بایدن پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای دۆسیەی جۆرج فلۆید دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بڕیاری دادگای دۆسیەی جۆرج فلۆید، هەڵوێستی نواند و پێشوازی لە بڕیاری دادگا کرد کە پۆلیسەکەی بە تاوانبار ناساند.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا چەند کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری کۆتایی دادگا، لەگەڵ کامالا هاریسی جێگری لە کۆشکی سپی ئامادە بوو و گوتی: "ئەمڕۆ دادگایەک لە مینەسوتا، دیرێك چۆڤین ئەفسەری پێشووی پۆلیسی  ناوچەی مینیاپۆلیسی بە هۆی کوشتنی جۆرج فلۆید بە تاوانبار ناساند".

بایدن ئەو بڕیارەی وەک "هەنگاوێک بەرەو پێشەوە" وەسف کرد و گوتی لە کاتێکدا هیچ شتێک ناتوانێ جۆرج فلۆید بگەڕێنێتەوە، ئەو بڕیارە دەتوانێ هەنگاوێکی گەورە لە ئاراستەی جووڵە " بەرەو دادپەروەری لە ئەمریکا بێت".

بایدن جەختی لەوە کردەوە کردەوە: "نابێ هیچ کەس لە سەرەوەی یاسا بێت. بڕیارەکەی ئەمڕۆ ئەو پەیامەی تێدایە، بەڵام ئەوە کۆتایی نییە".

بایدن گوتیشێ نابێت لەو قۆناغەدا بمێنینەوە و "بە مەبەستی گۆڕانکاریی و چاکسازیی ڕاستەقینە، دەتوانین و پێویستە هەوڵی زیاتر بدەین بۆ ئەوەی کارەساتی لەو جۆرە ئەگەر نەڵێن هەرگیز ڕوو نەدات، لانیەکم ڕێژەیان کەم بێتەوە".

خاتوو کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکایش لە ئەکاونتی تویتەری تایبەت بە خۆی نووسی: پێویستە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پلانی "یاسای دادپەروەری جۆرج فلۆید لە کاروباری پۆلیس" پەسند بکات بۆ ئەوەی ئەو کارمەندانی بەشی پۆلیس و ئاسایش لە هەموو شوێنێکدا بە پێی بەرزترین پێوەرەکان هەڵسوکەوت بکەن.

سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختیان کردەوە خەبات لە پێناو کۆتاییهێنان بە "نەژادپەرەستی سیستەمیک" بەردەوام دەبێت.

دیرێك چۆڤین ، کارمەندی پێشووی پۆلیسی شاری مینیاپۆلیس لە ویلایەتی مینە سوتا، لە دادگایەکدا کە بە مەبەستی بڕیاردان سەبارەت بە دۆسیەی مردنی جۆرج فلۆید بەڕێوە چوو، وەک تاوانبار ناسرا.

جۆرج فلۆید ئەو پیاوە ٤٦ ساڵ تەمەنە ئەمریکیی- ئەفریقییە بوو کە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٠ لە لایەن کارمەندێکی سپی پێستی پۆلیسی شاری مینیاپۆلیس لە ویلایەتی مینەسوتا دەستبەسەر کرا. دیرێك چۆڤین ئەو پۆلیسەی کە فلۆیدی دەستبەسەر کرد، بۆ ماوەی ٩ خولەک و نیو ئەژنۆی لەسەر ملی جۆرج فلۆید دانا و فلۆید لە کاتێکدا بانگی لە دایکی دەکرد و دەیگوت ناتوانێ هەناسە بدات، گیانی لە دەست دا.

دادوەرانی دادگا ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی نیسان ڕایانگەیاند ئەو کارمەندە دەرکراوە تاوانی کوشتنی پلە دووی نائەنقەستی ئەنجام داوە.

مردنی جۆرج فلۆید بووە هۆی خۆپیشاندانی بەربڵاو لە دژی نەژادپەرەستی لە ئەمریکا و وڵاتانی تری جیهان و زۆر کەس لە ئەمریکا داوایان کردووە بە مەبەستی کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی پۆلیس چاکسازی ئەنجام بدرێت.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین