جه‌هه‌په‌ ناوخۆیی

سیهام میران، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

چاودێرانى سیاسى ده‌ڵێن پارتى گه‌لى كۆمارى توركیا "جه‌هه‌په‌" له‌ناكاو بۆ دۆستایه‌تى كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و شاندێكى باڵاى ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، كه‌چى وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان كه‌ هاوكات به‌رپرسێكى به‌ره‌ى توركمانییه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت ده‌ڵێ، "جه‌هه‌په‌ هه‌موو كاتێك دۆستى كورد بووه‌".

پارتى گه‌لى كۆمارى توركیا كه‌ به‌ "CHP" ده‌ناسرێت و به‌ دێرینترین پارتى توركیا داده‌نرێت و هاوكات گه‌وره‌ترین پارتى ئۆپۆزسیۆنیشه‌، چه‌ند رۆژێكه‌ شاندێكى ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ى سه‌رنجى میدیاكان و چاودێرانى سیاسى راكێشاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و پارته‌ پێشتر هه‌ڵوێستێكى تووندى دژایه‌تى بۆ كورد هه‌بووه‌، كه‌چى ئێستا ده‌یه‌وێ له‌ كورد نزیك ببێته‌وه‌.

ئایدن مه‌عروف:
هاتنى شانده‌كه‌ى جه‌هه‌په‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان گرنگه‌

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى راپۆرتێكى له‌سه‌ر سه‌ردانى شانده‌كه‌ى جه‌هه‌په‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌گه‌ڵ بژارده‌ باوه‌كانى پارتى گه‌لى كۆمارى یه‌كناگرێته‌وه‌، كه‌ خاوه‌ن ئاراسته‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى كه‌مالیزمییه‌، له‌ ناوخۆ و ده‌وروبه‌ر هه‌ڵوێستێكى رۆتینى تووندى دژ به‌ كورد هه‌یه‌".

چاودێرانى سیاسى له‌ راپۆرته‌كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ وایانكردووه‌ گۆڕانكارى له‌ جه‌هه‌په‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ى كورد به‌دی بكرێت، له‌وانه‌ چاودێرێكى سیاسى پێیوایه‌ له‌گه‌ڵ هاتنى كه‌مال كلیچدارئۆغڵو بۆ سه‌رۆكایه‌تى حزب هه‌ڵوێستى ئه‌م پارته‌ به‌رانبه‌ر كورد نه‌رمتر بووه‌، به‌ڵام هه‌تا ئێستایش به‌وه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ كه‌ دان به‌ كێشه‌كه‌ى كورد بنێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌ى سكاى نیوز چه‌ند هۆكارێك ده‌ستنیشان كراوه‌، یه‌كه‌م ركابه‌رییه‌ له‌گه‌ڵ ئاكپارتى و ئه‌ردۆغان كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، له‌ لایه‌كى تر به‌ بڕواى راپۆرته‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ڵبژاردنى توركیاوه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ جه‌هه‌په‌ چاوى له‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى توركیا پێش ئاكپارتى بكه‌وێت و به‌م جۆره‌ سه‌ردانه‌یش ده‌یه‌وێ هاوسۆزى كورد رابكێشێ.

چاودێرێكى سیاسى كورد به‌ ناوى ده‌رباز حه‌مه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ قسه‌ى كردووه‌ و ده‌ڵێ، "سه‌ردانه‌ك جۆرێكه‌ له‌ كۆششى ئه‌و پارته‌ كه‌ ده‌یه‌وێ سیاسه‌تێكى زیاتر بابه‌تیانه‌ى به‌رانبه‌ر به‌ كورد هه‌بێت و چاوی له‌وه‌یشه‌ ئاكپارتى له‌ ده‌سه‌ڵات دوور بخاته‌وه‌".


میدیاى عه‌ره‌بى:
جه‌هه‌په‌ له‌ناكاو خۆى له‌ هه‌رێمى كوردستان نزیك ده‌كاته‌وه‌

 

وه‌ك چۆن سكاى نیوز سه‌ردانى شاندى جه‌هه‌په‌ بۆ كوردستان به‌ رووداوێكى "له‌ناكاو" وه‌سف ده‌كات، به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب  كه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت وشه‌ى  "له‌ناكاو"ى بۆ راپۆرتێكى له‌سه‌ر شانده‌كه‌ له‌ ناونیشانه‌كه‌ى بڵاوكردووته‌وه‌. له‌ ناونیشانى راپۆرته‌كه‌ى عه‌ره‌ب هاتووه‌، "گه‌وره‌ترین پارتى ئۆپۆزسیۆنى توركیا نه‌یارى كورد له‌ ناكاو له‌ هه‌رێمى كوردستان نزیك ده‌بێته‌وه‌".

به‌ بڕواى راپۆرته‌كه‌ى عه‌ره‌ب چه‌ند هۆكارێك بۆ سه‌ردانه‌كه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ جه‌هه‌په‌ پرۆژه‌یه‌كى بۆ ئاشته‌وایى له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێ وه‌ك حزبێكى دیارى ناوچه‌كه‌ له‌ چاره‌سه‌ركرنى كێشه‌كان به‌شدار بێت، دووه‌م هۆكار ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێ هاوسۆزى كورده‌كانى توركیا "باكوورى كوردستان" بۆ خۆى رابكێشێت له‌ هه‌ڵبژاردندا و كێبڕكێش له‌گه‌ڵ ئاكپارتى بكات كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان و هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب هاوشێوه‌ى سكاى نیوز پێیوایه‌ ئه‌مه‌ گۆڕانێكى گه‌وره‌یه‌ له‌ هه‌ڵوێستى جه‌هه‌په‌ رووده‌دات و پێشتر ئه‌و حزبه‌ نه‌یارێكى سه‌رسه‌ختى كورد بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆى توركیا.

ئایدن مه‌عروف وه‌زیرى هه‌رێمى كوردستان بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێـت ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ جه‌هه‌په‌ دژایه‌تى كوردى كردبێت و گوتى، "هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ كورد باش بووه‌". جگه‌ له‌مه‌یش ئایدن مه‌عروف باسى له‌وه‌ كرد جگه‌ له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، شاندى جه‌هه‌په‌ سه‌ردانى لایه‌نه‌ توركمانییه‌كانیشى له‌ هه‌ولێر و كه‌ركووك كردووه‌.  

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین:
گرنگه‌ حزبه‌ گه‌وره‌كانى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر سه‌ردانى هه‌رێم بكه‌ن

ئه‌و وه‌زیره‌ى هه‌رێم به‌ ئاسایى ده‌زانێت كه‌ پارتێكى گه‌وره‌ى ئۆپۆزسیۆنى توركیا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات و ده‌ڵێ، "جه‌هه‌په‌ هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان باشتر بكات، یه‌كه‌م جاره‌ شاندى له‌م شێوه‌یه‌ بنێرێت و ئه‌مه‌یش ئاساییه‌ چونكه‌  هه‌رێمى كوردستان پێگه‌یه‌كى سیاسى گرنگى هه‌یه‌ و لایه‌نه‌كان هه‌وڵى دروستكردنى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ده‌ده‌ن".

به‌هه‌مان شێوه‌ محه‌مه‌د سه‌عده‌دین سه‌رۆكى پارتى گه‌شه‌پێندانى توركمانى و په‌رله‌مانتار له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باسى له‌ گرنگى سه‌ردانه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ حزبێكى ئۆپۆزسیۆنى توركیا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات، گرنگه‌ ئه‌و حزبانه‌ كه‌ رۆڵیان هه‌یه‌ له‌ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر سه‌ردانى هه‌رێم بكه‌ن، پێگه‌ى هه‌رێمیش گرنگه‌ و ئێستا رۆڵێكى به‌رچاوى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ باش بكه‌ن".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین