بەرەو سيستەمێكى نوێى جيۆسياسى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەرگێڕان

نوچەنێت:

جۆ بايدن، سەرۆكى ئەمەريكا لە ناوەڕاستى ئەم مانگە گەشتێك بۆ وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەكات.

وا باوە هەموو سەرۆكەكانى ئەمەريكا، ديموكراتەكان بن ياخود كۆمارييەكان، كاتێك سەردانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەكەن، سەردانى ئيسرائيل و سعووديە دەكەن و لە كۆبوونەوەكانى ئەنجوومەنى هاريكارى كەنداو ئامادە دەبن، بڕيارە بايدنيش يەكەمجار سەردانى ئيسرائيل بكات، پاشان سەردانى سعووديە بكات و لە لووتكەى هاريكارى وڵاتانى كەنداو لە رياز ئامادە دەبێت.

ئايا سيستەمێكى نوێى ناوچەيى دادەمەزرێت؟

عێراق و ئوردن و ميسر بۆ لووتكەى ئەنجوومەنى هاريكارى كەنداو بانگهێشتكراون، كە بڕيارە بايدنيش بەشدار بێت، ئەوەش پرسيار و گفتوگۆى زۆرى لەسەر دروستكردنى سيستەمێكى نوێى ناوچەيى بە پاڵپشتى ئەمەريكا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هێناتە ئاراوە.

بايدن هەنگاوێك پاشەكشەى كردووە، چونكە بە درێژايى بانگەشەكانى بۆ هەڵبژاردنەكانى سەرۆكايەتى جەختى لەسەر ئەوە دەكردەوە پشت لە سعووديە و محەمەد بن سەلمان، شازادەى جێنيشنى ئەو وڵاتە دەكات، بەڵام مەترسى لە شكستهێنان بۆ هەڵبژاردنى نوێكردنەوەى دوو ساڵەى لە كۆنگرێس بەهۆى بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان و بەرزبوونەوەى نرخى سووتەمەنى بەهۆى جەنگى ئۆكراينا، وايكرد بايدن ئەو هەنگاوە بەرانبەر سعووديە بنێت، بۆيە دۆخى نێودەوڵەتى و ناوچەيى پاڵى بە واشنتنەوە نا سەر لەنوێ رۆڵى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەهێز بكاتەوە.

لەسەردەمى دۆناڵد ترامپ، سەرۆكى پێشووى ئەمەريكا رێككەوتنى (ئيبراهيمى) لايەك پەيوەندى ئيسرائيل لەگەڵ ئيمارات و بەحرێن ئاساييكردەوە، لە لايەكى تريش لەگەڵ سوودان و مەغريب پەيوەندى ئاساييكردەوە، دەكرێت لە ماوەى سەرۆكايەتى بايدن هانى ئەوە بدرێت رێككەوتن و لێكنزيكبوونەوەى هاوشێوە لەگەڵ وڵاتانى ترى عەرەبى ئەنجام بدرێت.

ئيسرائيل و وڵاتانى ئەو ناوچەيە دەخوازن واشنتن رۆڵى كاراترى لەو ناوچەيە هەبێت، بۆ نموونە دەزگا راگەياندنەكانى ئيسرائيل باس لە داواكارى دامەزراندنى سيستەمێكى بەرگرى ئاسمانى هاوبەش لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دژ بە ئێران دەكرێـت.

وڵاتانى كەنداو زۆر پەرۆشى رێككەوتنێكى لەم جۆرەن، بەتايبەت سعووديە مەترسى ئەو هێرشانەى لەسەرە كە حووسيەكانى سەربە ئێران لە يەمەن دەيكەنە سەرى، هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەى كە هەوڵێك هەيە لە ميانى سەردانەكەى بايدن بۆ ئەو ناوچەيە سيستەمێكى نوێ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دامەزرێت.

نزيكبوونەوەى توركيا و ئيسرائيل

نزيكبوونەوەى نێوان تەلئەبيب و ئەنقەرە يەكەم بەرەوپێشچوونە كە دەكرێت كاريگەرى راستەوخۆى لەسەر ئەو سيستەمە نوێيە هەبوو، كە بەر لەسەردانەكەى بايدن ئاماژەكانى دەركەوتووە.

نزيكبوونەوەى ئەو دوو وڵاتە كاريگەرى لە زۆر بوار هەيە، وەك بەشێكە لە ئاساييكردنەوەى ناوچەيى، گواستنەوەى چالاكييەكانى ئێران بۆ ناو توركيا دژ بە كەسايەتييەكانى ئيسرائل، وەك كاردانەوەيەكە بەرانبەر كوشتنى بەرپرسانى ئێران، بووە زياتر لێكنزيكبوونەوەىى توركيا و ئيسرائيل.

لەو چوارچێوەيە ئەنقەرە چەند هەوڵێكى سەركەوتووى دژ بە چالاكيى هەواڵگرى ئێران لە وڵاتەكەى نا، ئەو چالاكيانەى ئێران بۆ زيانگەياندن بوو بە وێنەى توركيا لەبەردەم رايگيشتى جيهانى، بەڵام ئەو هەوڵە سەركەوتووانەى هەواڵگرى توركيا بووە جێى بايەخى ئيسرائيل بۆ هاوئاهەنگى لەگەڵ توركيا.

ئەو لێكنزيكبوونەوەى نێوان ئەو دوو وڵاتە پەرە بە سياسەتى ناوخۆى ئيسرائيل دەدات، ئەوەش لەدواى بڕيارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەى ئەو وڵاتە و سەردانى يائير لابيد، وەزيرى دەرەوەى ئيسرائيلە بۆ توركيا، كە رايگەياند، "لێكنزيكبوونەوەى هەردوو وڵات لە داهاتووش بەردەوام دەبێت."

لەبەرانبەر ئەو سەردانە، حوسێن ئەمير عەبدولهيان، وەزيرى دەرەوەى ئێران رۆژى (27) مانگى رابردوو سەردانى توركياى كرد و رايگەياند، "پێويستە هەموو رێكارێكى پێويست بگيرێتە بەر بۆ نەهێشتنى مەترسييە ئەمنييەكانى توركيا لەناو خاكى سووريا." ئەمەش ئەوە دەگەينێت تاران جووڵەى ديپلۆماسى ئەنجام دەستپێكردووە بۆ ئەوەى لێنكزيكبوونەوەى ئيسرائيل توركيا مەترسى بۆ سەر بەرژەوەندييەكانى ئێران دروست نەكات.

ئاساييكردنەوەى پەيوەندیى توركيا و وڵاتانى كەنداو

يەكێك لە بەرەوپێشچوونەكان بۆ سيستەمى جيۆسياسى، كە بڕيارە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دامەزرێت، پێش سەردانى بايدن قۆناغى ئاساييكردنەوەى پەيوەندى نێوان توركيا و وڵاتانى كەنداو بوو.

ئەو ئاساييكردنەوە بە سەردانى تەحنون بن زايد ئال نهيان، راوێژكارى ئاسايشى نەتەوەيى ئيمارات لە مانگى ئابى ساڵى رابردوو دەستى پێكرد، پاشان لە مانگى تشرينى دووەم محەمەد بن زايد، سەرۆكى ئێستاى ئيمارات سەردانى ئەو وڵاتەى كرد.

قۆناغى ئاساييكردنەوە بە سەردانى رەجەب تەيب ئەردۆغان لە مانگى شوبات بۆ ئيمارات بەرەو پێش چوو، لەكۆتايى مانگى نيسانى ئەمساڵ ئەردۆغان سەردانى سعووديەى كرد، لە مانگى رابردوو محەمەد بن سەلمان، شازادەى جێنيشنى سعووديە سەردانى توركياى كرد، ئاساييكردنەوەى پەيوەندى توركيا و وڵاتانى كەنداو رەهەندێكى دامەزراوەيى هەبوو.

لەگەڵ ئەو هەنگاوانەى سەركردەكان، دەبينين هاوئاهەنگى نێوان توركيا و كەنداو جێگەى ململانێ و ئاڵۆزييەكانى گرتەوە، كە لە ساڵى (2018) زۆر زيادى كرد بوو، بۆيە چاوەڕوان دەكرێت ئاسايكردنەوەى پەيوەندييە فرە رەهەنديەكانى نێوان ئەو وڵاتانە زۆر بەخێرايى كۆتايى پێبێت. 

سەردانى بن سەلمان بۆ توركيا لەدواى سەردانى ئوردن و ميسڕ و دواخستنى سەردانى بۆ يۆنان و قوبڕسى رۆمى، زيادبوونى بايەخدانە بە هاوئاهەنگى ناوچەيى، هەروەك ئەوەش دەدردەخات كە سعووديە  توركيا بە لايەنێكى زۆر گرنگ لەو ناوچەيە دەزانێت.

بەدەستنەهێنانى پاڵپشتى واشنتن لەلايەن سعووديە و بەردەوامى هێرشى گرووپەكانى سەر بە ئێران بۆ سەر سعووديە لە يەمەن و عێراقەوە، وايكرد هاوئاهەنگى بوارى ئەمنى لەگەڵ ئەنقەرە ببێتە پێويستى، بۆيە ئەگەر هەيە هاوئاهەنگى گشتگير و درێژمەودايە لەنێوان توركيا وڵاتانى كەنداو لە ژمارەيەك دۆسيە بێتە كايەوە، كە لەسەرووى هەموويانەوە دۆسيەى يەمەنە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین