دوو كتێبى شێخ سەعیدى پیران بڵاو دەبێتەوە کولتوور

نوچەنێت

د. جەبار قادر نووسه‌ر و توێژه‌رى به‌ناوبانگى كورد ناونیشانى دوو كتێبى شێخ سه‌عیدى پیرانى ئاشكرا كردووه‌، كه‌ یه‌كه‌م جاره‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌.

 ئەمڕۆ یەكشەممە (14/ئاب/ 2022) د.جەبار قادر لە لاپەڕەى فەرمى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك، دوو كتێبى شێخ سەعیدى پیرانى بڵاوكردەوە، سەبارەت بە ناوەڕۆكى ئەو كتێبانە نووسیوویەتى، "ئەم دوو کتێبە لە نووسینی شێخ سەعیدی پیرانن، کە یەکێکیان بە ناونیشانی ( رساله‌ المكتبه‌ واتا نامەی کتێبخانە یا کتێبخانەنامە) کە بریتییە لەو کتێبانەی لە کتێبخانەکەیدا هەبوون. ئەویتریان (مجموعه‌ الفتاوی واتا كۆفەتواکان)، شێخ سەعید ئەفەندی"٠ 

سەبارەت بە ئامادەكارى كتێبەكە د. جەبارە روونى دەكاتەوە، "هەردوو کتێبەکە لە ئامادەکردنی شێخ عەبدولئیلاە فراتە کە دەکاتە نەوەی شێخ سەعیدى پیران. 

لە بەشێكى ترى نووسینەكەى دەڵێت، "شێخ عەبدولئیلاە ئەم دوو کتێبەی لە گەڵ کتێبێکی دیکەدا سەبارەت بە شێخ عەلی سەبتی کە بەناونیشانی ( شێخی گەورەی ڕۆژهەڵات شێخ عەلی سەبتی پاڵۆیی و ڕیسالەی شێخی شێخان) لە نووسینى خۆیەتى بۆ پرۆفیسۆر مارتین فان براونسن, كوردناسى هۆڵندى ناردووە". 

شێخ سەعیدى پیران، كەسایەتيەكى ئایینى و سیاسى بووە، لە ساڵى (1865) لە دایك بوو، سەردەكردایەتى یەكەم شۆڕشى چەكدارى دژ بە دەسەڵاتى كەمال ئەتاتورك كردووە و داواى مافەكانى نەتەوەى كوردى كردووە، لە (30) ئایارى ساڵى (1925) دواى دەستگیركردنى لە سێدارە دراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین