سه‌در سیاسه‌تى خۆى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ داده‌ڕێژێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در كه‌ ره‌وته‌كه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراقه‌، ئه‌مڕۆ سیاسه‌تى خۆى به‌رانبه‌ر وڵاتانى دراوسێ ئاشكرا كردووه‌، دووپاتى له‌سه‌ر پاراستنى به‌رژوه‌ندى و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروبارى یه‌كتر كردووه‌ته‌وه‌. له‌ حاڵه‌تى ده‌ستوه‌ردانى ئه‌و وڵاتانه‌یش له‌ كاروبارى عێراق سه‌در به‌ چه‌ند خاڵێك رێكارییه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى دیارى كردووه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ په‌یامێكدا كه‌ تویته‌ر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سیاسه‌تى ره‌وته‌كه‌ى سه‌باره‌ت به‌ وڵاتانى دراوسێ روونكردووه‌ته‌وه‌.

موقته‌دا سه‌در له‌ په‌یامه‌كه‌ى روونى كردووه‌ته‌وه‌، له‌مه‌ودوا به‌م شێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ په‌یامه‌كه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌ و دوو ئاستیشى بۆ وڵاتانى دراوسێ دیارى كردووه‌. یه‌كه‌میان ئه‌و وڵاتانه‌ن كه‌ ده‌ست له‌ كاروبارى عێراق وه‌رناده‌ن، سه‌در له‌باره‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش له‌به‌رانبه‌ر هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ ته‌واوى بواره‌كانى ئه‌منى و ته‌ندروستى و ئابوورى و رۆشنبیرى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ به‌هێز بكه‌ن و ئاستى دیپلۆماسییان له‌گه‌ڵ به‌هێز بكه‌ن.

ئاستى دووه‌م بۆ ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاشكرا ده‌ست له‌ كاروبارى عێراق وه‌رده‌ده‌ن، سه‌در بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ چه‌ند رێكارییه‌كى داناوه‌، له‌وانه‌: له‌ ئاستێكى به‌رز گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ى هه‌رگیز رێگه‌ به‌ ده‌ستوه‌ردان نه‌درێت، ئه‌گه‌رهاتوو گوێڕایه‌ڵ نه‌بوون ئه‌وا عێراق په‌نا ده‌باته‌ به‌ر رێكاریى دیپلۆماسى و نێوده‌وڵه‌تى. دواتر عێراق سنووره‌كانیان له‌گه‌ڵ توند ده‌كات و ئینجا مامه‌ڵه‌ ئابوورییه‌كانیان له‌گه‌ڵ كه‌متر ده‌كاته‌وه‌.

موقته‌دا سه‌در چه‌ند جارێك دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستوه‌ردان قبووڵ ناكرێت و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش سه‌در ده‌ڵێ، "رێگه‌ به‌ هیچ وڵاتێك نادات ده‌ستوه‌ربداته‌ كاروبارى هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌كانى، هاوپه‌یمانى و پێكهێنانى حكومه‌ت".

به‌ راشكاویش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات عێراق رێگه‌ به‌و نادات خاكه‌كه‌ى بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ وڵاتانى دراوسێ به‌كاربهێرێت، سه‌در روونیشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ په‌یامه‌كه‌ى بۆ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كوێت و سعوودیه‌ و ئوردن و سووریا و توركیا و ئێرانه‌.

عێراق له‌گه‌ڵ شه‌ش وڵات دراوسێیه‌ و پێشتر به‌ ئاشكرا هه‌ر یه‌كه‌ له‌ توركیا و ئێران ده‌ستیان له‌ كاروبارى عێراق وه‌رداوه‌ و هۆكاربوون بۆ ناسه‌قامگیرى سیاسى و ئه‌منى له‌م وڵاته‌دا.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین