ئیمانوێل ماکرۆن نامەیەک بۆ نێچیرڤان بارزانى دەنێرێت کوردستانی
کونسوڵى گشتیى فەرەنسا لە هەولێر، نامەیەکى تایبەتى سەرۆک کۆمارى فەرەنسا دەگەیێنتە دەستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، کە سەرۆکى وڵاتەکەى بۆى نوووسیوە و لە نامەکەدا دەڵێت، "فەرەنسا و هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى دێرین و بێهاوتایان هەیە کە دەبێت لە ئاستێکى بەرزدا ڕایبگرین."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (30)ى ئەیلوولى (2021)، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کورستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کونسوڵى گشتیى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان، "نامەیەکى ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆمارى فەرەنساى بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى گەیاند."

 

دەقی نامەکەی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی:

ڕێزدار جەنابى سەرۆک، نێچیرڤانى هێژا

شەرەفمەند و خۆشحاڵم کە بە ناوى فەرەنسا و بە ناوى خۆمەوە سوپاسگوزارى پێشکەش بە جەنابتان بکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لە هەولێر لە منتان کرد، وەک چۆن لە دیدار و کۆبوونەوەکانى پێشترماندا لە بەغدا و پاریس، بەڵێنى سەردانى هەولێرم بە جەنابتان دابوو.

فەرەنسا و هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى دێرین و بێهاوتایان هەیە کە دەبێت لە ئاستێکى بەرزدا ڕایبگرین. ئەم گیانى دۆستایەتى و متمانە و وەفادارییە لە کۆبوونەوەکەماندا ڕەنگدانەوەى لەسەر دەوڵەمەندیى گۆڕینەوەى بیروبۆچوونەکانمان هەبوو، هەروەها بە دیدارم لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانى و خانەوادەى شەهید هوجام سوورچى لە هەولێر، خوازیار بووم ئەم وەفادارى و دۆستایەتییە بەرز ڕابگرم.

دڵنیام هەرێمى کوردستان سوودمەند دەبێت لەو پێشکەوتنانەى لە کۆنفرانسى بەغدا بۆ هەماهەنگى و هاوبەشى بەدەست هاتوون، دڵنیاش بن فەرەنسا لە دژى تیرۆر، هەروەها بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیى ئابووری و کۆمەڵایەتى، لە پایەندیى خۆى لەگەڵ ئێوەدا، بەردەوام دەبێت.

بە نوێکردنەوەى وەفادارترین هیوام بە سەرکەوتنان جەنابى سەرۆک، تکایە بفەرموون بۆ قبووڵکردنى ڕێزى بێکۆتاییم.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین