وادەی پەسەندكردنی بودجەی دیاری دەكرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

پەرلەمانتاران دووپاتی دەكەنەوە، دوای خوێندنەوەی یەكەمی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق لە پەرلەمان بەخێرایی كاری لەسەر دەكرێت و دوای جەژنی رەمەزان دەنگی لەسەر دەدرێت.

دوو پەرلەمانتاری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە شەشی نیسانی 2023 قسەیان بۆ ماڵپەڕی شەفەق نیوز كردووە و دووپاتیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 بە خێرایی كاری لەسەر دەكرێت و بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت.

حەسەن فەدعم ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە لێدوانەكەی دەڵێ‌، "پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ یاسای بودجە كرد، ئەمەیش هەنگاوێكی ئەرێنییە و پێشوازیەكی چاك بۆ بودجە لەناو پەرلەمان هەبوو، مكوڕن لەسەر ئەوەی بە خێرایی تەواو بكرێت، ئەمەیش وەك پاڵپشتییەك بۆ حكومەت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی".

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان، پەرلەمانتارێكی ترە كە بۆ شەفەق نیوز لێدوانی داوە و دەڵێ‌، "دوای جەژن بودجە پەسەند دەكرێت". دوێنێ‌ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجە كرد، عێراق لە ساڵی 2022 هیچ بودجەیەكی نەبوو، بەڵام ئەم جارە بۆ سێ‌ ساڵی ئامادە كردووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین