له‌ ترسى گه‌رماى هاوین عێراق په‌نا بۆ چه‌ند وڵاتێك ده‌بات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

عادل كه‌ریم وه‌زیرى كاره‌باى عێراق، پڕۆژه‌ى به‌ستنه‌وه‌ى تۆڕى كاره‌باى عێراق به‌ توركیا ته‌واو كراوه‌ و به‌ دوو پرۆژه‌ى تریش كاره‌با بۆ عێراق ده‌هێنرێت كه‌ یه‌كێكیان له‌ ئوردن و ئه‌ویتریان له‌ كه‌نداوه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سێى نیسانى 2022 عادل كه‌ریم وه‌زیرى كاره‌باى عێراق به‌ ماڵپه‌ڕى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى راگه‌یاندووه‌، پرۆژه‌ى به‌ستنه‌وه‌ى كاره‌باى عێراق به‌ توركیا ته‌واو بووه‌. 

وه‌زیرى كاره‌باى عێراق پێشبینى ده‌كات ئه‌مساڵ بارودۆخى كاره‌با له‌ وڵاته‌كه‌ى له‌ ساڵانى رابردوو باشتر بێت و بۆئه‌مه‌یش باس له‌ چه‌ندان پرۆژه‌ى تر ده‌كات، به‌ڵام به‌ مه‌رجه‌ى ئه‌وه‌ى سووته‌مه‌نى بۆ وه‌زاره‌ت دابین بكرێت.

عادل كه‌ریم ده‌ڵێ، "پڕۆژه‌ى به‌ستنه‌وه‌ى كاره‌با به‌ ئوردن له‌ سه‌روبه‌ندى ده‌ستپێكردنه‌ و پڕۆژه‌ى وه‌رگرتنى كاره‌با له‌ وڵاتانی كه‌نداویش له‌ قۆناغى دانوستاندنه‌".

ساڵانه‌ له‌ عێراق له‌گه‌ڵ هاتنى وه‌رزى هاوین ته‌نگژه‌ى كه‌مى كاره‌با ده‌رده‌كه‌وێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى عێراق كه‌شوهه‌وایه‌كى گه‌رمى هه‌یه‌ و هه‌ندێك له‌ ناوچه‌كانى به‌ گه‌رمترین ناوچه‌ى جیهان داده‌نرێت، نه‌بوونى كاره‌با له‌ هه‌ر هاوینێكدا ناڕه‌زایى جه‌ماوه‌رى دروست ده‌كات.

به‌گوێره‌ى ئه‌و ئاماره‌ فه‌رمییانه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، له‌ عێراق له‌دواى 2003 وه‌ تا ئێستا نزیكه‌ى 100 ملیار دۆلار بۆ چاككردنى كه‌رتى كاره‌با خه‌رج كراوه‌، كه‌چى هیچ به‌ره‌وپێشچوونێك نه‌بووه‌. عێراق بۆ دابینكردنى كاره‌باكه‌ى پشت به‌ گازى سروشتى ئێران ده‌به‌ستێت، تا وێستگه‌كانى كاره‌با به‌كاربخات، ئه‌مساڵیش گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گازى سروشتى هاورده‌ بكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین