ئێندپێندنت: ئێران په‌یامێكى توند به‌ رۆژئاوا ده‌دات ئێران

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى ئێندپێندنتى به‌ریتانى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ لادانى عه‌باس عیراقجى سه‌رۆكى شاندى دانوستاندنكارى ئێران له‌ گفتوگۆى ڤیێنا ده‌كات و ده‌ڵێ، "په‌یامێكى توندى ئێرانه‌ به‌ وڵاتانى رۆژئاوا ده‌درێت".

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 15ى ئه‌یلوول حكومه‌تى نوێى ئێران عه‌باس عیراقجى بریكارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و سه‌رۆكى شاندى ئێران له‌ گفتوكۆكانى ڤیێنا له‌ پۆسته‌كانى دوور خرایه‌وه‌، عه‌لى باقرى له‌ شوێنه‌كه‌ى دانرا.

رۆژنامه‌ى ئێندپێندنتى به‌ریتانى ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات لادانى عیراقجى له‌ پۆسته‌كان واتهاى پێدانى په‌یامێكى توندى ئیبراهیم ره‌ئیسى سه‌رۆكى نوێى ئێرانه‌ به‌ وڵاتانى ئه‌وروپا و ده‌شڵێ، "باقرى كه‌سێكى نزیكى ره‌ئیسییه‌".

چاودێرێكى سیاسى ده‌ڵێ، "ناوهێنانى باقرى ده‌بێت به‌ هۆشدارییه‌كى جددى ئێران بۆ رۆژئاوا سه‌یر بكرێت، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ شاندى دانوستانكارى نوێ به‌ بنه‌ماكانى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى بچێته‌وه‌". راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كه‌یش عه‌لى باقرى به‌ نه‌یارى سازشكردن له‌ دانوستاندنه‌كان وه‌سف ده‌كات.

گفتوگۆى ڤێینا بۆ زیندووكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئێران به‌ شه‌ش گه‌ڕ له‌نێوان مانگى نیسان و تا حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌چوو. عه‌باس عیراقجى كه‌ له‌ ساڵى 2013 وه‌ بریكارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران بووه‌، سه‌رۆكى شاندى ئێران بوو له‌ دانوستاندنه‌كان و ئێستا له‌ پۆسته‌كه‌ى لادراوه‌ و وه‌ك راوێژكارى له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین