دەرگای شارۆچكەیەكی عێراق بە رووی سوودانی داخراوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

وەك سەرۆكەكانی پێشووی حكومەتی عێراق، گومان لەوە دەكرێت محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی ئێستای حكومەت بتوانێ‌ بچێتە جورف سەخەر، كە شارۆچكەیەكی عێراقە و نزیكەی نۆ ساڵە چۆڵكراوە و لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیركراوە.

رۆژنامەی مەدای عێراق لە راپۆرتێكدا كە دوێنێ‌ دووی نیسانی 2023 لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویكردووەتەوە، باس لەوە دەكات تا ئێستا "گرێكوێرە"ی شارۆچكەی جورف سەخەر نەكراوە و تەنانەت محەمەد شیاع سوودانیش ناتوانێ‌ لەم دۆسیەیە نزیك ببێتەوە، لە ترسی ئەوەی كێشەی گەورەتر دروست بێت و دۆسیەی ئاڵۆزتر ئاشكرا بن.

جورف سەخەر شارۆچكەیەكی سەربە پارێزگای بابلە و دەكەوێتە باشووری بەغدا، دانیشتووانی ئەو شارۆچكەیە سوننە مەزهەب بوون، لە شەڕی داعشەوە شارەكەیان جێهیشتووە و شارەكە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014وە دەستی بەسەر داگیراوە وكراوەتە سەربازگەیەكی گەورە. 

هەر یەكە لە حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی و دواتریش مستەفا كازمی سەرۆك حكومەتەكانی پێشووی عێراق، هەوڵیان داوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، شارەكە بكەنەوە و خەڵكەكەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان كەچی تەنانەت نەیانتوانیوە سەردانی ناو شارەكەیش بكەن.

محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی دەڵێ‌، "جورف سەخەر نهێنیەكە تا ئێستا كۆدەكانی نەكراوەتەوە و تەنانەت گەورەترین لایەنی سەربازی ناتوانی بچێتە شارەكەوە و تەنانەت ناتوانێ‌ وێنەیەكیش بگرێت". لە راپۆرتەكەی مەدا باس لەوە كراوە چەندان جار بەرپرسانی سوننە ویستوویانە لەگەڵ ئێران بدوێن و لەوانەیش لە 2021  خەمیس خەنجەر یەكێك لە سەركردە سیاسییەكانی سوننە، قسەی لەگەڵ جەواد زەریف كردووە كە ئەو كات وەزیری دەرەوەی ئێران بوو.

بەگوێرەی چەندان راپۆرتی عەرەبی و جیهانی ئێران ئەو شارەی كردووەتە، سەربازگەیەكی داخراوی خۆی تەنانەت نەوەك بۆ عێراق، بەڵكو وەك ناوەندێكی گرنگ بۆ ئۆپراسیۆنەكانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاری دەهێنێ‌
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین