وەزارەتی دارایی مەرجەکانی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی بڵاوكردەوە کوردستان- عێراق

نوچە نێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گشتاندنی دارایی ژمارە (9)ـی ساڵی (2024) ی تایبەت بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوكردەوە، گشتاندنی بۆ سەرجەم وەزارەتەکان کردووە.

ئەمڕۆ یەكشەممە (24/تشرینی دووەم/2024) وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان مەرجەكانی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بڵاوكردەوە و بەپێی نووسراوێك كە واژی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەسەرە، لە یەكێك لە مەرجەكان دەڵێت، "تەنها ئەو بڕوانامەیە هەژمار دەکرێت کە بەشێوەی گرێبەست پێی دامەزراون، کار بە هیچ بڕوانامەیەک ناکرێت کە پێش یان پاش بە دامەزراندنی بەشێوەی گرێبەست هەبووە یان بەدەستهاتووە."

 

دەقی مەرجەکانی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست:

یەکەم: رەچاوکردنی سرووشتی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە فەرمانبەری گرێبەست پێشکێشی دەکات بوار بەهەمیشەییکردنی دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت بە فەرمانێک خشتەی ئەو بوارانەی خزمەتی گرێبەست دەستنیشان دەکات کە سرووشتی کارەکە دەیخوازێت بەشێوەی گرێبەست بمێنێتەوە.

دووەم: تەنها ئەو بڕوانامەیە هەژمار دەکرێت کە بەشێوەی گرێبەست پێی دامەزراون، کار بە هیچ بڕوانامەیەک ناکرێت کە پێش یان پاش بە دامەزراندنی بەشێوەی گرێبەست هەبووە یان بەدەستهاتووە.

سێیەم: فەرمانبەری گرێبەست پێویستە "سێ ساڵ" خزمەتی گرێبەستی هەبێت و بەردەوام بێت لە کار، لە تەمەنی 18 ساڵی گرێبەست هەژمار دەکرێت بە مەبەستی دامەزراندن بەشێوەی هەمیشەیی.

چوارەم: لەکاتی بوون بەهەمیشەیی، فەرمانبەرانی گرێبەست دەبێت فەرمانگەکەی پێویستی بە راژەی فەرمانبەرەکە هەبێت.

پێنجەم: رەچاوی تەمەنی فەرمانبەری گرێبەست بکرێت کە پێویستە دوای دامەزراندنی بە هەمیشەیی لەگەڵ ئەو خزمەتەی بەشێوەی گرێبەست کردوویەتی بتوانێت "20 ساڵ" خزمەت پێشکێش بکات بە فەرمانگەکەی.

شەشەم: دەبێت فەرمانبەری گرێبەست وەزارەتمان/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە/ بەڕێوەبەرایەتیی میلاکات، دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست و نوێکردنەوەی دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست پەسند کرابێت.

حەوتەم: دەبێت 18 ساڵی تەواوکردبێت لەکاتی دامەزراندن.

هەشتەم: پێویستە هەڵگری وڵاتینامەی عێراقی بێت.

نۆیەم: پاش دامەزراندنی فەرمانبەری گرێبەست بەشێوەی هەمیشەیی، بۆ ماوەی "سێ ساڵ" داوای گواستنەوەی راژە نەکات.

دەیەم: دوای دامەزراندنی فەرمانبەری گرێبەست بەشێوەی هەمیشەیی، کۆتایی بە گرێبەستەکەی دەهێندرێت و هیچ کەسێکی دیکە لە شوێنی بە گرێبەست دانامەزرێت.

یازدە: دەبێت سەرجەم مەرجەکانی هاتوو لە یاسای راژەی شارستانی ژمارە 24ـی ساڵی 1960 بەرکار لە هەرێمی کوردستان تایبەت بە مەرجەکانی دامەزراندنی تێدا بەدی بکرێت.

دوازدە: فەرمانبەری گرێبەست دەبێت لە پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری خۆی تۆمارکردبێت و خاوەنی ژمارەی بێهاوتا UPN بێت.

سیازدە: ئەوانەی خاڵەکانی سەرەوە دەیانگرێتەوە پێویستە لەسەر وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکان، بە لیست دوای وردبینی کردنیان ئاراستەی وەزارەتمان/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە/ بەڕێوەبەرایەتیی میلاکات بکەن، دوای وردبینی کردنی لیستەکان راستاندنیان بۆ دەکرێت بە نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکان دەکرێت، بە مەبەستی ئامادەکردنی لیستی مووچەیان بەشێوەی هەمیشەیی و ناردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەی پەیوەندیدار بە مەبەستی رەوانەکردنی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقی فیدراڵ.

چواردە: بە رەچاوکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرجەم خاڵەکانی سەرەوە بەپێی لیستی هاوپێچ پڕدەکرێتەوە و ئاراستەی وەزارەتمان دەکرێت، دوای ئەوەی وردبینی کردن و راستاندنی لەلایەن فەرمانبەری رێکخەر، بەڕێوەبەری میلاکات، بەڕێوەبەری ژمێریاری و بەڕێوەبەری وردبینی واژۆ و مۆر دەکرێت، لەئەگەری هەر کەموکورتییەک بەرپرسیار دەبن و ملکەچی یاسا بەرکارەکان دەبن بۆ لێپێچینەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین