سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەكەن کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری توركیا كۆبوونەوە و هەردوولا "جه‌ختیان لەسەر خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ فراوانکردنی هاریكاریی هاوبه‌شى نێوانیان كرده‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى هه‌ردوولا بكات."

ئێواره‌ى ئەمڕۆ هه‌ینى (11/نیسان/2025) له‌ چوارچێوه‌ى به‌شداریكردنیدا له‌ كۆڕبه‌ندى ئەنتالیا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، كۆبووه‌وه‌.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، باسیان له‌" گرنگیی پەیوەندییه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا کرد و تیشكیان خسته‌ سه‌ر پرۆژه‌ى ڕێگه‌ى گه‌شه‌پێدان. هه‌روه‌ها جه‌ختیان لەسەر خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ فراوانکردنی هاریكاریی هاوبه‌شى نێوانیان كرده‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى هه‌ردوولا بكات."

سەبارەت بە پرۆسه‌ى ئاشتى و دوا كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ شاندى ئیمرالى كرد. سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى "ستایشى ڕۆڵى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان له‌مباره‌یه‌وه‌، پرۆسه‌كه‌ى به‌ مێژوویى له‌ قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌پێناو سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌دا ئاماده‌یه‌."

هه‌روه‌ها گوتى: "پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌رفه‌تێكه‌ ده‌بێت هه‌مووان زۆر به‌ جددى وه‌ریبگرن و نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست بدرێت. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ دووپاتى كرده‌وه‌ بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى، پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ به‌پیر بانگه‌وازى به‌ڕێز ئۆجالانه‌وه‌ بچێت و به‌ته‌واوى پابه‌ندى بێت.‌"

ڕاگەیێندراوەكە ئاماژە بەوەش دەكات، دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و دۆخى سووریا به‌تایبه‌تى، گرنگیى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین