ئیسرائیل هێرشیکردە سەر قوتابخانەیەکی نزیک خان یونس عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی (25) هاووڵاتی، برینداربوونی دەیان کەسی دیکە لە قوتابخانەیەکدا لە نزیک خان یونس، کە ئاوارەکانى تێدایە.

ڕۆژی چوارشەممە (10/تەمموز/2024) ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) بڵاویکردەوە، وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل هێرشیکردە سەر قوتابخانەیەک بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران و بریندار بوون، زۆربەی برینداربووان برینیان سەخت و مەترسیدارە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی سەختی برینەوە بەردەوام لە بەرزبوونەوە دایە".

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا، "پشتڕاستی هێرشەکانی کردەوە، کوژرانی تیرۆریستێکی ڕاگەیاند لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر ئەم قوتابخانەیە".

لە بەرانبەردا حکومەتی غەزە جەختی لەوە کردەوە، "ئیدانەی هێرشەکە دەکەین، بە کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل ناوی دەبەین. داوا لە کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەکەین  فشار بخەنە سەر ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە".

چەکدارانی حەماس ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، "هێرشەکەی سەر ئەم قوتابخانەیە بەردەوامی جینۆساید و کۆمەڵکوژییەکانە دژی هاووڵاتیانی سڤیل، داوا دەکەین پشتیوانییەکان بۆ فەلەستین زیاتر بن".

بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، "ژمارەی ئاوارەکانی غەزە لە (1.7) ملیۆنەوە بۆ نزیکەی (1.9) ملیۆن هاووڵاتی زیادی کردووە. لانیکەم نۆ لە هەر دە هاووڵاتی لە غەزە ئاوارە بوون لە ناوخۆدا، زۆربەیان بۆ چەندین جار شوێنیان گۆڕیوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین