مالیكى خه‌ونى خۆى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت ئاشكرا ده‌كات وەرگێڕان

وه‌رگێڕانى : نوچه‌نێت

عێراق له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى نوورى مالیكى له‌ هه‌موو لایه‌ن و بواره‌كان، چه‌ندان زیانى گه‌وره‌ى به‌ركه‌وت. لایه‌نگرى جه‌ماوه‌رى ئه‌و پیاوه‌ پاشكشه‌ى كرد، كه‌ له‌سه‌ر ئاستێكى فراوان به‌رپرسیارێتى بڵاوبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵێ له‌ ته‌واوى جومگه‌كانى ده‌وڵه‌ت و به‌هه‌داردانى داهاتێكى زۆر و لاوازكردنى یه‌كێتى وڵات به‌ تیژكردنى هه‌ستى تایفه‌گه‌رى تۆمه‌تبار ده‌كرێت. كه‌چى ئه‌وانه‌ رێگرى له‌ سه‌رۆكى حزبى ده‌عوه‌ ناكه‌ن بۆئه‌وه‌ى جارێكى تر خواستى له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى وڵات بێت و هه‌ر زوو تێكه‌ڵى هه‌ڵمه‌ت بێت وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو.

نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووترى عێراق خواستى خۆى له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى وڵات راگه‌یاند، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى پاشكه‌شه‌ى كردووه‌ به‌هۆى ئه‌نجامه‌ زۆر خراپه‌كه‌ى‌ له‌ دوو ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌و له‌نێوان ساڵانى 2006 تا 2014 هه‌بووه‌. عێراق له‌ماوه‌ى ئه‌م دوو سه‌رۆكایه‌تییه‌ له‌ ته‌واوى ئاسته‌كانى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌منى پاشكشه‌ى كردووه‌. له‌م ماوه‌یه‌كدا گه‌نده‌ڵى به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ پێشتر نموونه‌ى نه‌بووه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و سه‌دان ملیار له‌ داهاتى نه‌وت به‌هه‌ده‌ر دراوه‌ و ماوه‌ى دووه‌مى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌و به‌ كاره‌ساتى ئه‌وه‌ كۆتایى هات، رێكخراوى تیرۆریستى داعش ده‌ستى به‌سه‌ر سێیه‌كى رووبه‌رى وڵات داگرت.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب: مالیكى له‌ناوخۆ پێگه‌ى نه‌ماوه‌ كه‌چى بانگه‌شه‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات

مالیكى سه‌رۆكى حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامى كه‌ له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى 2014 گرنگترین پۆستى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكارى له‌ده‌ست داوه‌، هێرشى كرده‌ سه‌ر مسته‌فا كازمى و خۆى وه‌ك سه‌ركرده‌ى ئاینده‌ى وڵات نیشاندا.

هه‌روه‌ها خۆى وه‌ك دۆستى جۆ بایدنى سه‌رۆكى ئه‌مریكى نیشان دا و پێشنیارى نێوه‌ندگیرى له‌نێوان واشنتن و تاران كرد، سه‌باره‌ت به‌ ناكۆكییه‌كانیان له‌سه‌ر رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى و ئه‌و سزا ئابوورییه‌ تووندانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ به‌سه‌ر ئێران سه‌پێنراوه‌.

چاودێرانى كاروبارى عێراق به‌ دوورى ده‌زانن مالیكى كه‌ پێگه‌ى سیاسى له‌ناوخۆى وڵاته‌كه‌ى لاواز بووه‌، هیچ توانایه‌كى هه‌بێت بۆئه‌وه‌ى به‌شدار بێت له‌ چاره‌سه‌رى مه‌سه‌له‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى ئاڵۆز له‌ شێوه‌ى ناكۆكى ئێران و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى. بۆیه‌ پێییانوایه‌ ئه‌وه‌ى مالیكى گوتوویه‌تى ته‌نیا شێوازێكه‌ بۆ تێكه‌ڵبوون به‌ هه‌ڵمه‌تێكى زووى هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندان نه‌یار و ركابه‌رى سیاسى له‌ ناو ماڵى شیعه‌ ده‌ستى پێكردووه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى بڕیاره‌ له‌ مانگى ئۆكتۆبه‌رى داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌سه‌ر خواستنى راپه‌ڕینێكى جه‌ماوه‌رى بێ وێنه‌ بووه‌ كه‌ له‌ مانگى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2019 ده‌ستى پێكردووه‌ و چه‌ندان دروشمى له‌دژى ئه‌و چینه‌ سیاسییه‌ى عێراق به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ساڵى 2003 وه‌ فه‌رمانڕه‌وایى وڵات ده‌كه‌ن و داواى گۆڕانكاریى ده‌كه‌ن، كه‌چى سه‌ركرده‌ى حزب و ره‌وته‌ سیاسیه‌كانى شیعه‌ كه‌ ئه‌زموونى ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ به‌مدواییه‌ ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كاریى كردووه‌ و بۆ ئه‌و بۆنه‌ گرنگه‌ى هه‌ڵبژاردن و خۆیان وه‌ك كاندیدێكى نائاسایى و براوه‌ نیشان ده‌ده‌ن.


موقته‌دا سه‌در پیاوى ئاینى وتى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى ئۆكتۆبه‌ر ده‌كات بۆئه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتنێكى بێ وێنه‌ به‌ده‌ست بهێنێ. عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكى ره‌وتى حیكمه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئیسلامى جیابووه‌ته‌وه‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ بره‌ودان به‌ پرۆژه‌یه‌ك گوایه‌ "نیشتیمانى" یه‌ و له‌سه‌رووى تایفه‌گه‌رییه‌وه‌یه‌.

ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى مالیكى 
به‌ خراپترین ده‌سه‌ڵات داده‌نرێت له‌ عێراقى نوێ

هه‌ر نزیك له‌م  پرۆسه‌ى پڕوپاگه‌نده‌یه‌ مالییكى له‌ كه‌ناڵى غه‌دیرى سه‌ربه‌ میلیشیاى به‌در كه‌ له‌لایه‌ن هادی عامرییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، باسى له‌وه‌ كردووه‌ ئه‌و جارێكى تر سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ریش هاتوو ئه‌و پۆسته‌ به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌ ئه‌وا له‌ خراپترین بارودۆخ هاوكارى عێراق ده‌كات.

قسه‌كانى مالیكى هه‌وڵێكه‌ له‌ دژى هه‌ڵمه‌تێك كه‌ له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌درى ركابه‌رى ده‌ستى پێكردووه‌، سه‌در خواستى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌رێى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى عێراق به‌ده‌ست بهێنێ. مالیكى هێرشیشى كرده‌ سه‌ر مسته‌فا كازمى و گوتى حكومه‌ته‌كه‌ى ناده‌ستوورییه‌ و چه‌ندان كه‌موكوڕى گه‌وره‌ى تێدایه‌ و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆك نییه‌.

نوورى مالیكى ره‌خنه‌ى له‌ یاساى نوێى هه‌ڵبژاردن گرت و گوتى "نه‌ده‌بووایه‌ دابنرێ" پێیوابوو به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردن له‌م بارودۆخه‌ى ئێستا "په‌رله‌مانێكى نایه‌كگرتوو به‌رهه‌م ده‌هێنێ و ئه‌و فراكسیۆنانه‌ ون ده‌كات كه‌ ده‌توانن هه‌ڵوێستیان هه‌بێت" ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌و حزبه‌ گه‌ورانه‌ى كه‌ شه‌قام داوا نه‌مانیان ده‌كات چونكه‌ له‌ 17 ساڵى رابردوودا له‌ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات شكستیان هێناوه‌.

رێبه‌رى حزبى ده‌عوه‌ لێدوانه‌كانى موقته‌دا سه‌درى ركابه‌رى فه‌رامۆش نه‌كرد، كه‌ پێشبینى كردبوو له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو به‌شێویه‌ك سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێ كه‌ رێگه‌ى پێده‌درێت حكومه‌تى داهاتوو پێكبهێنێ.

بێئه‌وه‌ى ناوى سه‌در بهێنێ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى گرژییان له‌نێوان هه‌یه‌، مالیكى ئامۆژگارى ده‌كات و له‌وه‌ى هه‌موو واز له‌ حیسابكردنى بردنه‌وه‌ و دۆڕاندن بهێنن و به‌ڕێوه‌بردنى وڵات به‌كه‌سێك بده‌ن كه‌ ده‌توانێ چاره‌سه‌ره‌ى بكات، دواتریش مالیكى گوتى، "ئه‌گه‌ر به‌پێى ده‌ستوور كاندید كرام، ئه‌وا من راسپاردنى په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌تى داهاتوو قبوڵ ده‌كه‌م".
 
مالیكى پاساو بۆ شیاوى خۆى بۆ سه‌رۆكایه‌تى وڵات هێنایه‌وه‌ و گوتى، "ئه‌وانه‌ى ئێستا ستایشمان ده‌كه‌ن به‌گوێره‌ى ئه‌و وته‌ نه‌سته‌قه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ جگه‌ له‌ من كه‌سى تر تاقى بكه‌وه‌ جا چاكه‌ى من ده‌زانی".

عێراقییه‌كان دان به‌وه‌ ده‌نێن، وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌رده‌مى حكومه‌تى كازمى هێشتا له‌بارودۆخێكى خراپ ده‌ژیت و چه‌ندان ئاسته‌نگى ئه‌منى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ره‌و روو ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و حكومه‌ته‌ى كه‌ وه‌ك شوێنگره‌وه‌یه‌كى حكومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى هات، كه‌ شه‌قام له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سوور بوو.

به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌وه‌یان یه‌كلایى كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ى ئێستا ده‌رهاوێشته‌ى رابردوو بووه‌ به‌ تایبه‌تى ئه‌وه‌یان كه‌ سه‌رۆكایه‌تى نوورى مالیكى بووه‌ و له‌ماوه‌كانى تر زۆرتر بووه‌ و گه‌شه‌كردن به‌ شێوه‌یه‌كى كرده‌نى ‌له‌ماوه‌ى هه‌شت ساڵ وه‌ستا بوو و دواتر راسته‌وخۆ وڵات تووشى شه‌ڕێكى وێرانكه‌ر بووه‌ و له‌دژى رێكخراوى تیرۆریستى داعش كه‌ وڵاته‌كه‌ى داگیركردبوو له‌ ئه‌نجامى تایفه‌گه‌رییه‌ك كه‌ رێبه‌رى ده‌عوه‌ خوڵقاندبووى.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌یش مالیكى رۆڵى هه‌بوو له‌ لاوازكردنى هێزه‌ چه‌كداره‌كان كه‌ له‌ هاوینى 2014 ته‌نیا له‌به‌رانبه‌ر چه‌ند سه‌د تیرۆریستێكى داعش داڕووخان.

مالیكى ته‌نیا به‌وه‌ نه‌وه‌ستا له‌ئاستى ناوخۆ پڕوپاگه‌نده‌ بۆ خۆى بكات، به‌ڵكو مكوڕبوو له‌وه‌ى هه‌ندێك ئاماژه‌ به‌ ئێران و ئه‌مریكا بدات كه‌ چاك ده‌زانێ رۆڵى ئه‌وان هێشتا له‌ پرۆسه‌ى سیاسى عێراق جێگیره‌ و ده‌ستنیشانكردنى هه‌ر كه‌سێكیش بۆ سه‌رۆكایه‌تى وڵات له‌سه‌ر رێككه‌وتنێكى شاراوه‌ و رانه‌گه‌ینراوى ئه‌وان به‌نده،‌ هه‌رچه‌نده‌ ململانێیه‌كى تووندیشیان له‌سه‌ر هه‌ژموونى خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ هه‌بێت.

مالیكى بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كرد په‌یوه‌ندییه‌كى چاكى له‌گه‌ڵ جۆ بایدن و وزه‌یرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و ته‌واوى حكوومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ هه‌یه‌ و پێیوابوو "زۆر له‌وه‌ى پێشوو باشتره‌" مه‌به‌ستى حكومه‌تى دۆناڵد تره‌مپ بوو.

دواتریش هه‌ر له‌ دیمانه‌ ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كه‌ گوتى، "به‌هۆى په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ بایدن، ده‌چمه‌ ناو دانوستاندن له‌چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى، ئه‌گه‌رهاتوو لایه‌نى ئێران یان ئه‌مریكى داواى كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌كه‌ ئه‌وا من لارییم نییه‌".

سه‌رچاوه‌ : رۆژنامه‌ى العر‌ب
.
.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین