ئایشه‌ ئاجار باشاران: هه‌ده‌په‌ دووكان نییه‌ تا ده‌رگاكه‌ى دابخرێت کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ ئايشه‌ ئاجار باشاران په‌رله‌مانتارى پێشووى هه‌ده‌په‌ و سه‌ركرده‌ له‌و حزبه‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى كرد و له‌ كۆنگره‌كه‌ گوتى، "هه‌ده‌په‌ دووكان نییه‌ تا ده‌رگاكه‌ى دابخرێت".

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 19ى ئادار له‌ ئامه‌دى باكوورى كوردستان ، ئایشه‌ ئاجار باشاران سه‌ركرده‌ له‌ هه‌ده‌په‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى سازكرد و وه‌ڵامى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى حكومه‌تى توركیاى دایه‌وه‌ كه‌ بۆ داخستنى هه‌ده‌په‌ ده‌یدات، كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى هه‌ده‌په‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئایشه‌ تێیدا ده‌ڵێ، " له‌ شه‌ش ساڵى رابردوودا هاوپه‌یمانێتى ئاكپارتى و مه‌هه‌ده‌ به‌ چه‌ندان شێوازى جودا كاریان بۆ دوورخستنه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌ پرۆسه‌ى دیموكراسى كردووه‌".

ئایشة باشاران دواى ئه‌مه‌ ده‌ڵێ، "له‌ دوایین هه‌وڵى ئاكپارتى داوا ده‌كات هه‌ده‌په‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، به‌مه‌یش ده‌یه‌وێ رژێمێكى فاشیستى كه‌ جیاوازيى قبوڵ ناكات، دروست بكات".

ئایشه‌ له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ باسى له‌و هه‌وڵانه‌ كرد و به‌ بێسوودى زانى، چونكه‌ وه‌ك ئه‌و گوتى ، "هه‌ده‌په‌ دووكان نییه‌ ده‌رگاكه‌ى دابخرێت، هه‌ده‌په‌ ئه‌مڕۆ هزرێكه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هه‌ده‌په‌ ژنه‌ و منداڵه‌ و گه‌نج و پیر و كرێكاره‌. بۆیه‌ ده‌بێت له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ یه‌ك بێت و ده‌نگى به‌رز بكاته‌وه‌".

له‌ به‌شێكى ترى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ جارێكى تر ئایشه‌ باشاران په‌رله‌مانتارى پێشووى هه‌ده‌په‌، داواى له‌ كۆمه‌ڵگاى كوردستانى له‌ باكوورى كوردستان كرد له‌ رۆژى نه‌ورۆز خۆیان رێك بخه‌نه‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ر فاشیزم دیموكراسى بپارێزن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین