وێستگه‌كانى په‌یوه‌ندى نێوان نێچیرڤان بارزانى و ئیمانوێل ماكرۆن ناوخۆیی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ دواى ته‌واوبوونى كۆنگره‌ى به‌غدا، بڕیاره‌ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت سه‌رۆك ماكرۆن په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌شیان به‌ چه‌ندان وێستگه‌ى گرنگ تێپه‌ڕیوه‌.

ئه‌مڕۆ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا گه‌یشته‌ به‌غدا بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ى به‌غدا بۆ وڵاتانى دراوسێ، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ كاتى پێشوازیكردنى له‌ ماكرۆن، ئه‌م سه‌رۆكه‌ى به‌ دۆستێكى ئازیز و گرنگ وه‌سف كرد.

ماكرۆن له‌ ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى خۆى بابه‌خێكى زۆرى به‌ بابه‌ته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست داوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بایه‌خێكى ته‌واو به‌ كورد و هه‌رێمى كوردستان ده‌دات. له‌ كاتێكدا له‌دواى كاره‌ساتى ئۆكتۆبه‌رى 2017 زۆربه‌ى وڵاتان خۆیان له‌ مه‌ینه‌تییه‌كانى كورد بێده‌نگ كرد، ماكرۆن له‌ كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى فه‌ڕه‌نسا پێشوازى له‌ نێچیرڤان بارزانى كرد كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بوو.

رۆژنامه‌ بیانییه‌كان:
ماكرۆن بایه‌خێكى زۆر به‌ نێچیرڤان بارزانى ده‌دات

 

په‌یوه‌ندى نێوان نێچیرڤان بارزانى و ئیمانوێل ماكرۆن به‌ چوار وێستگه‌ى گرنگ تێپه‌ڕیوه‌ یه‌كه‌میان له‌ مانگى كانوونى یه‌كه‌مى ساڵى 2017 بوو، كه‌ ئه‌و كات نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بوو.  ئه‌و دیداره‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ كورد له‌ژێر گوشارێكى گه‌وره‌ى ناوچه‌كه‌ دا بوو. به‌هۆى ئه‌وه‌ى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆى كوردستانى كرد بوو. وڵاتانى ناوچه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ى تووندیان له‌ به‌رانبه‌ر هه‌بوو، بۆیه‌ داوه‌تكردنى نێچیرڤان بارزانى ئه‌و كات رووداوێكى گرنگ بوو.

دیدارى دووه‌مى سه‌رۆك ماكرۆن و سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ ته‌مووزى ساڵى 2019 بوو. ئه‌و كات دیدارێكى فه‌رمى له‌نێوان ماكرۆن و نێچیرڤان بارزانى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

دوا دیداریش له‌ مانگى ئایارى ئه‌مساڵ بوو كه‌ جارێكى تر سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بانگهێشتى فه‌ڕه‌نسا كرا و له‌وێ له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن كۆبووه‌وه‌.

رۆژنامه‌ بیانییه‌كان مامه‌ڵه‌ى ماكرۆن له‌گه‌ڵ كورد به‌ مامه‌ڵه‌ى فڕه‌نسوا میته‌رانى سه‌رۆكى پێشووترى فه‌ڕه‌نسا ده‌چوێنن، چونكه‌ ماكرۆنیش بایه‌خێكى زۆر به‌ كورد ده‌دات. جیا له‌وه‌یش رۆژنامه‌ بیانییه‌كان له‌وانه‌ عه‌ره‌بى و توركیییه‌كان دركیان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كى تایبه‌تى نێوان نێچیرڤان بارزانى و ماكرۆن كردووه‌.

ئه‌مه‌یش كاتێك به‌دى كرا كه‌ له‌ دووى ئه‌یلوولى ساڵى 2020 ماكرۆن سه‌ردانى به‌غداى كرد، ئه‌و كات ماكرۆن له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كى گشتى كرد، كه‌چى 40 خووله‌ك دیدارێكى دووقۆڵى و تایبه‌تى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى ئه‌نجام دا.

ته‌نانه‌ت ئه‌و كات ئه‌م دیداره‌ ناڕه‌زایی هه‌ندێك له‌ میدیاكانى عه‌ره‌بى و  توركى لێكه‌وته‌وه‌،  له‌وانه‌ رۆژنامه‌ى تورك پرێس ده‌ڵێ، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى به‌غدا ماكرۆن زیاتر له‌ به‌غدا باسى له‌ پاڵپشتى هه‌ولێر كردووه‌".

هه‌ندێك له‌ رۆژنامه‌كانى تر له‌ ماوه‌ى رابردوودا، به‌ شێوه‌یه‌كى بابه‌تیانه‌ شرۆڤه‌ى ئه‌م خاڵه‌یان كردووه‌ و به‌وه‌یان لێكداوه‌ته‌وه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانى هاوشێوه‌ى ماكرۆن، پێیوایه‌ چاره‌سه‌ربوونى زۆربه‌ى كێشه‌كان له‌ سه‌قامگیرى عێراقه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر عێراق سه‌قامگیر بێت ئه‌وا كێشه‌كانى تریش چاره‌سه‌ر ده‌بن، بۆیه‌ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌كاتى دوایین دیدارى نێچیرڤان بارزانى و ماكرۆن نووسیویه‌تى، ئه‌م دوو سه‌رۆكه‌ تاوتوێى چه‌ندان بابه‌تى تایبه‌ت به‌ عێراق و ناوچه‌كه‌یان كردووه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین