دادگایه‌كى عێراق گرێبه‌ستى چوار كۆمپانیاى نه‌وتى هه‌رێم پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

دادگاى كه‌رخ له‌ به‌غدا گرێبه‌ستى چوار كۆمپانیاى بیانى پووچه‌ڵ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كه‌ن، ده‌گوترێت ئه‌مه‌یش له‌ چوارچێوه‌ى جێبه‌جێكردنى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى عێراق دێت كه‌ سه‌باره‌ت به‌ نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان داویه‌تى.

ماڵپه‌ڕى راپۆرتى نه‌وتى عێراق " IRAQ OIL REPORT" و چه‌ند ماڵپه‌ڕێكى تر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ پێنجى ته‌مووزى 2022 بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، دادگاى بازرگانى كه‌رخ له‌ به‌غدا گرێبه‌ستى چوار كۆمپانیاى نه‌وتى پووچه‌ڵ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كه‌ن.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، دوێنێ دادگاى كه‌رخ له‌ چوارچێوه‌ى جێبه‌جێكردنى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى عێراق، سه‌باره‌ت به‌ نه‌وت و گازى هەرێم ، بڕیاره‌كه‌ى داوه‌. كۆمپانیاكانیش بریتین له‌ DNO  نه‌رویجى، Genl كه‌ له‌ به‌ریتانیا تۆمار كراوه‌، كۆمپانیاى WesternZagros ى كه‌نه‌دى، له‌گه‌ڵ  كۆمپانیاى HKN ى ئه‌مریكى.

دوێنێ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق به‌ فه‌رمى رایگه‌یاند، سێ كۆمپانیاى بیانى كه‌ ئه‌وانیش شلمبێرگه‌ر و بیكه‌ر هیوز و هالیبێرتۆن، به‌ عێراقییان راگه‌یاندووه‌، هیچ پڕۆژه‌یه‌كى نوێ له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ناده‌ن.

له‌ مانگى شوباتى رابردوو دادگاى فیدڕاڵى یاساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستانى ره‌تكرده‌وه‌، وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقیش په‌یامى به‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان دا چیتر له‌ هه‌رێم كار نه‌كه‌ن. هه‌رێمى كوردستان به‌ تووندى به‌ شێوازى یاسایى و سیاسى دژى بڕیارى  دادگاكه‌ وه‌ستایه‌وه‌. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین