دۆسیەی فیدائییەكانی سەدام مشتومڕ دروست دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

نووسراوێكی سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق مشتومڕی سیاسی لێدەكەوێتەوە، چونكە ماف دەداتە هەندێك لە ئەندامانی رێكخراوی چەكداری فیدائییەكانی سەدام كە مووچەی خانەنشینیان هەبێت.

لە میدیاكانی عێراق نووسراوێكی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی بڵاوكراوەتەوە، كە ئاراستەی سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری كردووە، "ئەو دەستەیە بەرپرسە لە دۆسیەی ریشەكێشكردنی بەعس" لە نووسراوەكەدا كە نۆی ئەم مانگە واژوو كراوە، دووپات لەسەر دوو خاڵ كراوەتەوە، یەكەمیان ئەو كەسانەی كە پێشتر لە بواری سەربازی یان هەر بوارێكی مەدەنی كاریان كردووە و بە زۆرملێ‌ رەوانەی دەزگای فیدائی سەدام كراون، مافی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیان هەیە. 

هەندێك لە كارمەندانی ئەو دەزگایە چوونە بەرەی دژ بە داعش و لەوێ كوژراون، دەبێت رەچاوی بارودۆخی ئەوان بكرێت و وەك شەهید هەژمار بكرێن.

ئەم نووسراوە مشتومڕێكی سیاسی لە عێراق دروست كردووە، هەندێك لە پەرلەمانتاران و سیاسەتمەداران پێیانوایە ئەم بڕیارە گێڕانەوەی مافێكی رەوایە، كەچی هەندێك لە پەرلەمانتارانی شیعە خەڵك هەن دەدەن بە ناوی زیانلێكەوتووانی رژێمی بەعس لە داواكاری گشتی سكاڵا تۆمار بكەن دژی هەر كەسێك كە لە رێكخراو و دەزگا ئەمنییەكانی بەعس كاریان كردووە.

فیدائییەكانی سەدام حوسێن، رێكخراوێكی چەكداری خۆبەخش بوو، لە ساڵی 1994 دامەزرا، تایبەت بوو بە سەدام حوسێن، چەكی قوڕسیان لا نەبوو، فەرمانیان لە عودەی سەدام حوسێن وەردەگرت. سەرەتا ژمارەیان 10 هەزار كەس بوو دواتر لە كاتی رووخانی رژێمی بەعس 25 هەزار كەس دەبوون.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین