سائیروون: له‌دواى هه‌ڵبژاردن كازمى چانسى مانه‌وه‌ى هه‌یه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

په‌رله‌مانتارێكى هاوپه‌یمانى سائیروون باس له‌وه‌ ده‌كات مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ چانسى مانه‌وه‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ چه‌ند پێدراوێكى سیاسى عێراقه‌وه‌ به‌نده، كه‌ له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌ون‌.

له‌كاتێكدا ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى مسته‌فا كازمى له‌ ساڵێك نزیك ده‌بێته‌وه‌، باس له‌ مانه‌وه‌ و رۆڵى سیاسى ئه‌و ده‌كرێت له‌دواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر"ى داهاتوو به‌ڕێوه ‌بچێت.

تا ئێستا به‌ فه‌رمى مسته‌فا كازمى راینه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا بۆچوونى جیاواز له‌سه‌ر مانه‌وه‌ و رۆڵى سیاسى كازمى له‌نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌.

حه‌سه‌ن سه‌لمان په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى سائیروون ئه‌مڕۆ سێشه‌م شه‌شى نیسان، له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى كازمى له‌ پۆسته‌كه‌ى لێدوانى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى داوه‌ و ده‌ڵێ، "چانسى مانه‌وه‌ى هه‌یه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات بابه‌تى مانه‌وه‌ى كازمى به‌نده‌ به‌ چه‌ند پێدراوێكى سیاسى كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ده‌رده‌كه‌وێت له‌وانه‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان و دابه‌شبوونى كورسییه‌كانى په‌رله‌مان و چه‌ندان بوارى تر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێ، "مه‌رج نییه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشتر له‌ پۆسته‌كه‌ دابنرێته‌وه‌".

له‌ به‌شێكى ترى  لێدوانه‌كه‌ى حه‌سه‌ن سه‌لمان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كانى كازمى ده‌كات و ده‌ڵێ، "له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه‌ هاوسه‌نگى بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بگێڕێته‌وه‌". به‌ڵام به‌ بڕواى ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ كازمى له‌ بواره‌كانى ئابوورى و دابینكردنى بژێوى هاووڵاتیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

له‌سه‌ره‌تاى كانوونى یه‌كه‌مى 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو له‌ژێر فشارى خۆپێشانده‌ران ده‌ستى له‌كار كێشایه‌وه‌، دواى پێنج مانگ له‌ مشتومڕ له‌سه‌ر دانانى كه‌سێك له‌ شوێنى عه‌بدولمه‌هدى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ر كاندیدكردنى مسته‌فا كازمى رێككه‌وتن. كازمى كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگرى عێراق بوو له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ئایارى 2020 وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق متمانه‌ى په‌رله‌مانى به‌ده‌ست هێنا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین