مەسيحييەكانى سووريا؛ گەورەترين قوربانى ئۆپراسيۆنەكانى توركيان شیکاری

نوچەنێت:

مەسيحييەكان سووريا خۆيان بە گەورەترين قوربانى گۆڕينى ديمۆگرافى ئەو ناوچانە دەزانن، كە توركيا به‌ پاساوی رووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەكانى سەر ئاسايشى نەتەوەيى وڵاتەكەى ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌دات.

ماڵپەڕى رێكخراوى (زه‌ تابلێت) راپۆرتێكى لەسەر ئۆپراسیۆنه‌ سەربازييەكانى توركيا و هاوپەيمانەكانى بڵاوكردۆتەوە، كە بۆتە ئاوارەبوونى مەسحييەكان و رێگريكردن لە گەڕانەوەيان بۆ سەر زێدى خۆيان.

يەكێك لە كەسايەتييە مەسيحييەكانى سووريا دەڵێت، "ئامانج له‌ ئاڵۆزييەكانى توركيا لەو ناوچەيە ده‌ركردنی مه‌سیحی و پێكهاته‌كانی تره"‌. 

بەگوێرەى ئەو راپۆرتە، دەركردنى ئەو پێكهاتانە لە باكووری سووريا كارى لە پێشينەى توركيايە، بۆ ئه‌و كاره‌ش گروپە توندڕەوكان بەكار دەهێنێت، كه‌ رێگری ده‌كه‌ن لە گەڕانەوەى مەسيحييەكان بۆ سەر زێدى خۆيان.

سەنحاريب بەرسووم سەرۆكى پارتى يەكێتى سريانى رايگەياند، "ئامانجى ئەو گروپانە داگيكردنى موڵك و ماڵى ئەو كەسانەيە كە بەهۆى هێرشەكانى سوپاى توركيا لە (2019) ئاوارە بوونە، ئەوه‌ كارێكى بەرنامە بۆداڕێژراو بوو، ئێستاش هيچ شتێك هاندەری گەڕانەوەيان نییه‌ بۆ شوێنى خۆيان".

لە بەشێكى ترى قسەكانى گوتى، "ئێمە شاره‌زای سياسەتى توركياین بۆ گۆڕينى ديمۆگرافى ئه‌و شوێنانه‌‌، پێشتریش لە عەفرين و ناوچەكانى تر هه‌مان سیاسه‌تی په‌یڕه‌وكردووه‌، ئێستاش لە رێگەى گروپەكانى نزيك لە خۆى لە تەلئەبيبەز و سەرێ كانى بەردەوامە لە دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و كارانه‌".

نادين مانزا سەرۆكى ليژنەى ئەمريكا بۆ ئازادى ئايينى، رايگەياند، "تا ئێستا داگيركارى توركيا لە باكوورى سووريا هەڕەشەيەكى مەترسيدارە، نەك تەنيا لەسەر پێكهاتەكانى ئەو ناوچەيە، بەڵكو مەترسيە لەسەر خودى ئيدارەى خۆسەریش لە باكوور و رۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە".

لە بەشێكى ترى قسەكانى مانزا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "توركيا و گرووپە هاوپەيمانەكانى له‌ باكوورى سووريا بە دياريكراوى ئامانجيان گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌ی كورد و مەسيحييەكانه‌".

لە بەشێكى ترى ئەو راپۆرتە هاتووە، پێش دەستپێكردنى شەڕى ناوەخۆى سووريا لە (2011) زياتر لە (130) هەزار مەسيحى لەو ناوچەيە نيشتەجێ بوون، بەڵام ئێستا چەند هەزار كه‌سێكی لێ ماوە، هەندێك لە گونده‌كانى ژێر دەسەڵاتى گروپەكانى نزيك لە توركيا هيچ مەسيحيەكى تێدا نەماوە.

بەر لە (2019) نزيكەى (100) خێزان لە سەرێ كانى و (120) خێزانى تر لە تەلئەبيەز هەبوون، بەڵام ئێستا ئەو خێزانانە ديار نين، لە (2015) تا ئێستا نزيكەى (35) گوندى مەسيحى ئاوارە بووينە.

هەفتەى رابردوو پەرلەمانى توركيا بۆ دوو ساڵى تر ئۆپراسيۆنە سەربازييەكانى لە سنوورەكانى توركيا دژ بە رێكخراوى تيرۆرستى داعش و ئەو هێزە كوردييەكان درێژ كردەوە، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ به‌رده‌وامی دان به‌ مانه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ئاواره‌یی.

لە (2016) سوپاى توركيا له‌ ناوچەكانى عەفرين و ئيدليبی لە ژێر دەسەڵاتى هەيئەى تەحريرى شام و گرووپەكانى تر بڵابۆتەوە، به‌رده‌وامیشه‌ له‌ فراوانكردنی ناوچه‌كانی.

لە ساڵانى (2016-2017 و2018 تشرينى يەكەمى 2019) توركیا بە درێژايى سنوورەكانى لەگەڵ سووريا به‌ هاوكاری گروپه‌كانی نزیك له‌خۆی سێ ئۆپراسيۆنى فراوانيان ئەنجام داوە، بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ كه‌ زۆربه‌ی دانيشتووانەكەى كوردن، هەسەدە پارێزگارییان لێ ده‌كات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین