پاشگەزبوونەوەى ئەردۆغان لە لێدوانەکانى شیکاری

نوچە نێت

وەرگێڕانى: دنیا ئەحمەد 

سەردانەکەی عەبدولفەتاح سیسى، سەرۆکی میسر بۆ ئەنقەرە، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، بەتایبەت لەناو میدیاکانی سەر بە ئۆپەزسیۆنی تورکیا، باس لە سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان دەکەن  کە لە ڕابردوو هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی میسرو بە بکوژ و کوردەتاچی و بکوژی محەمەد مورسی، سەرۆکی پێشوو تاوانباری دەکات، بەڵام دواتر بە چ ڕێوڕەسمێکی تایبەت پێشوازی لێدەکات.

ماڵپەڕى جمهوریەت لە راپۆرتێکدا ئاماژە بە پاشگەزبوونەوەى ئەردۆغان لە قسەکانی رابردووى دەکات، كە لە سیاسەتی دەرەوە چۆن هێرشی کردۆتە سەر ئەو وڵاتانەی ناکۆکی لەگەڵیان هەبووە و لەپاشان چۆن پەیوەندییەکانی ئاساییکردۆتەوە و  چی گوتووە و چی کردووە.

ئەردۆغان: "سیسی بکوژە" 

سەرۆکی تورکیا چی گوت؟

 لە (13)ی ئازاری (2019) رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "هەندێک کەس هەیە دەیانەوێت من لەگەڵ سیسی ئاشتبکەنەوە، من هەرگیز ئەوە قەبووڵناکەم و ناشیکەم." ئەردۆغان هەر بەوەش نەوەستا گوتیشی، "سیسی تۆ بکوژی دیموکراسی وڵاتەکەتی، سیسی تۆ بکوژێکی لەو جۆرەی."لەدوای ئەو لێدوانانە هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تورکیا و میسر بەیەکجاری پچڕا.

لەدوای ئەو هەموو قسەیە چی کرد؟ ئەیلوولی ساڵی (2022) لە ئۆلۆمپیادی قەتەر ئەردۆغان سڵاوی لە عەبدولفەتاح سیسی کرد، ئەو کەسەى پێشتر بە کوردەتاچی و فیرعەون و ستەمکار ناوى دەبرد و دەیگوت، من هەرگیز لەسەر یەک مێز لەگەڵی دانانیشم، بەڵام بە پێچەوانەوە تەوقەی کرد و دەستی کوشی، ئەوەی بینیمان لە چوارى ئەو مانگەش بە پێشوازێکی گەرم میوانداری کرد و چەندین رێککەوتنی لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆ کرد.

ئەردۆغان بۆ دەیڤید ئیگناتیۆسی: "یەک خولەک" 

سەرۆکی تورکیا لە لوتکەی داڤۆس لە سویسرا لە (29)ی کانوونی دووەمی ساڵی(2009) لە لێدوانەکەیدا، رەخنەی لە بەرێوەبەری ئیسرائیل گرت و بە بیانوی ئەوەی زۆری قسەکردووە و دەرفەتی بە ئەوانیتر نەداوە قسە بکەن، سەرزەنشتی کردوو بە "یەک خولەک ناوی برد"، هەروەها هەر لەو کۆبوونەوە شیمۆن پێرێس، سەرۆک کۆماری ئیسرائیل قسەی کرد، ئەردۆغان رەخنەی توندی لێگرت و بە "دەوڵەتی تیرۆرست" ئیسرائیلی تاوانبار کرد. 

ئەردۆغان چی کرد؟ 

ئیسحاق هێرزۆغ، سەرۆکى ئیسرائیلى لە (9)ی ئازاری ساڵی (2022) بە سەردانێکی فەرمی هاتە تورکیا و رایانگەیاند، کە دووبارە باڵیۆزی هاوبەشیان لە وڵاتەکانیان داناوە، لە ئێستادا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچراندووە بەڵام سەیر نیە و ئەو پرسیارە دروستبۆتەوە جارێکی ديكە و کەی پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە. 

هەروەها لە (31) ئایاری ساڵی (2010) بەهۆی بە ئامانج گرتنی کەشتی (مەڕمەڕە) لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە کە هاوکاری مڕۆیی بۆ غەززە دەگواستەوە، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، "ئایا لەمن مۆڵەتتان وەرگرتووە هاتوونەتە نێو کەشتیەکە." لەدوای ئەم رووداوە پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی تورکیا و ئیسرائیل پچرا.

دووبارە ئەردۆغان لێدوانەکەی خۆی بە درۆخستەوە و رایگەیاند، "ئایا ئێوە داواتان لە سەرۆک وەزیران وەرگرتووە ئەو هاوکارییە مرۆییانە بگوازنەوە؟"

ئەو رێککەوتنانەی بە "کودەتای دارایی" واژۆکراوە 

ئەردۆغان چی گوت؟

 لەو دواییانەدا سەرۆکی تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت ئیمارات بەشێوەی پیتی (U) هەڵگەراوەتەوە، ئەردۆغان لە دوای کوردەتاکەی (15)ی تەمموزی تورکیا رایگەیاند، "زۆرباش ئاگادارین لە کەندراو کێ بەو کوردەتایە دڵخۆش بووە و چەند پارەیان سەرفکردووە."

چی کرد؟ 

لە شوێنی ئەو هەڕەشانە کە سیاسەتێکی دوژمنكارانەی بەرامبەر بەئیمارات پەیرەودەکرد، لەو دواییانە ئەردۆغان پەیوەندییەکی گەرمى لەگەڵ ئەو وڵاتە دەستپێکردووە، راستە لە لێداونەکەی راستەوخۆ ناوی ئیماراتی نەهێناوە بەڵام لە (2021)ەوە نزیکەی (10) رێککەوتنیان کە بوارەکانی وزە و گەشتاری و ژینگە و دارایی و بازرگانی واژۆکرد، هەر ئەوەش نا، بەڵکوو لە ساڵی (2023) بە بەهای (7.50)ملیار دۆلار (13) رێککەوتنیکەیان واژۆکرد. 

تێبینی: سیدات پەکەر، سەرۆکی رێکخراوێکی تورکیایە تۆمەتبارێکى هەڵاتووە، تۆمەتبارە بە ئاشکراکردنی دۆسیەی نایاسایی چەندین کەس لەنێویانیشدا چەند کەسێکی بنەماڵەی ئەردۆغانی ئاشکرکردووە، بەڵام لە ئێستادا لە ئیمارات دەژی. 

هەڕەشەکانی سەرۆکی تورکیا بۆ جێنشینی سعودیە: "ئەم میللەتە مژدەدەر نییە" 

ئەردۆغان بەهۆی دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشقچی دەسەڵاتدارای سعودیەی بە لێدوانی زۆر توند تاوانبار کرد، لەدوای کوشتنی خاشقچی لە لێدوانێکیدا بە ئیدارەی ریازی راگەیاند، "ئەوانە خۆیان بە بابەتی جیهان دەزانن، ئەو میللەتە مژدەدەر نییە و دەزانن چۆن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن، زۆر شتی تر روودەدات و لێرەدا زۆر شتی تر دێتە دەرەوە، لەمەوبەدوا مڕۆڤایەتی بەرگەى ئەمانە ناکات."

لەدوای ئەو هەڕەشانە ئەردۆغان چی کرد؟ لەنێوان تورکیا و سعوودیە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەستی پێکرد، لە بەردەوامی ئەو پرۆسەیەدا دۆسیەی کوشتنی کەمال خاشقچی پێنج رۆژ پێش سەردانەکەی شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ ئەستەمبۆڵ لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی (11)ی ئەستەمبۆڵ دۆسیەکە نێردراوەتەوە سعوودیە و دۆسیەکە هەڵوەشاوەتەوە، هەرچەندە لە تورکیا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆی هێنا بەرامبەر بەو تاوانە، هەروەکو ئەوەی چی رووینەدابێت محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە بە رێو رەسمێکی تایبەت پێشوازیلێکرا و چەندین رێککەوتن لەنێوان هەردوو وڵات واژۆکرا. 

ئەردۆغان بۆ ئەمەریکا: "وەرگرە قەشەی، بیدە قەشەی"

ئەندرۆ کرایگ برونسۆن، قەشەیەکی ئاینی ئەمریکی بوو، بەتۆمەتی ئەنجامدانی چەندین تاوان و سیخوریکردن بۆ رێکخراوە تیرۆرستەکان لە ئیزمیر لەلایەن دادگای تورکیا وە داوای  (35) ساڵ زیندانی بۆ دەکرا، لەپاشان بە سێ ساڵ و یەک مانگ و پازدە رۆژ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ئەردۆغان لەدوای ئەو بڕیارە لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "دەڵێن قەشەی بە ئێمە بدەن، قەشەیەک لەلای ئێوەیە، ئێوە ئەوی بە ئێمە بدەن، ئێمەش ئەوەی پێویست بوو دەیدەینە دادگای باڵا، تاوەکو ئەو پیاوە هەژارە لەو پۆستەدابێت ناتوانن ئەو تیرۆرستە وەربگرنەوە."

ئەی لەدوای ئەو قسانە ئەردۆغان چی کرد؟ 

پاشان قەشە ئازادکرا، سزای زیندانی لەماڵەوەی لەسەر هەرگیرا، هەروەها سزای گەشتکردنی بۆ دەرەوەی وڵاتیشی لەسەر لابردرا و تورکیای بەجێهێشت.

ئەردۆغان، "ئەگەر ترەمپیش بێت لەگەڵ ئەو کۆنابمەوە" 

لەو کاتەی پرۆسەی سزادانی  قەشە بەردەوام بوو پەیامنێرێکی ئەمریکی لە پرسیارێکدا بە سەرۆکی تورکیای گوت، ئایا تۆ نیگەران نیت لەوەی شاندێکی ئەمەریکا بۆ تورکیا بێت؟

ئەردۆغان لە وەڵامی پەیامنێرەکە گوتی، "بۆچی نیگەران بم هەرگیز لەگەڵیان کۆنابمەوە، تەنانەت ترەمپیش بێت کۆنابمەوە." 

لەدوای ئەو قسانە ئەردۆغان لە بێشتەپە بەسەرۆکایەتی مایک پێنس جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ شاندێک پێشوازی لێکردن و لەگەڵیان کۆبووەوە لە هەمووی سەیرتر ترەمپ نەهات. 

خستنەخوارەوەی فڕۆکە سەربازییەکەی رووسیا 

دوای ئەوەی لە (24)ی تشرینی یەکەمی ساڵی (2015) لە سنووری تورکیا و سووریا فڕۆکەیەکی جەنگی (سو-24)ی رووسی خرایە لەلایەن سەربازانی تورکیاوە خوارەوە، ئەردۆغان گوتی، "پێویست نییە ئێمە داوای لێبوردون بکەین، فڕۆکەوانەکانمان ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە ئەوان ئاسمانی ئێمەیان پێشێل کردووە."

سەرۆکی تورکیا لەداوی ئەو قسانە چی کرد؟

 لە (27)ی حوزەیرانی ساڵی (2016) ئاشکرابوو، ئەردۆغان نامەیەکی تایبەتی بۆ ڤلادیمێر پووتین ناردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکەی رووسیا زۆر دڵتەنگ بووە. 

ئەردۆغان بۆ ئەلمانیا، "هەتا من لە دەسەڵاتبم پەیامنێرەکە رادەست ناکەمەوە"

ئەردۆغان چی گوت؟

 لەبارەی دەستگیرکردنی دێنیز یوجەل، پەیامنێری تورکی رۆژنامەنووس لە دی وێڵتی ئەلمانیا رایگەیاند، "تیرۆرستێکی تەواوە، هەتاوەکو من لەو پۆستەم بەردەوامبم نایەڵم رادەستی ئەلمانیا بکرێتەوە."

سەرۆکی تورکیا لەدوای ئەو لێدوانە توندە بەرامبەر بە وڵاتی ئەلمانیا کردی، لە (16)ی شوباتی ساڵی (2018) دەنیز یوجەل بەفڕۆکەیەکی تایبەت لە لایان ئەلمانیاوە بۆی دابین کرابوو گەرایەوە ئەلمانیا، هەروەها ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەلمانیا سەبارەت بەئازادکردنی پەیامنێرەکەیان رایگەیاند، "زۆر دڵخۆشم بە ئازادکردنی دەنیز یوجەل." 

ئەردوغان بۆ بەشار ئەسەد، "ئەو بکوژە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت."

سەرۆکی تورکیا لە مانگی ئایاری ساڵی (2013) رایگەیاند، "ئەی بەشار ئەسەد، سوێند بەخوا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر خودا رێگەمان پێ بدات دەبینین ئەو بکوژە لەو جیهانە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت."

ئەردۆغان لەدوای ئەو هەڕەشآنە چی کرد؟ 

سەرۆکی تورکیا لەبارەی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا گوتی، "ئێمە بانگهێشتنامەکەمان دەکەین، إن شاءالله لەگەڵ ئەو بانگهێشتنامەیە پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا دەگەرێتەوە خاڵی رابردوو، لەوانەیە هەرکاتێک بمانەوێت بەنگهێشتنامەکەمان بکەین."

ئەردۆغان بۆ سەرۆکی یۆنان، "لێرە بەدواوە کەسێک نییە بۆ من بەناوی میتسۆتاکیس"

سەرۆکی تورکیا لەو کاتەی ناکۆکی لەگەڵ یۆنان هەبوو هەڕەشەی لە سەرۆکی یۆنان کرد و گوتی، "لێرە بەدواوە کەسێک نییە بۆ من بەناوی میتسۆتاکیس، لەمەوپاش میتسۆتاکیس بۆخۆی بیربکاتەوە لەدوای ئەو قسانەی من چی روودەدا."

ئەردۆغان چی کرد؟ 

لە مانگی ئایاری ساڵی ئەم ساڵ لە ئەنقەرە پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی یۆنان کرد و رایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم بە سەردانەکەی بەرێز میتسۆتاکیس و شاندەکەی لە قەنقەرە، پێموایە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان سوودی بۆ هەردوو وڵات و ناوچەکانمان دەبێت."

رازینەبوونی ئەردۆغان بە پەیوەستبوونی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ

ئەردۆغان چی گوت؟ 

لە مانگی یەکی ساڵی (2024) سەرۆکی تورکیا لە سووید گوتی، "ببورە، لەبارەی بابەتی ئەندامبوون لە ناتۆ هیچ هاوکارییەک لە ئێمە نابینن." 

سەرۆکی تورکیا چی کرد؟

 لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی (2023) پڕۆژەی یاسای تایبەت بە پەسەندکردنی پڕۆتۆکۆڵی ئەندامبوونی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا، هەروەها لە کۆمسیۆنی تورکیا سەبارەت بەو پرۆژە یاسایە پارتەکانی ئاکپارتی و جەهەپە و مەهەپە دەنگیان بە بەڵێ دا، پارتەکانی وەک ئی پارت و پارتی سەعادەت دەنگیان بە نەخێر دا. 

هەر لەو کۆنەوە ئەردۆغان لە تەمەنی سیاسی ناوی بە لێدوانی توند دەرکردووە، بەڵام لەدوای لێدوانە توندەکانی هەنگاوی پاشەکشەی ناوە، ئەو کارانەی ئەنجامی دەدات تەواو پێچەوانەی دەربرینە توندەکانیتی کە لە دەمی دەردەچن، ئەوەی دەیکات هەمیشە هەڵوێستی ئاسایی ئەردۆغانە کە زۆرجار لە مێژووی سیاسەتی دەرەوە دەبینین هەڵگەراوەتەوە لە قسەکانی چی گوتووە و چی کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتان. 

سەرچاوە: ماڵپەری جمهوریە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین