تیرۆریستێك خۆى به‌ هێزه‌كانى مووسڵ ته‌قانده‌وه‌

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ له‌ ناوچه‌ى حه‌مام عه‌لیلى باشوورى مووسڵ تیرۆریستێكى داعش خۆى به‌ هێزى ئۆپراسیۆنه‌كانى مووسڵ ته‌قانده‌وه‌، بووه‌ هۆى برینداربوونى چه‌ند كه‌سێك.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ چوارى نیسانى 2022 له‌ كاتى به‌ڕێوه‌چوونى ئۆپراسیۆنێكى دژ به‌ رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ ناوچه‌ى ئه‌لبوسێفى سه‌ربه‌ حه‌مام عه‌لیلى باشوورى مووسڵ، تیرۆریستێكى خۆكوژ خۆى به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان ته‌قانده‌وه‌.

نه‌جم جبوورى پارێزگارى مووسڵ به‌ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى راگه‌یاندووه‌، زانیارى هه‌واڵگرى له‌سه‌ر بوونى تیرۆریستان له‌و ناوچانه‌ هه‌بووه‌، بۆیه‌ هێزه‌كانى ئۆپراسیۆنى مووسڵ روویان له‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌، یه‌كێك له‌ تیرۆریسته‌كان خۆى له‌ تونێلێك حه‌شار داوه‌ و دواتر خۆى به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كه‌ ته‌قاندووه‌ته‌وه‌.

پارێزگارى مووسڵ باسى له‌ قوربانییه‌كان كردووه‌، دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ هیچ كوژراوێك له‌نێو هێزه‌ عێراقییه‌كان نییه‌، ته‌نیا چه‌ند بریندارێك هه‌یه‌. ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بیش نووسیویه‌تى هه‌شت كه‌س به‌ هۆى كرده‌ تیرۆریستیه‌كه‌ بریندارن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین