سه‌در داواى چۆڵكردنى په‌رله‌مان لە خۆپیشاندەران ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ساڵح محه‌مه‌د عێراقى ناسراو به‌ "وه‌زیرى سه‌در" داوا له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كات له‌ 72 كاتژمێرى داهاتوو باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مانى عێراق چۆڵ بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ دووى ئاب/2022 ساڵح محه‌مه‌د عێراقى كه‌ گوایه‌ نزیكه‌ له‌ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ تویته‌ر په‌یامێكى پێنج خاڵى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ یه‌كه‌م خاڵدا داوا له‌ خۆپیشانده‌ران و مانگرتووان ده‌كات په‌رله‌مان چۆڵ بكه‌ن.

ساڵح عێراقى ده‌ڵێ، "باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مان له‌ ماوه‌ى 72 كاتژمێر چۆڵ بكرێت" له‌ خاڵى دووه‌م ده‌ڵێ، “ئه‌گه‌ر شوێنى تر هه‌بوو بۆ مانگرتن ئه‌وا دواتر رێنماییتان پێده‌درێت”، له‌ خاڵى سێیه‌م دووپات له‌سه‌ر گرنگى به‌رده‌وامبوونى مانگرتن ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ پێویستى ده‌زانێت به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان و به‌گوێره‌ى رێنماییه‌كان به‌رده‌وام بێت. 

 له‌ خاڵى چواره‌م داوا ده‌كات نوێژى یه‌كگرتوویى هه‌ینى له‌ به‌غدا و بابل و كوت و كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف به‌ڕێوه‌بچێت و جیا له‌مه‌یش له‌دوایین خاڵ ئاشكراى ده‌كات، لیژنه‌یه‌ك بۆ رێكخستنى خۆپیشاندانه‌كان پێكده‌هێنن.

له‌ رۆژى شه‌ممه‌ى رابردووه‌وه‌، لایه‌نگرانى سه‌در له‌ باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مان مانیانگرتووه‌، سه‌ره‌تا رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو جارێك هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر په‌رله‌مان، له‌ دژى كاندیدبوونى محه‌مه‌د شیاع سوودانى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كات چه‌ند كاتژمێرێك بوو. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین