رۆژنامه‌یه‌كى له‌نده‌نى: چیاى قه‌ره‌چووغ بووه‌ته‌ پێگه‌یه‌كى نوێى داعش وەرگێڕان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات چیاى قه‌ره‌چووغ بووه‌ته‌ پێگه‌یه‌كى نوێى رێكخراوى تیرۆریستى داعش. به‌ پشتبه‌ستن به‌ لێدوانى به‌رپرسانى عێراقى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ناده‌ن.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكى درێژدا به‌دواداچوونى بۆ  جموجۆڵى رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ چیاى قه‌ره‌چووغ كردووه‌. له‌ سه‌ره‌تاى  راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌مه‌ دوو هه‌فته‌یه‌ هێزێكى تایبه‌تى عێراقى كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ ده‌زگاى دژه‌ تیرۆر و به‌ پاڵپشتى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به‌ داعش، زنجیره‌یه‌ك ئۆپراسیۆن له‌ ناوچه‌كانى چیاى قه‌ره‌چووغ له‌ نزیك سنوورى شارى هه‌لێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا هێز دابه‌زێنراوه‌ و جیا له‌وه‌یش پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق به‌شداربوون و 30 هێرشى ئاسمانى بۆ سه‌ر موڵگه‌كانى داعش له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام دراون. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارانه‌ى له‌لایه‌ن شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منى عێراق بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، چه‌ندان تیرۆریستى داعش له‌و ئۆپراسیۆنه‌ كوژراون و ژماره‌یه‌كیان گیراون و چه‌ندان موڵگه‌یان وێران كراوه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ ته‌حسین خه‌فاجى گوته‌بێژى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق قسه‌ى كردوو ه‌ وباسى له‌ دوو خاڵ كردووه‌، یه‌كه‌میان دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ى له‌ قه‌ره‌چووغ به‌ڕێوه‌ده‌چێت تایبه‌تن و دووه‌میش باس له‌وه‌ ده‌كات هاوئاهه‌نگى له‌نێوان هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق هه‌یه‌.

ناونیشانى راپۆرته‌كه‌: چیاى قه‌ره‌چووغ پێگه‌یه‌كى نوێى داعش له‌ عێراق

كاتع ركابى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له‌ په‌رله‌مانى عێراق بۆ رۆژنامه‌كه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ دواوه‌ و ده‌ڵێ، "چیاى قه‌ره‌چووغ ئێستا بووه‌ته‌ مه‌ترسیدارترین ناوچه‌ كه‌ داعشى تێدا بێت، ئه‌مه‌یش هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ته‌واوى عێراق" ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باس له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ پاككردنه‌وه‌ى قه‌ره‌چووغ له‌ تیرۆریستانى داعش ئاسان نییه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا مه‌حاڵ نییه‌. به‌ڵكو پێویستى به‌ چاودێرى به‌رده‌وام و ئۆپراسیۆن هه‌یه‌.

ركابى هۆشدارییش ده‌دات ئه‌گه‌ر تیرۆریستانى داعش به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستا له‌ قه‌ره‌چووغ بمێننه‌وه‌ ئه‌وا به‌ تێپه‌ڕبوونى كات به‌هێزتر ده‌بن.

عه‌بدوڵا تاهیر كه‌ به‌رپرسێكى پارتییه‌ له‌ ناوچه‌ى مه‌خموور له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید هۆشداریى داوه‌ له‌وه‌ى چیاى قه‌ره‌چووغ و قه‌زاى مه‌خموور له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ى داعش و چیاكه‌ بووه‌ته‌ پێگه‌یه‌كى داعش.

له‌ راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" هه‌وڵدراوه‌ هۆكارى به‌هێزبوونى داعش له‌  قه‌ره‌چووغ بزانرێت بۆیه‌ بۆچوونى سه‌عد حه‌دیسى وه‌رگیراوه‌ كه‌ ئه‌فسه‌رێكى خانه‌نشینكراوى عێراقه‌ و شاره‌زاى كاروبارى ئه‌منییه‌، حه‌دیسى ده‌ڵێ، "یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى ئه‌و چیایه‌ بووه‌ته‌ مۆڵگه‌ى چه‌كدارانى داعش، ئه‌وه‌یه‌ ناوچه‌ى كێشه‌ له‌سه‌ره‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ ساڵى 2003 وه‌ سوود له‌و ناوچانه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ جێى ناكۆكین".

سه‌عد حه‌دیسى له‌ لێدوانه‌كه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ، "هێزه‌ سیاسیه‌كانى هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ ئێران له‌ماوه‌ى رابردوودا بوونى پێشمه‌رگه‌یان له‌و ناوچانه‌ ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، به‌غدا بێتوانایه‌ له‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بدۆزێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش خاڵێكه‌ سه‌رنجى داعشى راكێشاوه‌. له‌دواى رووداوى ئۆكتۆبه‌رى 2017 پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ دوورخراونه‌ته‌وه‌".

به‌رپرسێكى پێشووى عێراق:
كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى ئێران
رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ ناده‌ن

به‌ بڕواى ئه‌و شاره‌زایه‌ ئه‌منییه‌ پرسیار ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ى و چۆن ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر چیاكه‌ ده‌سه‌پێنرێت؟ به‌ڵكو پرسیارى گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ى رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ له‌وه‌ بێبه‌ش ده‌كرێت ناوچه‌ى له‌م شێوه‌یه‌ بۆ خۆى بدۆزێته‌وه‌؟

چیاى قه‌ره‌چووغ و مه‌خموور ده‌كه‌ونه‌ باشوورى شارى هه‌ولێر و باشوورى رۆژهه‌ڵاتى مووسڵ، درێژى چیاى قه‌ره‌چووغ نزیكه‌ى 40 كیلۆمه‌تره‌. وه‌ك راپۆرته‌كه‌یش ئاماژه‌ى بۆ كردووه‌، سه‌ختى تۆبۆگرافى "به‌رزونزمى"چیاكه‌ و بوونى ئه‌شكه‌وتێكى زۆر، هۆكارێكه‌ بۆئه‌وىه‌ رێكخراوى تیرۆریستى داعش په‌ناى بۆ ببات.

 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین