عێراق ناتوانێ‌ هەشت هەزار سزادراوەكە لەسێدارە بدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

كەناڵی جەزیرەی قەتەڕی لە راپۆرتێكدا دەڵێ‌، هەشت هەزار كەس لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. حكومەتی عێراق ناتوانێ‌ سزایان بدات، چونكە سزادانی ئەو ژمارە زۆرە لە ناوخۆ و دەرەوە كاردانەوەی سیاسی دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی ئاداری 2023 كەناڵی جەزیرە لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات جێبەجێكردنی بڕیاری لەسێدارەدان لە عێراق كاردانەوەی سیاسی لەناوخۆ و دەرەوە دەبێت و بۆیە عێراق چەندان ساڵە ئەو دۆسیەیەی دواخستووە. 

لە راپۆرتەكە چەند ئامارێكی وەزارەتی دادی عێراق خراونەتەڕوو لەوانە هەشت هەزار كەس لە عێراق بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، زیاتر لە 60 هەزار زیندانی لە عێراق هەن كە 20 هەزاریان بە تۆمەتی تیرۆر گیراون و ئەوانی تریش لەسەر تاوانەكانی تر لە 28 گرتووخانە راگیراون. 

لەدوای كەوتنی رژێمی لە ساڵی 2004 جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان وەستا، كەچی لە ساڵی 2014 دەستی پێكردەوە و لەو ساڵە تا 2020 سزای لەسێدارەدان بەسەر 340 تاوانبار جێبەجێكراوە. لەسەر ئەم دۆسەیەی چاودێرانی سیاسی بۆچوونی جیاوازیان هەیە. عەلی بودێر چاودێری سیاسی باس لەوە دەكات لەسێدارەدانی هەشت هەزار كەس هەنگاوێكی تۆقێنەرە لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە كاردانەوەی زۆری دەبێت. بە تایبەتی دەزانرێت محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ ئەم هەنگاوە نییە و كار بۆ دەركردنی "لێبوردنی گشتی" دەكات. 

بە بڕوای ئەم چاودێرە لە رووی نێودەوڵەتیشەوە، ئەم دۆسیەیە لە حاڵەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكە، ئەوا كاریگەری خراپی بۆ عێراق دەبێت لە رووی مافەكانی مرۆڤەوە. بە پێچەوانەوە ئوسامە سەعیدی چاودێری سیاسی پێیوایە بڕیارەكانی لەسێدارەدان بە بەڵگە و رێكاری یاسای دەركراون، كاتێكیش جێبەجێ ناكرێن و فەرمامۆش دەكرێت ئەوا بازدانە لەسەر كاروباری دادوەری لەعێراق.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین