکە بێ ڕەچاوکردنی مادده‌ی (10) بڕگەی سێیەم لە یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی2005 ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی هەموارکراو بەڕێوەچوو، کە تیادا هاتووە "لەماوه‌ی (10)ده‌ رۆژدا له‌ رۆژی راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌، فه‌رمانی بانگهێشت كردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی هه‌رێم بۆ خولی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌چوێنێ و، ئه‌گه‌ر بانگهێشتی بۆ ده‌رنه‌كرا، ئه‌وا ئه‌نجومه‌ن، له‌ خۆیه‌وه‌، له‌ رۆژی دوای كۆتایی ماوه‌كه‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌‌".  وا تا دانیشتنەکە (26) ڕۆژ لەوادەی یاسایی دواکەوتووە. هەروەها دانیشتنی دەسپێک (3) مانگ و (12) رۆژ بەکراوەیی مایەوە تا سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا ئەمەش دیسان لەهیچ دەقێکی یاسایی باس نەکراوە کە دانیشتن بۆ ئەو ماوەیە بەکراوەیی بمێنێتەوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەم 2024

20/10/2024 هەڵبژاردن ئەنجامدرا. تائێستا راستاندن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکە نەکراوە لەلایەن کۆمسیۆنەوە تا رێکارەکانی دانیشتنی دەسپێک دەست پێبکات.

* بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین