سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: هەرێمى کوردستان هەرگیز نابێتە بەشێک لە کێشەکان کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندێکى باڵاى چوارچێوەى هەماهەنگى لایەنە شیعییەکان ڕایگەیاند،  "عیراق دۆخێكى تایبه‌تى هه‌یه‌ و هه‌رێمى كوردستان هه‌رگیز نابێته‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان، به‌ڵكوو وه‌ك هه‌میشه‌ فاكته‌رێكى یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى واقعییانه‌ى كێشه‌كان و گه‌یشتن به‌ هاوبه‌شییه‌كى ڕاسته‌قینه‌ى نێوان لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان."

ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە (22)ـى کانوونى یەکەمى (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندێكى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگیى لایه‌نه شیعییه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى نوورى ئه‌لمالكى‌ کۆبووەوە.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى عیراق، هه‌ڵبژاردنى 10ى ئۆكتۆبه‌رى ڕابردووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و نیگه‌رانیى ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌ ئه‌نجامه‌كانى ناڕازین، پرۆسه‌ى یاسایى و تانه‌دان له‌ ئه‌نجامه‌كانى تاوتوێ كران."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و نورى مالیکى، "هاوڕا بوون كه‌ وێڕاى ناڕه‌زایى و تێبینییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان، دۆخ و ته‌حه‌دییه‌كانى وڵات به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌ش و ئه‌وه‌ ده‌خوازێت هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان به‌ ڕه‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى و داهاتووى وڵات، بگه‌نه‌ تێگه‌یشتنێكى هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌ و دامه‌زراندنى حكوومه‌تێك‌ كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواكاریى هاووڵاتیان بێت، بتوانێت به‌ره‌وڕووى ته‌حه‌دییه‌كانى ئێستا و داهاتووى وڵات ببێته‌وه و ئارامى و سه‌قامگیرى بپارێزێت."

هەروەها لە ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتى هەرێم دا هاتووە، گفتوگۆ دەربارەى "كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، به‌رنامه‌ى كارى شانده‌كه‌ و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان، چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان" کرا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین