ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بریتانیا
پێشه‌كی
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له كۆنه‌وه و به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام بۆته شوێنێكی ناسه‌قامگیر، كه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر سه‌قامگیریی جیهان و له هه‌مان كاتیش‌دا گۆڕه‌پانی ململانێی زلهێز و هێزه هه‌رێمی و ناوخۆیییه‌كانه. به‌رزیی ڕێژه‌ی یه‌ده‌گی نه‌وت و گاز له لایه‌ك و هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئایینه به‌رچاوه‌كانی جیهان له‌م ناوچه‌یه‌دا، یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ درێژه‌دان به ململانێی سیاسی، ئابووری، كەلتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
زلهێزه‌كانی وه‌كوو بریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌شێكی گرنگی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م ناوچه‌یه‌دا ته‌رخان كردووه و توانایه‌كی مرۆیی و بوودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحیان بۆ ناوچه‌كه دابین كردووه. دۆزی كورد به‌گشتی له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان-عێراق به‌تایبه‌تی، پێگه‌یه‌كی گرنگ و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی هه‌یه له هاوسه‌نگیی نێوان لایه‌نه‌كان له ناوچه‌كه‌دا؛ هه‌روه‌ها له سایه‌ی ئه‌زموونی ئه‌و حوكمڕانییه‌ی كه له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كردووه و تا ڕادده‌یه‌كی به‌رچاو بۆته نموونه‌یه‌كی باش بۆ ناوچه‌یه‌كی ناسه‌قامگیر و نادڵنیای وه‌كوو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی شوێنی پێگه ستراتیژییه‌كه‌ی خۆی له پرۆژه و سیاسه‌ته‌كانی وڵاتانی زلهێز و هه‌رێمی بكاته‌وه. بۆیه هه‌ر زلهێزێك یاخود هه‌ر لایه‌نێكی جیهانی یاخود هه‌رێمی، گه‌ر ویستی پرۆژه‌یه‌كی دیاریكراو له ناوچه‌كه‌دا جێبه‌جێ بكات، ئه‌وه بێ گومان ده‌بێ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو بگرێت. جا لێره ڕۆڵ و ژیری و خه‌مخۆری و توانای ده‌سه‌ڵاتدارن و بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت؛ ئایا تا چ ڕادده‌یه‌ك ده‌توانن ئه‌م كارتانه‌ی كه له سایه‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌ستیانه، به‌باشی و له به‌رژه‌وه‌ندیی كورد به‌كار بهێنن. چونكه به‌ڕاستی ناوچه‌كه دوچاری گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تییه، كه له‌وانه‌یه تیایدا هاوسه‌نگیی هێزه‌كان و ڕۆڵی وڵاته زلهێزه‌كان و هه‌رێمییه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت و، پێده‌چێت بریتانیا ئه‌م جاره دووباره بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كه و پێگه و ڕۆڵ و هه‌ژموونی خۆی دووباره به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنێت. ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێی نیشان ده‌ده‌ن، له‌نده‌ن له داهاتوودا یه‌كێك له ئه‌كته‌ره نێوده‌وڵه‌تییه كاریگه‌ره‌كان ده‌بێت.
له‌م كه‌شوهه‌وایه ناسه‌قامگیره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هه‌رێمی كوردستانیش پێویسته به‌پێی ئه‌و ئه‌زموونه دیپلۆماسییه‌ی كه هه‌یه‌تی، هه‌وڵ بدات شوێن و پێگه‌ی خۆی له هاوكێشه نوێیه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌دا بكاته‌وه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و بریتانیا، ڕۆڵ وكاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له دیاریكردنی قورساییی هه‌رێمی كوردستان له هاوكێشه نوێیه‌كه‌دا ده‌بێت.
گه‌ڕانه‌وه شه‌رمنانه‌كه‌ی بریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناسه‌قامگیر
بریتانیا دوای ئه‌وه‌ی له 1970وه بڕیاری دا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌جێ بهێڵێت، ئه‌و بۆشایییه‌ی كه له ئه‌نجامی ئه‌م كشانه‌وه‌یه‌ی بریتانیا له ناوچه‌كه دروست بوو، له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه پڕ كرایه‌وه؛ بریتانیا به‌ته‌واوه‌تی هێزه چه‌كداره‌كانی خۆی له ناوچه‌كه كشانده‌وه و هیچ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی تیادا نه‌هێشته‌وه. جگه له‌مه بریتانیا وه‌كوو پاڵپشتیكه‌ر و هاوپه‌یمانێكی سه‌رسه‌ختی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ركه‌وت و، دریژه‌ی به سیاسه‌ته‌كانی خۆی دا له ناوچه‌كه‌دا. به‌ڵام دوای چه‌ندین ڕووداوی گرنك و سیاسه‌تی هه‌ڵه‌وه كه له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا ڕوویان دا، زلهێزه‌كانی وه‌كوو بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و تا ڕادده‌یه‌كیش ئه‌ڵمانیا، چاویان به سیاسه‌ته‌كانی خۆیاندا به‌رانبه‌ر ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خشانده‌وه به مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه. بۆیه پێشهاته‌كان وا نیشان ده‌ده‌ن ئیتر له‌مه‌وبه‌دوا دوو زلهێزی دیكه‌ی وه‌كوو بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا جگه له ئه‌مریكا، پلان و ستراتیژییه‌تی نوێیان ده‌بێت بۆ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ناسه‌قامگیر.
بریتانیا، به‌تایبه‌تی دوای سه‌ڕهه‌ڵدانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش له سووریا و دواتر كۆنترۆڵكردنی چه‌ندین شاری گرنگی سوننه‌نشین له عێراق، هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕ كردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كه‌م هه‌نگاوی كرده‌ییی بریتانیا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناوچه‌كه، بریتی بوو له ده‌ركردنی بڕیاری دووباره‌كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازیی HMS Juffair (ئێچ ئێم ئێس جیفه‌ر)ی ده‌ریایی له ساڵی 2014. ئه‌م بنكه‌یه بۆ جاری یه‌كه‌م له ساڵی 1935 له‌لایه‌ن بریتانیاوه دامه‌زراوه، به‌ڵام دواتر له ساڵی 1971 دوای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی به‌حرێن، له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه كۆنترۆڵ كرابووه‌وه.
بابه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه چه‌كداره توندڕه‌وه‌كان، به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بریتانیای نیگه‌ران كردووه، چونكه سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر گرووپێكی چه‌كداریی توندڕه‌و، ڕاسته‌وخۆ كاری كردۆته سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی بریتانیا و، چه‌ندین هه‌وڵ و كۆششی ئه‌م گرووپانه له بریتانیا له‌لایه‌ن ده‌زگه سیخوڕییه‌كانی ئه‌م وڵاته پووچه‌ڵ كراونه‌ته‌وه. به‌پێی دوایین لێدوانی كین مه‌ك كالووم (Ken Mc Callum)، سه‌رۆكی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگریی ناوخۆییی بریتانیا (MI5-Millitary Intelligence, Section 5)، له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا له‌نده‌ن (31) هه‌وڵی پشێوی و كرده‌ی تیرۆریستیی له ناوخۆی بریتانیا پووچه‌ڵ كردۆته‌وه، كه له‌لایه‌ن تیرۆریستان و تووندڕه‌وكانه‌وه پیلانیان بۆ داڕ‌ێژرابوو. ئه‌مه‌یش ئاستی ئه‌و مه‌ترسییه ده‌خاته ڕوو كه گرووپه توندڕه‌و و تیرۆریستییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆدا ده‌یخه‌نه سه‌ر بریتانیا، چونكه بریتانیا میوانداریی نزیكه‌ی 9 ملیۆن په‌نابه‌ر له نه‌ته‌وه و پێكهاته‌ی جیاواز ده‌كات و ئه‌م گرووپانه‌یش له ڕێگه‌ی ئه‌م په‌نابه‌رانه‌وه زۆر به‌ئاسانی ده‌توانن بگه‌نه نێو جه‌رگه‌ی بریتانیا.
ڕوودواكانی ئه‌فغانستان، عێراق، سووریا، لیبیا و یه‌مه‌ن هانده‌رێكی باش بوون بۆ ئه‌وه‌ی بریتانیا دووباره بیر له گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كه بكاته‌وه، چونكه بریتانیا به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و سیاسیی هه‌یه له‌م وڵاتانه و، نایه‌وێ ئاوا به‌ئاسانی له‌ده‌ستیان بدات و گۆڕه‌پانه‌كه بۆ ڕكابه‌ره‌كانی وه‌كوو ڕووسیا، ئێران و ته‌نانه‌ت وڵاته ئه‌وروپییه‌كانی دیكه‌ی وه‌كوو فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا چۆڵ بكات. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت له قۆناغه‌كانی داهاتوودا بریتانیایه‌كی كاریگه‌رتر له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ببینین.
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بریتانیا و هه‌رێمی كوردستان له چ ئاستێكدایه؟
"بریتانیا پشتی له كورد كرد و بووه هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانێ ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ وه‌كوو گه‌لانی دیكه‌ی جیهان"؛ ئه‌مه دیارترین ڕه‌خنه‌یه كه له بریتانیا ده‌گیرێت و له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره هانی سه‌ركردایه‌تیی كورد ده‌درێت له هه‌رێمی كوردستان كه زۆر پشت به بریتانیا نه‌به‌ستن، چونكه له هه‌ر كات و ساتێك‌دا له‌وانه‌یه دووباره پشتیان تێ بكه‌ن. له‌وانه‌یه بریتانیا له‌م ڕوووه‌وه له ڕابردوودا ئه‌م هه‌ڵانه‌ی به‌رانبه‌ر به كورد كردبێت، به‌ڵام ئه‌مه‌یان به واتای ئه‌وه نایه‌ت كه بریتانیا به‌رده‌وام ئه‌م جۆره سیاسه‌تانه په‌یڕه‌و بكات. له‌سه‌ره‌تادا ئێمه ده‌بێت پێش هه‌ر خوێندنه‌وه و بیركردنه‌وه و شرۆڤه‌یه‌كی سیاسی ده‌رباره‌ی هه‌ر بابه‌تێك، مه‌رج و ژینگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه له‌به‌رچاو بگرین، چونكه كه‌شوهه‌وای سیاسی و ئه‌منی و به‌گشتی ژینگه‌ی ئه‌مڕۆمان، زۆر جیاوازتره له كه‌شوهه‌وای سیاسی و ئه‌منی و به‌گشتی ژینگه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوو. بۆیه نابێ به سۆز (عاتیفه)وه بابه‌ته سیاسییه‌كان شی بكرێنه‌وه. پێش هه‌موو شتێك پێویسته كه‌شوهه‌وا سیاسییه‌كه بخرێته ڕوو، دواتر به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نه‌كان باش شی بكرێنه‌وه و، پاشان له چوارچێوه‌یه‌كی واقعییانه و لۆژیكییانه‌دا بابه‌ته‌كان شرۆڤه بكرێن و هه‌نگاوی پێویستی بۆ بنرێت. بۆیه پاشخانه خراپه‌كه‌ی بریتانیا له ڕابردوو، ئێستا ڕێگر نابێت بۆ دانانی په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵ و ستراتیژی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و بریتانیا، به له‌به‌رچاوگرتنی مه‌رج و ژینگه گشتییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆمان.
بریتانیا پێش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، میوانداریی چه‌ندین كۆنگره‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی كردووه و به‌رده‌وام ویستوویه‌تی كار و چالاكییه‌كانی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیدا به‌ڕێوه بچێت و، هه‌وڵی داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی سیاسیی داوه له عێراقدا له‌م قۆناغه‌دا، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه ئه‌م جۆره هه‌وڵانه‌ی خۆی چرتر كردۆته‌وه. سه‌ركردایه‌تیی كوردیش وه‌ك لایه‌نێكی كاریگه‌ر به‌شدارییان له‌م كۆنگرانه‌دا كردووه. هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندییه‌كانی بریتانیا و هه‌رێمی كوردستان پێش ئه‌م كۆنگرانه‌یش هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌م كۆنگرانه مۆركێكی فه‌رمیی پێوه دیار بوو و وه‌ك پاڵپشتییه‌كی ڕاسته‌وخۆی حكوومه‌تی بریتانیا وا بوو بۆ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن.
دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی 2003، بریتانیا پاش ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا گرنگترین لایه‌ن بوو كه به‌شداریی له پرۆسه‌ی ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس كرد. بریتانیا هه‌میشه وه‌كوو لایه‌نێكی سێبه‌ر، شان به شانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، بوونی هه‌بووه له عێراق و كاریگه‌رییه‌كی باشی هه‌یه له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنی ژیانی سیاسی له عێراق دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام حوسێن. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی بریتانییه‌كان له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له نه‌جه‌فیش له ئاستێكی باشدایه؛ بۆ نموونه له ساڵی 2004 كه پێكدادانێكی چڕ له شاره‌كانی نه‌جه‌ف وكه‌ربه‌لا سه‌ری هه‌ڵدابوو، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له نه‌جه‌ف، ئایه‌توڵڵا "عه‌لی سیستانی" بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه بۆ هێزه‌كانی بیانی خۆش بكات كه میلیشیاكانی موقته‌دا سه‌در كۆنترۆڵ بكه‌ن، شاری نه‌جه‌فی به‌جێ هێشت و به بیانووی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی، خۆی گه‌یانده له‌نده‌ن. لێره پرسیاری ئه‌وه‌مان بۆ دروست ده‌بێت: ئایا بۆچی سیستانی له‌نده‌نی بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر دیاری كرد؟ له وه‌ڵامدا ده‌توانین بڵێین كه‌وا سیستانی متمانه‌ی به بریتانیا هه‌یه، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵ و ستراتیژی له نێوان مه‌رجه‌عییه‌ت و بریتانیا هه‌یه. به‌م شێوه‌یه ده‌توانین بڵێین په‌یوه‌ندیی بریتانیا له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عییه‌ت و هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراقی له ئاستێكی باشیش نه‌بێت، له‌نده‌ن ده‌توانێ هه‌ندێك گوشاریان بخاته سه‌ر. به‌رانبه‌ر ئه‌مه، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان-عێراق و بریتانیایش له ئاستێكی باشدایه و گرنكترین لایه‌نه‌كان كه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان له‌نده‌ن – هه‌ولێر پێك ده‌هێنێت بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
بابه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریزم له‌سه‌ر خاكی عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی، دیارترین ئه‌و خاڵانه‌یه كه هه‌ردوو لا به‌یه‌كه‌وه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. دوای كۆنترۆڵكردنی به‌شێكی زۆری خاكی عێراق له‌لایه‌ن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، بریتانیا بڕیاری دا به شێوه‌یه‌كی كارا به‌شداری له هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش و ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان بكات. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له ڕووی سه‌بازییه‌وه بریتانیایش له‌پاڵ وڵاتانی دیكه ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی به یارمه‌تیدانی پێشمه‌رگه كرد. یارمه‌تیدانی ڕاسته‌وخۆی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش به‌گشتی و یارمه‌تیدانی بریتانیا، ده‌كرێ به خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی مێژوویی ناوزه‌د بكه‌ین، چونكه ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت، هه‌رچه‌نده پێشمه‌رگه، به‌پێی ده‌ستوور و یاسا به‌ركاره‌كانی عێراق، به‌شێكی مه‌نزوومه‌ی به‌رگریی عێراق پێك ده‌هێنێت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن حكوومه‌تی به‌غداوه یارمه‌تی نه‌دراوه و له مووچه و بوودجه‌ی گشتی و سیادیی عێراق بێبه‌ش كراوه. به‌رانبه‌ر ئه‌مه، حه‌شدی شه‌عبی كه به‌قه‌ده‌ر پێشمه‌رگه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش سوودی لێ نه‌بینراوه، ساڵانه زیاتر له دوو ملیار دۆلاری بۆ ته‌رخان ده‌كرێت؛ ئه‌مه جگه له دابینكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆیان. ئێستا له بابه‌تی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له نێوان بریتانیا و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، چونكه ئیستایش به‌ته‌واوی ئه‌م مه‌ترسییه له عێراق كۆتاییی پێ نه‌هاتووه و ناو به ناو جموجۆڵه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش ده‌بینرێت. له‌سه‌ره‌وه‌یش ئاماژه‌مان به هۆكاری نیگه‌رانبوونی بریتانیا له‌سه‌رهه‌ڵدان و به‌هێزبوونی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان دا. بۆیه زۆر گرنگه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ درێژه‌دان به‌م هه‌ماهه‌نگییه كاری جددی بكات و، ده‌كرێ چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه فراوانتر بكرێت.
وڵاتانی ئه‌وروپا، به‌تایبه‌تی بریتانیا، زۆر گرنگی به بابه‌تی په‌نابه‌ران ده‌ده‌ن. هه‌رێمی كوردستان به حوكمی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه هه‌یه‌تی له پێشوازیكردنی په‌نابه‌ران به‌بێ جیاوازیی ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌ب، له سه‌خترین باری دارییدا ده‌رگه‌كانی خۆی بۆ په‌نابه‌ره ناوخۆیی و سوورییه‌كان واڵا كرد؛ به شێوه‌یه‌ك كه ڕێژه‌ی ئه‌م په‌نابه‌رانه گه‌یشته سێ یه‌كی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان. نموونه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته جوامێرانه‌ی هه‌رێمی كوردستان، تا ئێستا له هیچ شوێنێكی جیهاندا نه‌بینراوه؛ بۆیه ئه‌مه بووه‌ته مایه‌ی ته‌قدیر و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییش، هه‌رێمی كوردستان له‌م باره‌یه‌وه نازناوێكی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌رێنیی باشی به‌ده‌ست هێناوه. بۆیه بریتانیایش زۆر به گرنگی ده‌ڕوانێته ئه‌م بابه‌ته و هه‌ر دوای ده‌رچوونیشی له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، بریتانیا ئاماده‌یه بۆ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان له‌م بواره‌دا. بابه‌تی په‌نابه‌ران بابه‌تێكی مرۆیییه و وڵاتانی جیهان زۆر گرنگیی پێ ده‌ده‌ن و هه‌رێمی كوردستانیش یه‌كێكه له ناوچه گرنگه‌كانی جیهان بۆ پێشوازیكردن له په‌نابه‌ره ناوخۆیییه‌كان و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌كییه‌كانیش. كه‌واته بابه‌تی په‌نابه‌ران لایه‌نێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بریتانیا پێك ده‌هێنێت.
ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق، یه‌كێكه له ئامانجه‌كانی بریتانیا له عێراق. له‌نده‌ن، به‌تایبه‌تی دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش، هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕ كردۆته‌وه بۆ پاراستنی ئارامی و جێگیركردنی سه‌قامگیری تیایدا. لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌م ڕاستییه‌ی، كه‌وا عێراق به‌بێ هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت سه‌قامگیر بێت؛ جا چ له ڕووی سیاسییه‌وه بێت و چ له ڕووی ئه‌منی و ئابووری. بۆیه باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر-به‌غدا، بووه‌ته بابه‌تێكی سه‌ره‌كیی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه دیانه‌وێت پشتگیری له سه‌قامگیری و ئارامیی عێراق بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یشه له هه‌ر سه‌ردانێكی به‌رپرسێكی باڵای بریتانی بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی له عێراق، یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ی كه قسه و باسی له‌سه‌ر ده‌كرێت. زۆر گرنگه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م بابه‌ته له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا به‌كار بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی دروستكردنی گوشارێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه كێشه جه‌وهه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێت. بریتانیایش به حوكمی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی باشی هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق كه زۆربه‌یان هاووڵاتیی بریتانیان یاخود پێشتر هاووڵاتیی بریتانیا بوونه، ده‌توانێ په‌یامی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێته ئه‌م به‌رپرسه عێراقییانه. كه‌واته لایه‌نێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بریتانیا، جه‌ختكردنه له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌كانی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. بێ گومان كاریگه‌رترین ڕێگه‌یش بۆ گه‌یاندنی ئه‌م داواكارییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان، خودی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستانە.
به‌رپرسانی كه‌رته جیاوازه‌كانی بریتانیا به‌رده‌وام و له‌سه‌ر ئاستی به‌رزدا به مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی و ده‌ربڕینی پاڵپشتی بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن. له‌م سه‌ردانه گرنگانه كه له ساڵی 2019 ئه‌نجام درا، بریتی بوو له‌سه‌ردانی شاندێكی باڵا له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی شاهانه‌ی بریتانیا كه پێك هاتبوو له جێگرانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه، دادوه‌ر "گرۆس" و خاتوو "ئان ڕافێرتی" و دادوه‌ر "ئه‌ندرۆ هاتن"، به‌رپرسی مه‌شق و ڕاهێنان له په‌یمانگه‌ی دادوه‌ریی شاهانه. ئه‌م شانده‌ی بریتانیا به مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان و پشتگیریی ڕۆڵی یاسا و دادوه‌ری و به‌هێزكردنی دادگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له بواری ته‌كنیكی و ڕاهێنانی دادوه‌ران له هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانه‌كه‌یان ڕێك خستبوو. بریتانیا له ڕێگه‌ی ئه‌م شانده‌وه په‌یامی ئه‌وه‌ی گه‌یاند كه پێویسته له عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌رتی دادگه‌كان و دادوه‌ران له‌سه‌ر پێوه‌ره جیهانییه‌كان و له‌سه‌ر بنه‌مای دادگه‌ری بنیاد بنرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش ئاماده‌ییی خۆی ده‌ربڕیوه بۆ پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی له پرۆسه‌ی پێگه‌یاندنی دادگه و دادوه‌ریی بێلایه‌ن و پابه‌ندكراو به ده‌قه یاسایییه‌كان. ئه‌م بابه‌ته زۆر گرنگه و، پێویسته هه‌رێمی كوردستان له پرۆسه‌كانی پێگه‌یاندنی دادوه‌ریی بێلایه‌ن و بنیاتنانی دادگه‌یه‌كی دادپه‌روه‌ر سوود له بریتانیا وه‌ربگرێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره هه‌نگاوه بنرێت، ئه‌وه ئاستی دادگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا به‌رزتر ده‌بێت. بناغه‌ی ئه‌م جۆره كارانه‌یش له‌سه‌ر ئاستی چاوپێكه‌وتنی لووتكه كه له نێوان سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم له لایه‌ك و سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیا و به‌رپرسه باڵاكانی بریتانیا له لایه‌كی دیكه، داده‌نرێت.
یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، بابه‌تێكی دیكه‌یه كه بریتانیا كاری له‌سه‌ر ده‌كات و هه‌وڵی جددیی بۆ ده‌دات. بریتانیا بڕوای به‌وه‌یه كه ده‌بێت هێزێكی یه‌كگرتووی پێشمه‌رگه هه‌بێت؛ چونكه بوونی هێزێكی یه‌كگرتووی پێشمه‌رگه، پرۆسه‌ی پێگه‌یاندن و پاڵپشتیكردنی پێشمه‌رگه ئاسانتر ده‌كات. بێ گومان هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی نه‌بوونی هێزێكی یه‌كگرتووی پێشمه‌رگه‌وه زۆر زیانی پێ گه‌یشتووه، بۆیه یه‌كگرتنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له قۆناغی ئێستادا زه‌رووره‌تێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره؛ ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه له قۆناغه‌كانی داهاتوودا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر مان و نه‌مانی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره، ده‌كرێ سه‌رۆكی هه‌رێم به حوكمی پێگه و ئه‌ركه‌كه‌یه‌وه هه‌نگاوی جددی بۆ ئه‌م بابه‌ته بنێت. به‌ڕاستی ئه‌م كاره شتێكی ئاسان نییه به‌ڵام له هه‌مان كاتدا شتێكی مه‌حاڵیش نییه. سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌توانێ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاركردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌ست پێ بكات و له لایه‌كی دیكه‌وه، ده‌ست به گه‌ڕی چاوپێكه‌وتنه‌كان بكات له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه ناوخۆكان بۆ ئه‌وه‌ی ڕازییان بكات پرۆسه‌ی یه‌كگرتنی پێشمه‌رگه له زووترین كاتدا ئه‌نجام بده‌ن. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییش سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌توانێ ئه‌و گوشاره نێوده‌وڵه‌تییانه، له‌سه‌ر ئاسته ناخۆیییه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێم و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی یه‌كگرتنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌كار بهێنێت. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، باشتره له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی، پرۆژه‌ی یه‌كگرتنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ڕابگه‌یه‌نێت و خودی سه‌رۆكی هه‌رێمیش سه‌رپه‌رشتیی پرۆژه‌كه بكات. سه‌رۆكی هه‌رێم له‌م هه‌نگاوه ده‌توانێ پاڵپشتیی ڕاسته‌وخۆی بریتانیایش به‌ده‌ست بهێنێت، چونكه له سه‌رجه‌م چاوپێكه‌وتنه‌كانی به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم و بریتانیا بابه‌تی یه‌كگرتنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن به‌رپرسانی بریتانیا ده‌ورووژرێنرێت.
په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازییش به‌رده‌وامه و له‌نێو ئه‌و شاندانه‌ی بریتانیا كه سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، شاندی سه‌ربازییش هه‌ن و جگه له وه‌زیری به‌رگریی بریتانیا، گه‌وره ڕاوێژكاری سه‌ربازیی بریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و نوێنه‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیا، ژه‌نه‌ڕاڵ "سیر جۆنز لۆریمه‌ر"(Sir John Lorimer) ، له‌نێو ئه‌و به‌رپرسه سه‌ربازییانه‌ی بریتانیایه كه له ماوه‌ی ڕابردوو سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه. به‌مه‌یش پێویسته هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی له ڕووی ڕاوێژكردن، پێگه‌یاندنی پێشمه‌رگه و پاڵپشتیكردنی پێشمه‌رگه بۆ یه‌كگرتنی هێزه‌كانی و مه‌شقپێكردن و ڕاهێنانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، سوود له بریتانیا وه‌ربگرێت؛ چونكه بریتانیا یه‌كێكه له زلهێزه‌كان و، گرنكترین تایبه‌تمه‌ندیی بریتانیا بریتییه له‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر له سه‌ده‌ی ڕابردوو وه‌كوو داگیركه‌ریش به‌ده‌ر كه‌وتبێ، ئه‌وه دوای خۆی وڵاتێكی موئه‌سه‌ساتیی به‌جێ هێشتووه. بۆ نموونه كه عێراق له‌ژێر چاودێری و كۆنترۆڵی بریتانیا دامه‌زرا، هیچ داموده‌زگه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌بردنی خۆی نه‌بوو؛ بریتانیا یارمه‌تیی عێراقی دا بۆ ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه سه‌ربازی، خزمه‌تگوزاری، بازرگانی، كشتوكاڵی و پیشه‌سازیی سه‌ربه‌خۆی خۆی دابمه‌زرێت و كاتێكیش له عێراق سیسته‌می پاشایه‌تی ڕووخا، دوای ئه‌و توانرا ده‌وڵه‌ت به پشتبه‌ستن به‌و دامه‌زراوانه‌ی كه له‌ژێر كۆنترۆڵی بریتانیا دامه‌زرابوون، خۆی به‌ڕێوه ببات و په‌ره‌ی پێ بدات. ئه‌مه خاڵێكی زۆر گرنگه كه ده‌بێت سوودی لێ وه‌ربگیرێت: بریتانیا دوای خۆی دامه‌زراوه سه‌ره‌كییه‌كان به‌جێ ده‌هێڵێت. واتا بریتانیا ئاماده‌یه هاوپه‌یمان و دۆستانی خۆی فێره ڕاوه‌ماسی بكات به‌ڵام زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه ماسییان پێی بدات!
جموجۆڵه بازرگانی و ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و بریتانیا لایه‌نێكی گرنگی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌م دوو لایه پێك ده‌هێنێت. چه‌ندان كۆمپانیای بریتانی له هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنانیان كردووه. له كه‌رتی نه‌وتیش كۆمپانیا بریتانییه‌كان به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ وه‌به‌رهێنانیان هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان. بریتانییه‌كان چه‌ندان جار ئاماده‌ییی خۆیان بۆ فراونتركردنی په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه. بۆیه زۆر گرنگه ئه‌م ویست و ئاره‌زووه‌ی بریتانیا له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌باشی و له ئاستێكی به‌رزدا سوودی لێ وه‌ربگیرێته‌وه؛ به‌تایبه‌تی له كه‌رتی وزه و نه‌وت ئه‌گه‌ر بتوانرێت كۆمپانیا زه‌به‌ڵاحه بریتانییه‌كان بهێنرێنه هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه بێ گومان پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌م له ڕووی ئابوورییه‌وه و هه‌میش له ڕووی سیاسیه‌وه ده‌گه‌یه‌نێته ئاستێكی به‌رزتر. سه‌رۆكی هه‌رێم به حوكمی ئه‌وه‌ی خۆی ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو له په‌ره‌پێدانی كه‌رتی نه‌وت و غاز له هه‌رێمی كوردستان، ده‌توانێ خۆی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی بریتانیا بێته سه‌ر هێڵ و كار بۆ ڕاكێشانی كۆمپانیاكانی كه‌رتی نه‌وت وغاز بۆ هه‌رێمی كوردستان بكات.
كۆبه‌ند
په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بریتانیا، نابێت ببسترێته‌وه به ڕووداوه‌كانی ڕابردوو، چونكه ژینگه و بارودۆخه نێوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، به‌رده‌وام له گۆڕاندایه. به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌ردوو لا، ده‌كرێت په‌یوندییه‌كان له بواره جیاجیاكاندا په‌ره‌ی پێ بدرێت. كلیلی فراونتركردنی هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی دووقۆڵییش به جموجۆڵه دیپلۆماسییه‌كانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات؛ بریتانیایش وه‌كوو زلهێزێكی جیهانی، یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه كونسوڵگه‌ریی خۆی له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان كردۆته‌وه. ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا په‌یامێكی گرنگه ده‌رباره‌ی پێگه و ڕۆڵی هه‌ولێر له داهاتووی عێراق و ناوچه‌كه‌دا. له لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ڵویسته سیاسییه‌كانی بریتانیا به‌گشتی دوای ساڵی 2003، جگه له بابه‌تی ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی ساڵی 2017، زۆر ئه‌رێنین به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر باشتركردنی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كان له چوارچێوه‌ی عێراقی فیداڵدا كراوه و، له لایه‌كی تریش هه‌وڵ داروه له كه‌رته‌كانی دیكه‌ی وه‌كوو بارزگانی، ئابووری، كه‌لتووری، سه‌ربازی و په‌روه‌رده‌ییش په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا بگه‌یه‌نرێته به‌رزترین ئاست. هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ بریتانیا بگه‌یه‌نێته ئاستێكی باشتر و به‌رزتر و، له هه‌مان كاتدا ده‌بێ ئه‌م په‌یوه‌ندییه كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی، نه‌كاته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر-واشنتن؛ چونكه هه‌رێمی كوردستان هاوپه‌یمانێكی گرنگی واشنتنە.
موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment