سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: ئەنجومەنی دادوەری نابێ له‌ژێر كاریگه‌ریى ده‌سه‌ڵاتى سیاسی‌دا دابێت
نوچەنێت:
ئەمڕۆ چوارشەممە هەشتى کانوونى یەکەمى (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان وتارێکى پێشکەشکرد، لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی بەڕێز دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان.
لە بەشێکى وتارەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى گووتى، "ئه‌ركى ئەنجومەنی دادوەرییه كه دادوەران لە سەرچاوە نەشیاوەکانی کارتێکردن بپارێزێت."
دەقى وتارى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان:
ڕۆژتان باش..
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان،
دادوەران و ئاماده‌بووانى بەڕێز،
ڕۆژتان باش، بە خێر بێن..
سەرەتا دەمەوێ پیرۆزبایی لە بەڕێز دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، بۆ سوێندخواردنی وەک سەرۆکی دادگاى پێداچوونه‌وه و سه‌رۆكى ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بکەم، هیوای سەرکەوتن بۆ به‌ڕێزیان و بۆ هه‌موولایەكتان دەخوازم، سەركەوتوو بن.
بەڕێزان..
بنەمای سه‌ره‌كیى هەر وڵات و سیستەمێکی دیموکراسی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى پێشكه‌وتوو كه تیایدا هاووڵاتى متمانه‌ى به ئێستا و داهاتووى خۆى هه‌بێت و لێیان دڵنیا بێت، بریتییە لە جیاکردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتى یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری. هەریەك لەوانە پێگەی سەربەخۆ و بەرپرسیاریه‌تیی جیای خۆیان هەیە.
ئامانجمان ئەوەیە ئەم دەسەڵاتانە له هه‌رێمى كوردستان بە شێوەیه‌ک جیا بکرێنەوە و پەیوەندییان بە جۆرێک ڕێک بخرێت کە هیچ کامیان هەژموون نەکاتە سەر ئەوەی دیکەیان و دەست نەخاتە كاروباری ناوخۆی یەكتر. ئەمە بۆ ئێمە گرنگترین هەنگاوی بەدامەزراوەییکردنی ئەزموونی حوكمڕانیى هەرێمی کوردستان و بنیاتنانى دیموكراسى و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى مه‌ده‌نى و پێشكه‌وتووە.
سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری دوو ڕەهەندی هەیە:
یەکەم، سەربەخۆییی دادوەران.
دووەم، سەربەخۆییی دامەزراوەی دادوەری.
سەربەخۆییی دادوەران: واتە دادوه‌ر بێلایەن و ئازاد بێت لە کاتی بڕیارداندا، بۆ ئەمەش دەبێ سه‌ربه‌خۆیى و ئاسایشی دارایى هەبێت. پارێزراو بێت لە هەر سەرچاوەیەکی کارتێکردنی نەشیاو. دوور بێت لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک، هەڕەشەیەک، بێزارکردنێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆى چ حکوومەت بێت، یان كەسایەتیی سیاسی بن، یان دەسەڵاتداران بن، خزم و کەس بن، یان لایەنی بەرژەوەندیدار بێت.
سەربەخۆییی دامەزراوەی دادوەری: بەو مانایەی ئەنجومەنی دادوەری وەک دامەزراوە سەربەخۆ بێت و لەژێر هەژموونی هیچ یەك لە دامەزراوەکانی حکوومەت یان پەرلەماندا نەبێت. به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ژێر كاریگه‌ریى ده‌سه‌ڵاتى سیاسی‌دا نه‌بێت و نه‌بێته ئامرازى ده‌ستى سیاسه‌ت. پەیوەندیی دامەزراوەیی لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاساداناندا هه‌بێت.
ئه‌ركى ئەنجومەنی دادوەرییه كه دادوەران لە سەرچاوە نەشیاوەکانی کارتێکردن بپارێزێت. ئەوە ئەو كاتە دەبێت كه دڵنیایی بدات لەوەی بڕیاری دادوەران بێلایه‌ن و دروستە و ته‌نیا لەسەر بنەمای یاسایه ئەو بڕیارانەی كە دەدرێن. بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتی لەکاتی دادگایی‌کردنیدا دڵنیا بێت له‌وه‌ى دادپەروەرانە مامەڵە و دادوه‌رى لەگەڵدا دەكرێت. بە چاکی گوێى لێگیراوە و داواکانی بیستراون. هاووڵاتی ده‌بێ متمانەی هەبیت به‌وه‌ى دادوەر لە هەموو فشارێکی دەرەکی بە دووره و تەنها بە ویژدان و پابه‌ندیى خۆى بە یاساوە، پەیوەسته. هاووڵاتى كاتێك پابه‌ندى دادوه‌رى و یاسا ده‌بێت كه دڵنیا بێت، ئازاد و سه‌ربه‌خۆن.
به‌ڵام به‌ڕێزان،
ـ ئایا واقعى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له هه‌رێمى كوردستان ئاوایه؟
ـ ئایا سه‌ربه‌خۆیه و له‌ژێر هه‌ژموونى ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و هیچ كاریگهرییهكدا نییه؟
ـ ئایا هاووڵاتى به ته‌واوى بڕوا و متمانه‌ى به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى هه‌یه؟
ـ ئایا ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و دادوه‌رانى به‌ڕێز وه‌ك پێویست ده‌سه‌ڵاتى یاساییى خۆیان به‌كار هێناوه بۆ پاراستنى سه‌ربه‌خۆییى خۆیان كه به یاسا ئەم سەربەخۆیییە پارێزراوه؟
بێگومان، وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه قسه‌ى زۆر و بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ى جیا هه‌ڵده‌گرن. به دڵنیایییه‌وه وه‌ك هه‌موو كایه و بواره‌كانى دیكه، ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریش زۆر جار كراوه و ده‌كرێته بابه‌تى ناكۆكى و پرۆپاگه‌نده و شه‌ڕى سیاسى و میدیایى لە هەرێمی كوردستاندا. هه‌وڵ ده‌درێت تانه له پاكى و سه‌ربه‌خۆیى و پیشه‌ییبوونى بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى متمانه‌ى هاووڵاتى به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادگا لاواز بكرێت.
به‌ڵام وه‌ڵامى ئه‌مه، دادوهرییهكى دروست و یاساپارێزى و سه‌ربه‌خۆییى دادگایه. هه‌رچى سه‌رنج و تێبینییه‌كیش هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى یه‌كێك له بنه‌ما پته‌و و سه‌ره‌كییه‌كانى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستانه. ئاماده‌یى و ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه و خزمه‌تێكى زۆر ده‌كات. ڕۆڵى گه‌وره‌ى له دامه‌زراندنى بنیاتى یاساییى هه‌رێمى كوردستاندا گێڕاوه و دەگێڕێت.
كه‌چى به‌ڕێزان،
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وه‌ك هه‌موو بوارەكانی دیكە، ناڵێین ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له هه‌رێمى كوردستان ته‌واوه و هیچ كێشه‌یه‌كى نییه! هه‌ندێ ڕاستى هه‌یه ده‌بێ زۆر به جورئه‌ته‌وه دانى پێدا بنێین. ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى كێشه و ته‌حه‌داى جددى له‌به‌رده‌مدایه و ده‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێن! كه‌م و زۆر هه‌وڵى ده‌ستێوه‌ردان و هه‌ژموون و كاریگه‌ریى سیاسى به‌سه‌ر هه‌ندێ لایه‌نى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریدا هه‌یه و ده‌بێ ڕێی لێ بگیرێت!
پرسیار ئه‌وه‌یه، چۆن ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دییه‌كان ببینه‌وه؟ چۆن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و هه‌موو جۆره ده‌ستێوه‌ردان و هه‌ژموون و كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ڕابگرین؟
به بڕواى من به‌رله هه‌موو شتێك ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، خۆى داكۆكى له ده‌سه‌ڵاتى خۆى بكات كه به یاسا پارێزراوه! ده‌بێ خۆى ئیراده‌ى جددیى ڕووبهڕووبوونهى ته‌حه‌دییه‌كانى هه‌بێت. پارێزه‌رى ده‌سه‌ڵاتى خۆى بێت و بێ ترس و به جورئه‌ته‌وه، به‌رگرى لە دەسەڵاتەكانی خۆی بكات كە یاسا پێیداوە. ڕێگه نه‌دات و بە هیچ شێوەیەكیش قبووڵى نه‌كات هیچ ده‌سه‌ڵات و هیچ كه‌سێك و هیچ هێزێك و هیچ لایه‌نێك، به هه‌ر به‌هانه‌یه‌كه‌وه بێت، ده‌ست بخاته ناو كاروباریانەوە! نه‌چێته ژێر بارى هیچ هه‌ڕه‌شه و پاڵه‌په‌ستۆ و كاریگه‌رى و داواكارییهكى نایاسایییهوه، جا له هه‌ر پێگه‌یەك و لە هەر شوێنێك و له هه‌ر كێوه بێت!
بێگومان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن و یاسادانان و هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكى دیكه‌ى سیاسى، حزبى، سه‌ربازى، كارگێڕى و ته‌نانه‌ت دارایی‌ش، ڕێز له ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى بگرن و به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستێوه‌ردان له دادوه‌ریدا نه‌كه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى مه‌زنى له‌سه‌ر شانه. ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و دادوه‌رانى به‌ڕێز، ده‌بێ له ئاستى ئه‌و بهپرسیاریهتییهدا بن. بچنه ژێر بارى ئه‌و ئه‌ركه قورسه و ویژدانیان به‌رامبه‌ر خۆیان و بەرامبەر بە خواى خۆیان و بەرامبەر بە خه‌ڵكی كوردستان، ئاسووده بكه‌ن.
دادوه‌ر ئه‌گه‌ر خۆى ئاماده نه‌بێت پارێزگارى و به‌رگرى له سه‌ربه‌خۆیى و ده‌سه‌ڵاته‌كانى بكات، ئه‌گه‌ر هه‌ژموون و كاریگه‌رى و پاڵه‌په‌ستۆ و هه‌ڕه‌شه ڕه‌تنه‌كاته‌وه و بێباكانه به‌رامبه‌ریان نه‌وه‌ستێت، له‌به‌رده‌م خوا و لەبەردەم خه‌ڵكدا به‌رپرسیار ده‌بێت.
دادوه‌رى، به‌ردى بناغه‌ى متمانه و بڕوا و دڵنیاییى هاووڵاتییانە. دادوهرییهكى پته‌و و تۆكمه، پارێزه‌رى یه‌كه‌مى كۆمه‌ڵگه و سه‌لامه‌تیى سیستمى سیاسى و حوكمڕانى و كارگێڕى و ئابوورییە لە هەر وڵاتێك لە جیهاندا. پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان پێشکەوتنی ئابووری و پاراستنی سامان لەگەڵ سەرەوەریی یاسادا لە وڵاتان هه‌یه.
نەبوونی سەروەریی یاسا، وەبەرهێنان سست دەکات، ئەمەش ئابووری لاوازی دەكات. به‌ڵام هەبوونی سەروەریی یاسا هانی وەربەرهێنان دەدات کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی ئابووری لە هەر وڵاتێك هەیە. ئەمە بەتایبەتى بۆ وڵاتانى وه‌ك هەرێمی کوردستان ڕاسته، كه بەرەوە پێشکەوتنی ئابووری و دیموکراسی لە گوزەردایە. بۆیە لە هه‌رێمى كوردستان سەروەریی یاسا دووجار پێویستییە، جارێک بۆ ئەوەی هاوکارمان بێت لە پێشکەوتنی ئابووری لە هەرێمی كوردستان، جارێکیشیان بۆ ئەوەی هاوکارمان بێت لە چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى پێشكه‌وتوو.
به‌ڕێزان،
ئامانجى ئێمه ئەوەیە سیستەمێکی دیموکراسی بنیات بنێین کە لەگەڵ هاووڵاتیاندا بە نەرمونیانی مامەڵە بکات، بەڵام سیستەمێکی دیموکراسی تەنها کاتێک دەتوانێ بێتە ئاراوە کە یاسا سەروەر بکات. سەروەریی یاساش تەنها کاتێک دەستەبەر دەبێت کە سێ دەسەڵاتەکەى یاسادانان، جێبه‌جێكردن و دادوه‌رى لە یەكتر بە تەواوەتی جیا بكرێنەوە. واته بەبێ ناساندن و سەربەخۆیى و بەهێزبوونی دەسەڵاتی دادوەری، مەحاڵە سیستەمێکی دیموکراسی لە هیچ وڵاتێك دروست ببێت!
کولتووریش وەک بناغەی سەروەریی یاسا وایە. ئەوەی پەیوەستە بە کولتوورەوە، پەرەوەردەیە کە ڕۆڵێکی زۆری هەیە لە برەودان بە سەروەریی یاسا. لە ڕێی پەروەردە و فێرکردنەوە، دەتوانرێ کارێک بکرێت کە کو‌لتوور ببێتە پاڵپشتێکی بەهێز و یەکێک لە پێکهێنەرەکانی سەروەریی یاسا بێت.
بە ڕای من ئەمەش بە دوو ڕێگە دەبێ:
یەک: هاندانی هاووڵاتیان بە شێوەیەک کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەها و ڕێز بۆ بنەماکانی سەروەریی یاسا دابنێن.
دوو: هاووڵاتیان هۆشیار بکرێن بە دەرنجامە باشەکانی سەروەریی یاسا و ڕابهێنرێن لەسەر پابەندییان بە یاساکانەوە.
چاوەڕوانیی ئێوە لە هاووڵاتیان ئەوەیە کە پابه‌ندى یاسا بن، جا ئەگەر پێیان خۆش بێت، یان پێیان ناخۆش بێت! هەمیشە ئەوەتان بەبیر بێت هاووڵاتی تەنها کاتێک دەتوانێ ڕێز لە یاسا بگرێت کە ببینێت یاسا لە سەروو سیاسەتەوەیە و توانای ئه‌وه‌ى هەیە سنوور بۆ دەسەڵات دابنێت. تەنها ئەوکات یاسا ئەو متمانەیە لای هاووڵاتی دروست دەکات کە دەتوانێ بیپارێزێت. بۆیە، چاوەڕوانیی هاوڵاتیان لە ئێوە ئەوەیە كە یاسا بۆ هەمووان و بۆ هەموولایەك وەک یەک جێبەجێ بکەن.
هیوادارم لە ئاست چاوەڕوانیی ئەو سوێندە بن. هیوادارم لە ئاست چاوەڕوانیی ئەوەدا بن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیان، دەسەڵاتی دادوەری دەبێ سەربەخۆ بێت لە هەڵسەنگاندنی بەڵگە و لە کارپێکردنی یاسا و لە بڕیاردان لەسه‌ر دەرەنجامی دۆسیاکان، بێ ئەوی گوێ بەوە بدرێت ئاخۆ کێ دڵخۆش و کێ دڵخۆش نابێت!
پێویستە ئەرکی بەسەروەرکردنی یاسا بەجێ بگەیەنێت و دادپەروەرانە و بێلایەنانە بڕیار لەسه‌ر دۆسیاکان بدات. تەنها ئەو کاتەیە كە هاووڵاتیان دەتوانن متمانە بە پاکیی پرۆسەکە و بە دروستیی دەرەنجامەکەی بكه‌ن. کەواتە، چاوەڕوانیی ئێمە و هەموو گەلی کوردستان لە دادوەران چییە؟ چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە سەربەخۆ بن.
به‌ڕێزان..
ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌بێ كار بكات بۆ ئه‌وه‌ى دادگا و دادوه‌ر جێگه‌ی متمانە و بڕواى زیاترى ھاووڵاتی بن. ئه‌گەر متمانە بە دادگا نەبێت، تاوان زۆر دەبێت، پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوە دەبرێت، ئاشتیى كۆمه‌ڵایه‌تى بە تەواوی دەكەوێتە مەترسییەوە. دادگا و دادوەر ده‌بێ لە كێشە سیاسییەكان دوور بن و لایه‌نگیرى نه‌كه‌ن.
نابێ كه‌س لە سەرووی یاساوە بێت، هەمووان ده‌بێ بەرامبەر بە یاسا یه‌كسان بن. دادوەر ده‌بێ کار و ئەرکەکانی بەوپەڕی دڵسۆزی و بێلایەنی و دەستپاکییهوه ئەنجام بدات. پێویستە گرنگیی زۆر بدرێتە ئه‌و دادگایانه‌ى ڕۆژانە و بەردەوام، په‌یوه‌ندى و سه‌روكاریان لەگەڵ ھاووڵاتیاندا ھەیە، چونكە بناغەی حوكمدان لە وێوە دادەنرێت.
ده‌بێ له دادوه‌ریدا بنەماكانی مافی مرۆڤ و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان پێویستە پیادە بكرێن و ھەموو كەسێك ئازادانه مافی بەرگریكردن له خۆی ھەبێت. ده‌بێ گرنگی بە پێگەیاندنی دادوەری خاوەن شارەزایی و بەتوانا بدرێت. دەرفەت بۆ ئافرەتانی دادوەر زیاتر بكرێت كە خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا بەشێك لەوان داوەت كراون و تەشریفیان هێناوە، بەخێرهاتنێكی تایبەتییان دەكەم. هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوریدا. ئه‌وه دەبێتە هەنگاوی یەکەم و پێویست بۆ چاکسازی لە بوارەکانی دیكه‌شدا.
دادوه‌ران لە کاتی جێبەجێکردنی یاساکاندا هەست بە کەموکوڕی یاساکان دەکەن، بۆیە پێویستە لە پێداچوونەوەی سیاسەتی سزایی لە هەرێمی کوردستان و لە پرۆسەی چاکسازیی دادپەروەریدا، بەشدار بن. بە هەموو توانایه‌ك پشتگیری لە سەربەخۆیی و پـاراستنی بێلایەنیی دادوەری ده‌كه‌م لەپێناو دادپەروەری و سەروەریی یاسا بۆ وڵاتەكەمان. دامەزراوەكانی حكوومەت و سەرجەم لایەنەكانیش دەبێ ھاوكار و پشتیوان بن بۆ سەربەخۆییی دادگاكان، پشتیوان بن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا.
ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ هاریكارى و پەیوەندیی بەھێزى لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەریی فیدراڵی و دادگای فیدراڵیى عیراقی‌دا هه‌بێت. سوود له دوایین پێشكه‌وتنه‌كانى ته‌كنه‌لۆژیا له بوارى دادوه‌ریدا وه‌ربگرن. گرنگى به په‌یمانگه و سه‌رپه‌رشتیاریى دادوه‌رى بده‌ن. ئەمانە هەمووی وادەكات كە ئێمە لەم قۆناغەدا بەرەو قوناغێكی دیكە و بەهێزتر هەنگاو بنێین بۆ هەرێمی كورستان.
له كۆتاییدا دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه، دادوه‌رى، یه‌كێك له بنه‌ما هه‌ره گرنگهكانمانه. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى پته‌و بێت، وڵات پارێزراوه، كۆمه‌ڵگه و تاك، بڕوا و متمانه و ئینتیماش بۆ وڵات دەپارێزێت و بەردەوام دەبێت. ده‌رفه‌ت و ده‌رگاكانى پێشكه‌وتن كراوه‌ن و هاووڵاتى به ئومێده‌وه له داهاتوو ده‌ڕوانێت.
هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موولایەكتان ده‌خوازم.
زۆر بەخێر بێن.
زۆر سوپاس.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment