سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: داعش هەڕەشەیەکى ڕاستەقینەیە بۆ سەر ناوچەکە و ئاسایشى جیهانیش کوردستانی

نوچەنێت:

سه‌رۆكى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکى لەگەڵ باڵیۆزى فەرەنسا لە عیراق ڕایدەگەیێنێت، "په‌لاماره‌كانى داعش مه‌ترسیى ڕاسته‌قینه‌ن بۆ سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیریى عیراق و ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشى جیهانیش ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ پشتگیریى كۆمه‌ڵگه‌ و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان پته‌وتر بكرێن."

ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە پێنجى کانوونى یەکەمى (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئێریك شوڤالیێ باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عیراق، "ڕاسته‌ڕێكردنى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ وڵات و بوونى سه‌قامگیریى سیاسى به‌ پێویستییه‌كى له‌پێشینه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تێكشكاندنى یه‌كجاره‌كیى داعش له‌ قه‌ڵه‌م دا."

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌كانى عیراق، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كانى، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى فیدراڵى عیراق و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى فەرەنسا، هه‌ردوولا هاوڕا بوون "كه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تیكشاندنى داعش، هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى سه‌ربازیى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عیراق و به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستانى پێویسته‌."

هەروەها باڵیۆزى فەرەنسا سه‌ره‌خۆشى لە بنەماڵەى شه‌هیدانى ئه‌م دواییه‌ى ده‌ستى تیرۆر له‌ پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیان کرد و "به‌رده‌وامیى هه‌موو هاوكارى و پشتگیرییه‌كى وڵاته‌كه‌ى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌."

ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێم دەشڵێت، لەسەر حکوومەتى داهاتووى عێراق هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ "گرنگیى هاتنه‌كایه‌ى حكوومه‌تێك كرده‌وه‌ كه‌ مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندى و كۆكه‌ره‌وه‌ى هێز و پێكهاته‌كانى عیراق و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانى و داواكارییه‌كانى هاووڵاتیان له‌ ئارامى و ژیانێكى باشتر بێت."

هەروەها په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، گرنگیى یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و هاوبه‌شیى كارایان له‌ به‌غدا، په‌تاى كۆڤید_19 و لێكه‌وته‌كانى، پرسى كۆچ و دۆخى په‌نابه‌ران له‌ بیلاڕووسیا و پۆلۆنیا، ڕه‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و شه‌نگال، ئاماده‌یى و ڕۆڵى فه‌ره‌نسا له‌ ناوچه‌كه به‌گشى، دوایین پێشهاته‌كانى سووریا لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێکران.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین