42 رۆژە پەرلەمانی کوردستان کۆنەبووەتەوە وەرگێڕان

لاڤین عومەر: نوچەنێت

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی یەکگرتوو دەڵێت:سەرۆکایەتی پەرلەمان دانیشتنەکانی پەرلەمانیان پەکخستووە. ئەندامێکی پەرلەمانی لەسەر لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەڵامی دەداتەوە"کار و چالاکی بەردەوامە".

ئەمڕۆ چوارشەممە(٢٠-١٠-٢٠٢١) شێرکۆ جەودەت، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بۆ نوچە گوتی"سەرۆکایەتی پەرلەمان دانیشتنەکانی پەرلەمانی پەک خستووە. پێویستە وەڵامی هۆکارەکەی بدەنەوە".

باڵانبۆ محەمەد، ئەندام پەرلەمانی کوردستان دەربارەی کار و چالاکی و دانیشتنەکانی پەرلەمان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نوچەنێت دەڵێت "کار و چالاکی پەرلەمان نەوەستاوە، تەنیا دانیشتنەکان وەستاون، دانیشتنەکانیش بۆ یاسادانان پێویستە پێشتر بەرنامەی کار دابنرێت، ئەگینا کار و چالاکی پەرلەمان هەر بەردەوامە".

باڵانبۆ محەمەد جەخت دەکاتەوە کە" لیژنەکان ئێستاش هەر كۆ دەبنەوە، پەرلەمانتارانیش هەرکەسەو بەپێی تایبەتمەندیی خۆیان و لیژنەکەیان، بەدوای کاری لیژنەکانەوەن. ئەوەی نەكراوە تەنیا دانیشتنەكانی پەیوەندیدار بە دەركردنی یاسایە، كە ئەوەش پێویستی بە پلانە و دانانی بەرنامەی کارە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە هەن، کامەی خوێندنەوەی بۆ کراوە کامەی خوێندنەوەی بۆ نەکراوە، ئەوەلیات بخرێتە بەرنامەی کار، هەرکاتێک ئەو پڕۆژانە ئامادە کران ئەو کاتە بە دڵنیاییەوە دانیشتنی پەرلەمانیش دەست پێ دەکاتەوە".

هەر سەبارەت بە کارو چالاکی و دانیشتنی پەرلەمان، ڕێبوار بابکەیی ئەندام پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند" بڕیارە هەفتەی داهاتوو دانیشتنەکانی پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوە و چەند پڕۆژە یاسایاک کاتی خۆی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت، هەروەها بەشێک لە پڕۆژە یاساکان خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ دەکرێت".

(٧-٩-٢٠٢١) پەرلەمانی کوردستان دواکۆبوونەوەی ئەنجامدا. پەرلەمانتارێک هۆکارەکەی بۆ دۆخی هەڵبژاردن دەگەڕێنێتەوە" لە ماوەی ڕبردوودا پەرلەمانتارەکان بە بانگەشەی بەربژێرانی حزبەکانیانەوە سەرقاڵ بوون، بۆیە پەرلەمان نەیتوانیوە وەکو پێویست بە ئەرکی خۆی هەستێت و کۆبوونەوە بکات، بەڵام لیژنەکان بە ئەرکەکانی خۆیان هەستاون".

لەبارەی ئەو کارو چالاکییانەی کە لەو ماوەیەدا کردوویانە رێبوار بابکەیی گوتی" کارو چالاکییەکانمان بریتیبوو لە پێشوازی شاندی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پەرلەمانی بەلجیکا، لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ قسەمان کرد کە پێشتریش یەکێک  لە تەوەرەکان قسەمان لەسەری کردبوو، لە کۆبوونەوەیەکدا ئەمە دووەم کۆبوونەوە بوو، باسمان لەسەر جینۆسایدی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان کرد، دوای ئەوە لیژنەکە لە پەرلەمانی بەلجیکا کارێکی باشیان لەسەر کرد و ڕەشنوسی بریارێکیان ئامادەکردووە، توانرا پەرلەمانی بەلجیکا ئەو بابەتە یەکلا بکاتەوە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان وەکو جینۆساید بناسرێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین