توركيا باڵيۆزەکانى ڕەوانەى ئيسرائيل و ميسڕ دەكاتەوە شیکاری

نوچەنێت:

لە چەند مانگى رابردوو توركيا دەستى بە ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست كردووە، دواى چەندين ساڵ ناکۆکى لەگەڵ ئيمارات پەيوەندييەكانيان ئاساييبۆتەوە، ئێستا هەوڵەكان بەرەو ئاساييكردنەوەى پەيوەندى توركيايە لەگەڵ ميسڕ و ئيسرائيله.

هەفتەى رابردوو رەجەب تەيب ئەردۆغان رايگەياند، "مەولوود چاوش ئۆغلۆ وەزيرى دەرەوە و  هاكان فيدان سەرۆكى دەزگاى هەواڵگرى توركيا رۆڵى كاريگەريان دەبێت لەگەڵ ئيمارات، بە هەمان شێوە ئەو رۆڵەيان لەگەڵ ئيسرائيل دەبێت، پێشترين چەند ديدارێك هەبوو لەگەڵ بەرپرسانى ئيسرائيل، بەڵام پێويستە ئيسرائيل هەستيارتر مامەڵە لەگەڵ دۆزى فەڵەستين بكات، كاتێك ئەو مامەڵە هەستيارەمان بينى ئێمەش ئەوەى پێويست بێت دەيكەين".

دەربارەى گەڕانەوەى باڵيۆزه‌كانیان گوتى، "ئەگەر هەيە باڵیۆزه‌كانمان ده‌ست به‌كاره‌كانیان بكه‌نه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی خۆیان، چونكە ئيسرائيل دەزانێت ئێمە بەرانبەر هەندێك پرس هەستيارين، ئێمەش دەزانين ئيسرائيل بەرانبەر هەندێك پرس هەستيارە، بۆیە دەبێت رەچاوى یه‌كتر بكەين، ئەگەريش هەردوولا وامان كرد ئەوە كێشەكان چارەسەر دەبن". 

ناوەڕاستى ساڵى  داهاتوو باڵيۆزەكان دەگەڕێنەوە

ئەيچار چەتين له‌ بابه‌تێكی له‌ رۆژنامەى خەبەر تورك ئاشكراى كرد، "لە ساڵى داهاتوو پرۆسەى ئاساييكردنەوەى وڵاتە بەهێزەكانى ئەو ناوچەيە زۆر به‌ره‌و پێش ده‌چێت، توركيا لەگەڵ ئيمارات و ميسڕ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاسایی ده‌كاته‌وه‌، پەيوەندیى كۆمامكارى وڵاتانى عەرەبى له‌گه‌ڵ سووریا ئاسایى ده‌بێته‌وه‌، ئەنقەرە و تەلئەبيب په‌یوه‌ندییه‌كانیان سه‌رله‌ نوێ ده‌ستپێ ده‌كه‌نه‌وه‌"

لە بەشێكى ترى قسەكانى چەتين جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ميتى تورك بەشێكى سه‌ره‌كی و تەواوكەرى سياسەتى دەرەوەيە، بەتايبەت لە قەيرانى سووريا و  پەيوەنديەكان لەگەڵ رووسيا، دانوستاندنەكان لەگەڵ ميسر و ئيمارات و وڵاتانى تر رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو".

بەگوێرەى رۆژنامەى خەبەر تورك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزيرى دەرەوەى توركيا له‌ ساڵى داهاتوو سەردانى چەندين ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەكات، ئۆغلۆ كەسێكى لەسەرەخۆيە لە ناوەندەكانى رۆژئاوا و رۆژهەڵات جێگەى بايەخە، هەر ئەوەش وايكردووە لە ساڵى داهاتوو بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى بەشدارى كاراى هه‌بێت.

ده‌رباره‌ی كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كانیان رۆژنامەكه‌ ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر باردۆخەكە بەو جۆرە بڕاوات كە پلانى بۆ داندراوە، لە مانگى ئايارى داهاتوو توركيا باڵيۆزى خۆى ڕەوانەى ئيسرائيل دەكات. 

بەگوێرەى چەند سەرچاوەيەكيش لە مانگى تەمووز توركيا باڵيۆزى خۆى دەگەڕێنێتەوە بۆ تەلئەبيب، ئەوەش بە پشتبەستن بەو بڕيارانەى كە ئيسرائيل دەربارەى دەرياى ناوەڕاست دەيدات. 

 يەكەم پەيوەندى نێوان سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل و ئەردۆغان 

لە مانگى رابردوو نەفتالى بنێت، سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل بە تەلەفۆن پەيوەندى بە ئەردۆغان كرد، ئەوەش دواى ئازادكردنى ئەو خێزانە ئيسرائيلييە بوو، كە بەتۆمەتى وێنەگرتنى كۆشكى سەرۆكى توركيا دەستگير كرابوون. 

دواتريش ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆكى ئيسرائيل قسەى كرد،  لە قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "دەكرێت لەگەڵ ئيسرائيل ناكۆكييەكان كەم بكەینەوە بگەینە لێكتێگەيشتنى دوولايەنە لەسەر پرسە ناوچەييەكان، چونكە پەيوەندى توركيا و ئيسرائيل بۆ سەقامگيرى ئەو ناوچەيە گرنگە". 

هەستيارى توركيا بەرانبەر دوو پرس 

لە مانگى حوزەيرانى ئەمساڵ مەولوود چاوش ئۆغلۆ جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، پێويستە ئيسرائيل دەستبەردارى سياسەتى دوژمنكارنە بێت، بۆ ئەوەى پەيوەندييەكان بەشێوەيەكى سروشتى بەردەوام بێت، ئەگەر ئيسرائيل هەنگاوى ئەرێنى بەرانبەر چارەسەرى دوو دەوڵەت بهاوێت، توركيا پاڵپشتى پڕۆسەى ئاشتى دەكات.

چاودێرانى سياسى پێيان وايە، توركيا هەوڵدەدات پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل ئاسايى بكاتەوە، بەڵام ئەوەش نابێت لەسەر حيسابى بەرژەوەندى نيشتيمانى بێت، بەتايبەت لە دەرياى ناوەڕاست.

بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكييە ديارەكانى نێوان توركيا و ئيسرائيل، هەڵوێستى توركيا دەربارەى دەرياى ناوەڕاست و نەگەيشتن بە رێككەوتن لەسەر ناوچە ئابوورييەكان، دەزگاكانى راگەياندنى توركيا ئاشكرايان كرد، چەند گفتوگۆيەك لە نێوانيان ئەنجامدراوە، بەڵام ئێستا وەستاوە.

پێشتر رۆژنامەى خەبەر تورك بڵاويكردەوە، "توركيا پێشنيازى بۆ ئيسرائيل كردووە، سنوورە ئاوييەكانى نێوانيان ديارى بكەنەوە، بەشدار بێت لە هەندێك ناوچەى قوبڕس، ئەوەش لەبەرانبەر كشانەوەى پڕۆژەى بۆڕى گواستنەوەى گازی سروشتیه‌ له‌ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین