جووتیار عادل: بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کەمیکردووە شیکاری ئابوری

نوچەنێت

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کەمبۆتەوە، دووپاتیدەکاتەوە، دابینکردنی مووچەی مانگانەی حکوومەتی هەریمی کوردستان هۆکارە لە پێنەدانی نەوتی خاو بە پالاوگەکان و بەرهەمهێنانی بەنزینی داواکراو

ئەمڕۆ دووشەمە 25/10/2021، جووتیار عادل، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی وکوردستان کەمیکردووە.

جووتیار عادل لەبارەی گۆڕانکاریەکانی بازارەکانی هەرێمی کوردستان و گرانبوونی بەهای وزە و بەنزین و هاوکات گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ و میکازنمەکانی دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ تۆڕی میدیای رووداو، زانیاری تازەی خستنەروو.

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەنزین

دەربارەی فاکتەر و  هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی وزە بە گشتی نەوت و بەنزین بە تایبەتی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێم وتی"بەرزبوونەوەی جیهانی نرخی نەوت لە بازارەکاندا، هۆکارە لە گرانبونوی نرخی بەنزین و نەوت لە هەرێمی کوردستان"

هەروەها وتیشی “گۆڕانی نرخەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان، هیچ پێوەندی بە کاتی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنەوە نیە و قەیرانەکە قەیرانێکی جیهانییە و لە دەستەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نیە”.

سەبارەت بە پلانی حکوومەتی هەریمی کوردستان لە رووبەرووبوونەوەی ئەو قەیرانەی نرخی وزە،  جووتیار عادل وتی" کۆرۆنا بووە هۆی دروستکردنی لێکەوتەی نەرێنی لەسەر باروودۆخی  ئابووری هەرێمی کوردستان، ئەوەی لەچوارچێوەی دەستەڵاتی ئێمەدا بێت، کردوومانە"

هاوکات وتیشی" لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی حکوومەتی هەرێم، سەردانی بەغدای کرد بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن و خۆشبەختانە زیاتر لە 540 هەزار لیتر بەنزین گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە رۆژانی داهاتوودا، ئەو بڕە بۆ دووهێندە زیاد دەبێت، لەومەودوا بە گوێرەی رێککەوتنی ئێمە وبەغدا، ڕۆژانە زیاتر لە ملیۆنێک و هەشتا هەزار بەنزین دێتە بازارەکانی هەرێمی کوردستان".

جووتیار عادل  جەختی لەوەیش کردووە لە سەرەتای مانگی 11، نرخەکانی بەنزین دادەبەزن وبە شێوازیکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای ژمارەی ئوتومبێل و ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نەوتی خاو بەسەر پالاوگەی پاڕێزگاکان دابەشدەکرێن، بۆ ئەوەی بەنزینی داواکراو دابین بکەن.

بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان 

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هۆکاری دابەشنەکردنی نەوتی خاو بە سەر پاڵاوگەکانی هەرێم لە لایەن حکوومەتی کوردستانەوە وتی" حکوومەت ئەو برە نەوتەی بەرهەمدەهێنیت، سەرجەم داهاتەکەی بۆ دابەشکردنی مووچە دابینی دەکات، بۆیە ئەگەر نەوتی خاو دابەشبکەیەن، ئەوا داهاتی فرۆشتنی نەوت و پارەی مووجەی مانگانە کەمدەبێتەوە کە مانگانە زیاتر لە 35 ملیۆن دۆلارە"

عادل ئەوەیشی زیاد کرد" ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لێنوان 413 بۆ 415 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، کەمتر بۆتەوە"

لەبارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل وتی" هۆکارەکان تەکنیکین و لێژنەیەکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کار بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دەکەن، بۆیە ئەگەر ئێمە نەوتی زیاتر بەرهەمبهێنین، دەتوانین نەوتی خاو بدەین بە پاڵاوگەکانی و بەنزین بەرهەمبهێنن"

سەبارەت بە کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی و نەوت و کاریگەری بۆسەر داهاتەکانی حکوومەتی هەرێم، جووتیار عادل ئاشکرای کرد، بەهۆکاری سیاسی  نەوتی هەرێمی کوردستان بە کەمتر لە نرخی جیهانی بازرەکان دەفرۆشڕیت.

لەبارەی هۆکاری فرۆشتنی نەوتی کوردستان بەو شێوەیە، وتەبێژی حکوومەت وتی" بەغدا ڕیگر و هۆکار بووە لەوەی کە بەشێک لە کۆمپانیایە جیهانیەکان نەوتی هەرێمی کوردستان نەکڕن، ئەمەیش کاری کردۆتە سەر رێژەی داهاتە نەوتیەکانی حکوومەتی هەرێم"

نرخی هەر لیترێک بەنزین لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازی هەیە لەگەڵ نرخی بەنزین لە بازارەکانی عێراق، جووتیار عادل هۆکاری ئەو جیاوزیەی ئاشکرا کرد و وتی" ڕۆژانە عێراق زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل نەوت بۆ خواستی ناوخۆیی دابین دەکات"

هەروەها وتیشی “پاڵپشتی حکوومەتی عێراق بۆ پاڵاوگەکان و دابینکردنی نەوت، هۆکارە لە جیاوازی نرخەکان، بەڵام ئەگەر ئێمە نەوتی خاو بدەین بە پاڵاوگەکان ئەوە داهاتی مووچەی مانگانە کەم دەبێت”

دابەشکردنی نەوتی سپی

سەبارەت بە دابەسکردنی نەوتی سپی و میکازنمی دابەسکردن بەسەر سارو دێهاتەکان، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد" ماوەی دوو هەفتەیە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی کوردستان بە میکازنمی لیستی دیاریکراو لە دێهاتەکان دەستی پێکردووە و بەردەوام دەبێت تا سەرجەم هاوڵاتیان بەشە نەوتی سپی وەردەگرن".

هۆکاری گرانبوونی نرخی بەرمیل نەوتی سپی ، بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی نەوتە

لە بارەی نرخی نەوتی سپی بۆ ئەمساڵ، عادل وتی" هەر ماڵی 200 لیری نەوتی سپی کوالێتی بەرز بە 55 هەزار دینار پێدەدڕیت"

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین