كوڕه‌كه‌ى سیستانى هه‌وڵى ئاشتكردنه‌وه‌ى شیعه‌كان ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كان ئاشكرایان كردووه‌ محه‌مه‌د ره‌زا سیستانى كوڕى عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌ له‌ عێراق، هه‌وڵ ده‌دات لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى شیعه‌ له‌ یه‌كتر نزیك بكاته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى عێراق رێكبكه‌ون.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ دووى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كان بۆ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوزیان ئاشكرا كردووه‌، محه‌مه‌د ره‌زا سیستانى كه‌وتووه‌ته‌ جووڵه‌ بۆئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كان كۆبكاته‌وه‌ و له‌ یه‌كتریان نزیك بكاته‌وه‌.

به‌ هۆى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، شیعه‌كان به‌سه‌ر سێ جۆر ئاراسته‌ دابه‌ش ده‌بن، ره‌وتى سه‌در كه‌ براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا لایه‌نه‌ دۆڕاوه‌كانى هه‌ڵبژاردنن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا كه‌ خۆیان به‌ "چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى" ده‌ناسێنن و ئاراسته‌ى سێیه‌میش سه‌ربه‌خۆكانن.

سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كوڕه‌كه‌ى سیستانى هه‌وڵ ده‌دات هه‌ر سێ ئاراسته‌ له‌ یه‌كتر نزیك بكاته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى به‌ یه‌كه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق بكه‌ن، كه‌ تا ئێستا ره‌وتى سه‌در ره‌تى ده‌كاته‌وه‌ حكومه‌تى داهاتووى عێراق به‌ ته‌وافووقى پێكبهێنرێت.

جاسم به‌یاتى سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تى یاسا له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى پشتڕاستى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى كردووه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌وڵێك له‌لایه‌ن پیاوانى ئاینى هه‌یه‌ بۆ دروستكردنى ته‌باییه‌ك له‌ نێو پێكهاته‌ى شیعه‌ و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ پیاوانى ئاینى ده‌توانن زۆرێك له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین