ئەمەریکا داوای یارمەتی لە حکومەتی عێراق دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

بە ئامانجی وشکردنى سەرچاوە دارایی گرووپە میلیشیا شیعییەکان لە عێراق، ئەمەریکا داوای یارمەتی زیاتر لە حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەوەى هاوکار بێت لە نەهێشتنى پاڵپشتییە داراییەکانى ئەو گرووپانە.

ڕۆژی چوارشەممە (31/کانوونی دووەم/2024) ماڵپەڕی شەفەق نیوز بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەمەریکا پێشبینی دەکات حکومەتی عێراق زیاتر یارمەتیدەر بێت بۆ کەمبوونەوە و  نەمانی دارایی گرووپە میلیشیا چەکدارییەکان لە عێراق، کە دەستی ئێرانیان لە پشتەوەیەوە."

 ئەم بەرپرسەى وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا نەیشاردووەتەوە، "کە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق یارمەتی دەربووە لەم پرسەدا، بەڵام گرووپە میلیشیاکان لە عێراقدا چالاکن و داهاتی زۆریان هەیە چالاکییەکانیشیان دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق دەستیپێکردووە."

هەروەها بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش داوە، "ئەو گرووپانە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، سووریا، یەمەن، و لوبنان بۆیە هەوڵی لەناوبردنی داراییان دەدات، و ئەمەریکا ئاگادارە کە ئێران دەستی هەیە لە پشت کردەوەکانیاندا".

ئەمەریکا و عێراق ماوەی چەند ساڵێکە کاردەکەن بۆ سنووردارکردنی دارایی میلیشیاکان،  سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار، و ڕێگریکردن لە بردنە دەرەوەی دۆلاری ئەمەریکی بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بەهاکەی، هەروەها هەردوولا دەیانەوێ جددى تر هەنگاوبنێن بۆ نەهێشتنی سەرچاوە داراییەکانی گرووپە میلیشیاییەکان.

دواى جەنگى حەماس و ئیسرائیل، گرووپە میلیشیا زیاتر لە (150) هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەو ناوچەکەدا. دواهەمینیان هێرشی ڕۆژی یەکشەممە (28/1/2024) بوو لەسەر سنووری ئوردن و سووریا کە گیان لەدەستدان و بریندار بوونی ژمارەیەک سەربازى ئەمەریکی لێکەوتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین