سوننه‌كان كار بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانییه‌كى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز ئاشكراى كردووه‌، هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم به‌ سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د حه‌لبووسى و هاوپه‌یمانى عه‌زم به‌ سه‌رۆكایه‌تى خه‌میس خه‌نجه‌ر خه‌ریكى دانوستاندنن، له‌م چه‌ند رۆژه‌دا هاوپه‌یمانییه‌كى گه‌وره‌ى سوننه‌ راده‌گه‌ینن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز ئاشكراى كردووه‌، هه‌ر دوو هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم و عه‌زم كه‌ دوو هاوپه‌یمانى گه‌وره‌ى سوننه‌ن خه‌ریكى دانوستاندن بۆئه‌وه‌ى وه‌ك هاوپه‌یمانییه‌ك له‌ په‌رله‌مان كار بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراى كردووه‌، له‌م دوو رۆژه‌ى داهاتوودا به‌ فه‌رمى ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ راده‌گه‌یێنرێت.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كێ سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌بێت، سه‌رچاوه‌كه‌ روونى كردووه‌ته‌وه‌ چانسى ته‌قه‌دوم به‌ سه‌رۆكایه‌تى حه‌لبووسى زیاتره‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى پۆسته‌كه‌، به‌ هۆى ئه‌و قوڕساییه‌ى له‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌تى "37 كورسى" عەزم “14كورسى”، به‌ڵام له‌ دانوستاندنه‌كان باسى ئه‌وه‌یش كراوه‌ خالید عوبه‌یدى وه‌زیرى پێشووترى به‌رگرى عێراق و مه‌حموود مه‌شهه‌دانى سه‌رۆكى پێشووترى په‌رله‌مانى عێراق وه‌ك كاندیدى عه‌زم پێشنیار بكرێن، به‌و مه‌رجه‌ى عه‌زم له‌ پۆسته‌ حكومییه‌كانى خۆى خۆشبێت و بۆ ته‌قه‌دوم بێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌، ته‌واوى هاوپه‌یمانییه‌كان و دانوستاندنه‌كان له‌سه‌ر راگه‌یاندنى ئه‌نجامى كۆتایى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین