كازمى په‌یامێكى ناڕه‌زایى به‌ ئێران ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە ڕێگری لە چالاکییەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە بکه‌ن کە لەژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدان. دوو بەرپرسی عێراقی ڕۆژی چوارشەممە بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیتد پرێس وتوویانە کازمی ئەو داواکارییە لە ڕێگای پەیامێکەوە و بە شێوەیەکی جدی ئاراستەی ئێران کردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە هەشتی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە هەواڵی ناردنی ئەو پەیامەی کازمی بۆ تاران لە کاتێکدا بڵاودەکرێتەوە کە  سێیەمین خولی گفتوگۆ ستراتیژییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا دەستی پێکردووە. 
ئەو گفتوگۆیانە بۆ یەکەمین جارە لە سەردەمی سەرۆکایەتی بایدن بەڕێوە دەچن. گفتوگۆ ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووە دەستیان پێکرد. چاوەڕوان دەکرێ چەندین پرسی جیاواز و لەوانە چارەنووسی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەروەها پرسی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی سەربە ئێران کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت چالاکی دەکەن، بە شێوەی جدی گفتوگۆیان لەسەر بکرێ. 
عێراق داوای کردبوو خولی نوێی گفتوگۆ ستراتیژییەکان دەست پێ بکەنەوە. ئەسۆشیێتد پرێس نووسیویەتی بەشێ لەو داواکارییە، وەک وەڵامێک بووە بۆ فشاری گرووپە سیاسییە شیعەکان و چەکدارەکانی وەفادار بە ئێران کە داوای چوونەدەرەوەی هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن. 

بەرپرسانی عێراقی دەڵێن کازمی لە پەیامەکەی خۆیدا بۆ تاران هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی لە پێگە و نفوزی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکدارەکانی نزیک لە خۆی لە عێراق کەڵک وەرنەگرێت ئەوا "بە ئاشكرا ڕایگدەگەیەنێت کێ پشتیوانییان لێ دەکات"، هەروەها وتوویەتی ئامادەیە ڕووبەڕووی ئەو گرووپانە بێتەوە. 
ئەسوشیتێدپرێس نووسیویەتی هەفتەی ڕابردوو، کاروانێکی میلیشیای چەکداری شیعە، بە ئاشکرا لە بەغدا دەسووڕانەوە و ئیدانەی هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقیان دەکرد و هەروەها هەڕەشەی بڕینی گوێی کازمییان دەکرد، ئەوەش هەوڵێک بوو بۆ لاوازکردنی پێگەی کازمی لە عێراق. 
مستەفا کازمی لەم دواییانەدا سەردانی وڵاتی سعوودیەی کرد کە ڕکابەری سەرەکی ئێرانە لە ناوچەکە و وتبووی ڕێگا نادات لە خاکی عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر سعوودیە. 
عێراق یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی ئێران و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆی، لە ئێرانەوە گاز و کارەبا هاوردە دەکات.



 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین