رۆیته‌رز: هێرشه‌كه‌ى هه‌فته‌ى رابردووى سه‌ر هه‌ولێر مایه‌ى نیگه‌رانییه‌كى گه‌وره‌ بوو عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئاژانسى رۆیته‌رز ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى گرژییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و ئێران له‌سه‌ر خاكى عێراق ده‌كات و به‌رپرسانى عێراق له‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێن هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر له‌ هه‌موو هێرشه‌كانى تر زیاتر مایه‌ى نیگه‌رانى بوو.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ى نیسان ئاژانسى رۆیته‌رز له‌ راپۆرتێكدا باس له‌و هێرشانه‌ ده‌كات كه‌ هه‌فته‌ى رابردوو له‌ عێراق ئه‌نجامدران، به‌رپرسانى عێراق نیگه‌رانى ده‌رده‌بڕن و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئێران پانتایى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكاى له‌ عێراق له‌ رێى میلیشیاكانه‌وه‌ فراوانتر كردووه‌، جبه‌خانه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆ ئه‌م ئامانجه‌ به‌كارده‌هێنێ و كه‌ ئه‌مجاره‌یان فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وانیشى تێدایه‌.

به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌منى له‌ عێراق له‌ راپۆرته‌كه‌دا قسه‌ى بۆ رۆیته‌رز كردووه‌ و به ‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى تیشكى خستووه‌ته‌ سه‌ر هێرشه‌كه‌ى رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو كه‌ به‌ فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ى هاوپه‌یمانان له‌ هه‌ولێر.

به‌رپرسه‌كه‌ ده‌ڵێ، "به‌كارهێنانى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان مایه‌ى نیگه‌رانییه‌، گۆڕانكارییه‌ك له‌ شێوازى كردنه‌ ئامانجى ئه‌مریكییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌بینین، ئه‌مه‌یش په‌یامێكه‌ ماناكه‌ى ئه‌وه‌یه‌ گرووپه‌كان بێ ئه‌وه‌ى بوه‌ستێنرێن ده‌توانن كات و شوێنى هێرشه‌كانیان دیار بكه‌ن".


هه‌فته‌ى رابروودا كۆمه‌ڵێك هێرش له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى عێراق ئه‌نجام درا، له‌وانه‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ به‌ فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان هێرش كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ى سه‌ربازى ئه‌مریكى له‌ هه‌ولێر و هاوكات له‌ باشیك له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا هێرش كرایه‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى توركیا و رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوویش ئۆتۆمبیلێك له‌ گه‌ڕه‌كى سه‌درى ناو به‌غدا ته‌قییه‌وه‌.

 

سه‌رچاوه‌:  ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین